پەرلەمانتارێك: تەواوكردنی كابینەی حكوومەتی عێراق دەكەوێتە مانگی داهاتوو

:: PM:09:39:23/03/2019 ‌

پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانی ئیسڵاح دووپاتی كردەوە كە پێوەرەكانی دیاریكردنی كاندیدانی چوار وەزارەتی بەتاڵی كابینەی حكوومەتی عێراق بوونەتە بەربەست لەبەردەم تەواوكردنی كابینەكە و پێشبینی كرد كە تێپەڕاندنی كاندیدانی كابینەی حكوومەت بكەوێتە سەرەتای مانگی نیسانی داهاتوو.

وا لە تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 12ی ئایاری ساڵی رابردوو نزیك دەبینەوە كە تەنگژەیەكی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و تا ئێستەیش یەكلا نەبووەتەوە، تا ئێستە چوار وەزارەتی ئەو حكوومەتە بەتاڵن و هەر ئەوەندەیش نا بەڵكو كارەكانی پەرلەمان بەهۆی دیاری نەكردنی سەرانی لیژنە هەمیشەییەكان و حكوومەتیش پەكیان كەوتووە.

عەباس علێوی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی ئیسڵاح ئەمڕۆ شەموو دووپاتی كردەوە، هێزە سیاسییەكان قۆناخی ناكۆكی سیاسییان لەبارەی كاندیدانەوە تێپەڕاندووە، بەڵام بەربەستی سەرەكی لەبەردەم تەواوكردنی كابینەی حكوومەتی عێراق و نەخستنەڕووی ئەو بابەتە لەناو پەرلەمان لە ماوەی رابردوودا، ناكۆكییە لەسەر پێوەرەكانی دیاریكردنی كاندیدانە كە لەلایەن هێزە سیاسییەكان دیاری كراون.

زیاتر گوتی، بەپێی پێوەرەكان پێویستە ئەو كاندیدانە دوور بن لە پارتە سیاسییەكان و خاوەن ئەزموون و توانستی باش بن بۆ بەڕێوەبردنی وەزارەتەكان و دووپاتی كردەوە كە لە سەرەتای مانگی نیسانی داهاتوو چوار كاندید بۆ وەزارەتە بەتاڵەكان تێپەڕ دەكرێن لە دوای كۆتاهاتنی دیاریكردنی ئەو پێوەرانە و دیاریكردنی كاندیدان و رێككەوتنی كۆتایی لەبارەیانەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل