نەورۆزی ئەمساڵ لەوەی ساڵانی رابردوو بە قەرەباڵغی و هاتنی گەشتیارێكی زیاتر جیا كرایەوە، بە شێوەیەك زۆربەی ناوچەكانی پارێزگای هەڵەبجە پڕ بوون لە گەشتیار و بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری پارێزگای هەڵەبجەش ئاماژەی كرد كە بەپێی تۆمارە بەراییەكان نزیكەی 60 هەزار كەس سەردانی ناوچە گەشتیارییەكانیان كردووە.
ئەمساڵ پارێزگای هەڵەبجە جیاواز لە ساڵان و وەرزەكانی تر و لە بەهاردا شوێنێكی گەشتیاری سەرنجڕاكێشە و لە یەك ڕۆژی ساڵی تازە و بەهاردا ناوچەكانی گوڵپ و باخەكۆن و سەرگەت و نەورۆڵی و یاڵانپێ و ڕیشێن و زەڵم، زۆرترین گەشتیاریان هەبوو.
وەهاب ئەمین، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری پارێزگای هەڵەبجە بە "وشە"ی گوت، بەپێی تۆمارە بەرایی تیمەكانمان لە تەواوی پارێزگای هەڵەبجە كە چاودێری گەشتیاران و ڕێنوێنی پێدوایستی ژینگەیان بەسەردا دابەش دەكەن، نزیكەی 60 هەزار كەس سەردانی ناوچە گەشتیارییەكانیان كردووە و لە سێ رۆژی پشووی جەژنی نەورۆزدا هاتوونەتە ناوەچە گەشتیارییەكانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە.
روونی كردەوە، هەموو شوێنەكانی پارێزگای هەڵەبجە گەشتیار ڕووی لێ كردووە، بەڵام ئەوەی كە زۆر بێ ئەندازە لە چواردەوری پارێزگای هەڵەبجە لە قەراخی دەریاچەی سیروانەوە بۆ ناوچەی نەورۆڵی و باڵامبۆ و شنروێ و هەورامان و چیای سورێن، هەتا پێدەشتەكانی شارەزووریش خەڵك سەیرانی تێدا كردووە ئەوەی زۆرترین ڕێژەی سەیرانكەری تێدا بوو و ناوچەكانی، گوڵپ و باخەكۆن و سەرگەت و نەورۆڵی و یاڵانپێ و ڕیشێن و زەڵم، زۆرترین گەشتیاریان هەبوو.
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری پارێزگای هەڵەبجە ئاماژەی كرد، رێژەیەكی زۆر گەشتیاری عەرەب لە باقووبە و بەسرە و ناوچەكانی خوارووی عێراق هاتوون بۆ گەشت بۆ هاوینەهەواری ئەحمەدئاوە و ناوچە گەشتیارییەكانی تری هەڵەبجە.
جێگەی باسە بەپێی ئامارەكانی گەشتوگوزاری هەڵەبجە، ساڵی رابردوو 30 هەزار كەس لە ناوچە گەشتیارییەكانی پارێزگای هەڵەبجە لەم ڕۆژەدا سەیرانیان كردووە، بەڵام ئەمساڵ ڕێژەكەی زۆر زیادی كردووە بۆ دوو ئەوەندە، كە رەنگە هۆكارێكی بۆ باشبوونی دۆخی دارایی خەڵك و لابردنی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەرانەوە بگەڕێتەوە.
هەڵەبجە/ شەفیق بانیشاری