پەكەكە لە شنگال دەردەكرێن

:: PM:07:37:23/03/2019 ‌

سبەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كۆ دەبێتەوە و پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستانیش ئاماژە بەوە دەكات كە پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر دەركردنی پەكەكە لە شنگال دەدات.

ئەمڕۆ شەموو 23ی ئادار، شێروان جەمال پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی ڕای گەیاند، هێزەكانی پەكەكە لایەنی عێراقی نین و بوونیان لە شنگال نایاساییە، بۆیە پێویستە ئەو سنوورە جێبهێڵن.

زیاتر گوتی، سبەی لە دانیشتنەكەی پەرلەماندا هاوكات لەگەڵ دەنگدان لەسەر دوورخستنەوەی پارێزگاری نەینەوا و جێگرەكەی لە پۆستەكەیان دەنگیش لەسەر دەركردنی هێزەكانی پەكەكە دەدرێت لەشنگال.

هەروەك ئاماژەی بەوە كرد، پێشنیازەكەی عادل عەبدولمەهدی لەبارەی دوورخستنەوەی پارێزگاری نەینەوا و جێگرەكەی لە پۆستەكەیان بەهۆی ڕووداوەكەی مووسڵەوە گەیشتووەتە پەرلەمان و سبەینێش دەنگی لەسەر دەدرێت.

كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دوابەدوای ئەوە دێت كە ڕۆژی پێنجشەمی ڕابردوو بەلەمێكی گەشتیار لە ناوچەیەكی گەشتیاری مووسڵ وەرگەرا و بەوهۆیەوە 97 كەس گیانیان لەدەستدا، ئیداری شارەكە بەرانبەر بەو ڕووداوە بە كەمتەرخەم دەزانرێ‌ و بڕیاری گۆڕانكاری لەو سنوورە دراوە.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم