باشماخ.. لە هەفتەیەكدا 20 هەزار گەشتیار هاتوچۆیان كردووە

:: PM:09:01:23/03/2019 ‌

لە ماوەی هەفتەیەك لە مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ زیاتر لە 20 هەزار گەشتیار لە ئێرانەوە هاتوونە خاكی هەرێم و لە هەرێمیشەوە چوونەتە ئەو وڵاتەوە، بەرپرسانی گەشتوگوزار دەڵێن، پێچەوانەی ساڵانی رابردوو گەشتیارانی ئێران هیچ بڕە پارەكەیان لێ وەرنەگیرا و هەریەكەشیان نزیكەی 100 دۆلاری ئەمەریكیان لە بازاڕەكانی هەرێمدا خەرج كردووە.

مەریوان كەریم، لێپرسراوی هۆبەی راگەیاندن و پێوەندییەكانی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، بە"وشە"ی راگەیاند، ساڵانە وەكو مەرزەكەمان، لە بۆنە و یادەكاندا ئامادەكاری تەواوی خۆمانمان كردووە و بۆ ئەم نەورۆزەش، تەواوی هۆبە و بەشە پێوەندیدارەكانی باشماخ، پێشوازیمان لە گەشتیاران كردووە و رێنوێنیشمان داوەتە ئەو گەشتیارانەی لە هەرێمەوە چوونەتە ئێران.

زیاتر گوتی، ئامانجمان خزمەتكردن و زیادكردنی رێژەی گەشتیارانە و رێژەی گەشتیارانیش دوای لابردنی وەرگرتنی پارەی رسوماتی 25 هەزار دیناری عێراقی لە گەشتیارانی ئێران، رێژەی گەشتیاری ئێران و رۆژهەڵات رووی لە زیادبوون كردووە و تەنیا لە ماوەی یەك هەفتەدا 10 هەزار و 156 گەشتیاری ئێرانی و رۆژهەڵات هاتوونەتە هەرێم و 10 هەزار و 36 گەشتیاریش لە هەرێمەوە سەردانی ئەو وڵاتەیان كردووە.

لای خۆیەوە تۆفیق نووری، شارەزای بواری ئابووری لە پێنجوێن بە"وشە"ی راگەیاند، لەبەرئەوەی بەهای دۆلاری ئەمەریكی لە تمەنی ئێرانی زیاترە و ئێستە لە ناوخۆی ئێراندا، هەر 100 دۆلارێكی ئەمەریكی بەرامبەر بە نزیكەی ملیۆنێك و 400 هەزار تمەنە، ئەو پارەیە بۆ ناوخۆی ئێران زۆرە و پەیداكردنیش ئاسان نییە.

روونی كردەوە، بەپێی زانیاری و بەدواداچوونەكانمان هەر گەشتیارێكی ئێرانی كە هاتووەتە هەرێم توانیویانە بڕی 50 بۆ 100 دۆلاری ئەمەریكی، كە دەكاتە 120 هەزار دیناری عێراقی، لە بازاڕەكانی هەرێمدا خەرج بكەن و ئەوەش بۆ بووژانەوەی باری ئابووری بازارەكانی هەرێم زۆرە.

شایەنی باسە مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ نزیكەی شەش كیلۆمەتر لە شارۆكەی پێنجوێنەوە دوورە و رۆژانە كاروباری بازرگانی و گەشتیاری لە نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران لێوە ئەنجامدەرێت.

پێنجوێن/ رێبین پێنجوێنی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل