باشووری سووریا.. گۆڕەپانی جەنگێكی نهێنی نێوان رووسیا و ئێران

:: PM:07:44:23/03/2019 ‌

سەرەڕای هێوربوونەوەی دۆخەكە لە باشووری سووریا لە دوای كۆنترۆڵكردنەوەی ناوچەكە بەتەواوەتی لەلایەن رژێمی ئەسەدەوە لە مانگی تەمووزی ساڵی رابردوو، لەو ساتەوە ململانێیەكی نهێنی دەسەڵات لە نێوان رووسیا لەلایەك و ئێرانییەكان و حزبوڵای لبنانییەوە لەلایەكی ترەوە هەیە.

ئەو ململانێیەی كە هەیە لەسەر فرەوانخوازی و دەسەڵاتە لە ناوچەكانی باشووری سووریا، بەتایبەتی لە درعا و قنێتڕە كە تا ئێستە رووبەڕووبوونەوەی چەكداری بەخۆیەوە نەبینیوە، ململانێكەیش بۆ راكێشانی كەسایەتی و هێز و هۆزەكانی ئەو ناوچانەیە بۆ كۆكردنەوەی پاڵپشتی زیاترین گەنجی ئەو ناوچانە و رێكخستنیان لە دامەزراوەی سەربازی كە ئەوان پاڵپشتی دەكەن.  

سەرچاوە ئاگەدارەكان لە باشووری سووریا ئاماژە دەكەن كە ئێران هەوڵی راكێشانی زیاترین گەنج دەدات بۆ رێكخستنیان لەو گرووپە چەكداریانەی راستەوخۆ سەرپەرشتیان دەكەن یان لە چوارچێوەی فرقەی چوار كە ماهر ئەسەد برای بەشاڕ ئەسەد سەركردایەتی دەكات، كە ئێران پاڵپشتی تەواوی لێ دەكات. سەرچاوەكان ئاماژە دەكەن كە سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لبنانی تا ئێستە لە چەندان ناوچە لە درعا و قنێتڕە بە پۆشاكی هێزەكانی سووریا خۆیان حەشارداوە و خولی سەربازی بۆ ئەو گەنجانە دەكەنەوە كە تازە رێكیان خستوون.

روونی كردەوە، تا ئێستە هەزار و 500 گەنج چوونەتە ریزەكانی فرقەی چوار لە لایەنگرانی ئەسەد و تایفەی عەلەوی و شیعە و هەندێك لە سوننەكانیش، زیا شامی چالاكی مافناس دەڵێت، بەشێكی زۆر لە گەنجامی باشووری سووریا بەهۆی بێ بژارەییەوە دەچنە ریزەكانی فرقەی چوار و بۆ خۆدەربازكردن لە راوەدوونانیان لەلایەن هێزە تەناهییەكانی سووریاشەوە، چونكە پێشتر ناوی بەشداریكردنیان لە شۆڕش لەسەر هەبوو. جیا لەوەی ئێران پاداشتێكی زۆری دارایی و دەستكەوتی بۆ ئەو گەنجانە فەراهەم كردووە لەوانە مووچەیەكی مانگانەی باش و رێگكرتن لە راوەدوونانی تەناهی و حسێبكردنی ئەو ماوەیە وەك راژەی سەربازی بۆیان.

شامی زیاتر گوتی، ئێستە ئێران لە دوای رێككەوتننی نێودەوڵەتی بۆ دوورخستنەوەی چەكدارانی پاڵپشتیان دەكات بۆ دووری 40 كیلۆمەتر لەو ناوچانەوە، دەستی كردووە بە چوونە ناو دەشتەكان و خۆنزیككردنەوە لە كەسایەتییە كاریگەرەكان لە شار و شارۆكە و گوندەكان لەپێناو دروستكردنی قەوارەی ئاینی و سەربازی لە كوڕانی ناوچەكە كە بە فەرمان و رێنوێنی ئەو كار بكەن.

زیاتر گوتی، لە ساڵانی پێشوو ئێران هەوڵی داوە لیوای 313 پێك بێنێت كە مۆركێكی شیعەی پێوە دیاربوو و ئەندامانیشی تەواو شیعەی درعا بوون و بە هاوشێوەی حزبوڵای لبنان كاریان پێ بكات، هەروەها كاریشی كردووە بۆ بڵاوكردنەوەی شیعەگەرایی لە رێگەی دابینكردنی یارمەتی دارایی بۆ هەژارانی باشوروی سووریا. ئەو چالاكە روونی كردەوە، ساڵانێكە ئێران چالاكییەكانی لە بواری شیعەگەرایی بە ئاشكرا لە چەندان ناوچەی درعا پێڕەو دەكات و هەواڵگریی سووریایش بە روونی لای ئاشكرایە. لەو كاتەی ژمارەی تایفیەی شیعە لە ناوچەكە دەگاتە 20 هەزار كەس لە درعا و تەفس و شێخ مسكین و بەسڕی و شام و ملێحییە. 

ئەو چالاكییەی گەرمەی ئێران لە باشووری سووریا، بەتایبەتی لەدوای كۆنترۆڵكردنەوەی لەلایەن هێزەكانی حكوومەتی سووریاوە، نیگەرانی لای رووسیا دروست كردووە كە خۆی بە تاكە بەرپرس و پارێزەری ناوچەكانی باشووری سووریا دەزانێت، ئەوەیش لە سۆنگەی لێكگەیشتنی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی سنوورەكانی ئیسرائیل و ئوردن لە مەترسی و هەڕەشەكانی ئێران.

سەعد ئەحمەد، ئەفسەری پێشووی سووریا و جیابووەوە دەڵێت، ئەو بەرپرسیارەتییەی كەوتووەتە ئەستۆی رووسیا وای كردووە كە بەدوای هێزێكی هاوتای هێزی سەربازی ئێران لە ناوچەكە بگەڕێت و كار بۆ راكێشانی بەڕەكە لەژێر پێی ئێران بكات ئەگەر بتوانێت. زیاتر گوتی، بۆ ئەو مەبەستە رووسیا پەنای بۆ خستنەڕووی بیرۆكەی فرەوانكردنی فەیلەقی پێنجی سووریا بردووە لە رێگەی راكێشانی ئەندامانی سوننە لەو ناوچانە بۆ ریزەكانی. ئەو فەیلەقەی لە 2016 لە ئەندامانی گرووپە چەكدارەكان و فەرمانبەرە لەكاردوورخراوەكان لە سوننە پێك هاتووە، بەو شێوەی ببێتە ركابەرێكی میلیشیا شیعەكانی ئێران پاڵپشتیان دەكات، لەو كاتەی زۆرینەی فەرماندەكانی بریتین لە تایفەی عەلەوی كە رووسیا پاڵپشتیان دەكات.

بەپێی زانیارییەكان ژمارەی خۆبەخشان لەو فەیلەقە دەگاتە دوو هەزار و 500 كەس كە مووچەیەكی مانگانەی بەرز وەردەگرن دەگاتە زیاتر لە 200 دۆلاری مانگانە، جیا لەوەی لەلایەن هەواڵگری سووریاوە راوەدوو نانرێن. ئەوان لە زۆرینەی ناوچەكانی درعا بڵاوبوونەتەوە و فەرمانیش لە بنكەی سەربازی حمێمیمی رووسی وەردەگرن و لەپاڵ سوپای سووریا بەشداری جەنگ دەكەن. بۆیە وا سەیری ئەوان دەكرێت وەك هێزێكی زەینی رووسی پاڵپشت بۆ ئەسەد.

لای خۆیەوە عسام محەمەد چالاكی راگەیاندن دووپاتی كردەوە كە ململانێی فرەوانكردنی دەسەڵات لە نێوان ئێران و رووسیا لە باشووری سووریا چەند شێوەیەك وەردەگرێت، لە هەوڵەكان لە دوورخستنەوەی یەكتر لە ناوەندی بڕیاردانەوە دەست پێ دەكات تا گەیشتن بە بینینی رۆڵی كارتێكەر بۆ سەر هەست و سۆزی خەڵكی ناوچەكە و راكێشانیان و خۆنزیككردنەوە لێیان و بەكارهێنانیان بەهۆی پێویستیان بە خۆراك و پاراستنی تەناهی تا چارەسەركردنی كێشەكانیان لە رێگەی پاڵەپەستۆ خستنە سەر رژێمی سووریا.

ئەو چالاكە ئاماژەی كرد كە پرۆسەكانی كوشتنی كەسایەتی سەربازی لە دوای كۆنترۆڵكردنەوەی ناوچەكە لەلایەن سوپای سووریاوە بەشێكە لەو جەنگە شاراوەی لە نێوان رووسیا و ئێران بۆ دوورخستنەوەی بەشێك لە فەرماندە سەربازییەكان لە گۆڕەپانی بەربەرەكانی. لەو كاتەی خەڵكی باشوور وا سەیری رووسیا و ئێران دەكەن وەك دوو هێزی داگیركار كە بەزەبری هێز هەوڵی خۆسەپاندن دەدەن و دەستیان هەبووە لە وێرانكردنی ئەو ناوچانە و كوشتنی دەیان كەس.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل