ئۆپۆزسیۆنی جەزائیر پلانی دوای بوتەفلیقە ئاشكرا دەكات

:: PM:08:15:23/03/2019 ‌
هێزە ئۆپۆزسیۆنە جەزائیرییەكان داوا لە عەبدولعەزیز بوتەفلیقە سەرۆكی جەزائیر دەكەن دەست لە پۆستی سەرۆكایەتی بكێشێتەوە و دەستەیەكی سەرۆكایەتی بۆ قۆناغی راگواستن تا ئەنجامدانی هەڵبژاردن پێك بهێنرێت.

خۆپێشاندانی ناڕەزایەتی دژ بە مانەوەی بوتەفلیقە لە جەزائیر بەردەوامی هەیە، ئەمڕۆ شەموو 23ی ئادار/ مارس، هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئەو وڵاتە پێشنیازێكیان خستەڕوو بۆ دەرچوون لە تەنگژە.

بەگوێرەی ناوەڕۆكی پێشنیازەكە، داوا لە عەبدولعەزیز بوتەفلیقە سەرۆكی ئێستەی جەزائیر كراوە كە دەست لە پۆستەكەی بكێشێنێتەوە و لە جێگەی ئەودا دەستەیەك بۆ سەرۆكایەتی جەزائیر هەڵبژێردرێت و ئەركی ئەو دەستەیە ئامادەكاری بێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن.

لە ناوەڕۆكی پێشنیازەكەدا هاتووە كە دەستەكە لە كەسایەتی نیشتمانی پێك بهێنرێت و ئامادەكاری بكەن بۆ هەڵبژاردنی گشتی، ئەوەش لە پێشنیازەكەدا هاتووە كە دەستەكە دەسەڵاتی تەواوی سەرۆك كۆماری هەبێت و لە پێشدا حكوومەتێك پێك بهێنێت بۆ ئیدارەدانی وڵات، پاشان دەستەیەكی نوێ لە كەسانی سەربەخۆ بۆ دەستەی سەربەخۆی هەڵبژاردن دەستنیشان بكات و یاسای هەڵبژاردنیش هەمووار بكاتەوە، هەموو ئەو رێكارانەش لە ماوەی شەش مانگ دەبێت تەواو ببن و ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردن بكرێت.
 
هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی جەزائیر داوایان لە سوپای وڵاتەكەیان كردووە كە بەدەم داواكاری و پێشنیازەكەیان بچن كە داواكاری گەلی جەزائیرییە.

ئەو پێشنیازە لە كاتێكدایە دوێنێ هەینی سەتان هەزار جەزائیری داوای وازهێنانی بوتەفلیقەیان لە پۆستی سەرۆكایەتی كرد، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ هەوڵەكانی بوتەفلیقە بۆ مانەوەی لە پۆستەكەیدا.

گوشاری بەردەوامی خۆپێشاندەران، عەبدولعەزیز بوتەفلیقەی ناچار كرد هەفتەی رابردوو كاندیدبوونی خۆی بۆ ویلایەتی پێنجەم بكشێنێتەوە، بەڵام هێشتا بڕیاری نەداوە واز لە پۆستەكەی دەهێنێت یان نا، ئەو گوتی،/ "تا ئەو كاتەی دەستوور هەمووار دەكرێتەوە لە پۆستەكەم دەمێنمەوە".

شایەنی باسە ئەو هەنگاوەی بوتەفلیقە جارێكی تر بووە هۆی توڕەبوونی خەڵك و ناڕەزایەتییەكان زیاتر بوون و ئێستە داوا دەكەن بوتەفلیقە واز لە دەسەڵاتەكەی بهێنێت.



وشە - فه‌رمان سادق