لە كاتێكدا چاوەڕوان دەكرێت پەرلەمانی عێراق متمانە لە نەوفەل عاكووب وەربگرێتەوە، پارێزگاری نەینەوا دەستی لەكار كشاندەوە و شانەی تەنگژەش بۆ ئیدارەدانی پارێزگاكە دەستنیشان كراوە تا هەڵبژاردنی پارێزگارێكی نوێَ.
خودەیدا خەڵەف، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لەسەر كۆتای ئێزیدییەكان بۆ "وشە" ئاشكرای كرد كە هەریەكە لە موزاحم خەیات سەرۆكی زانكۆی نەینەوا و نەجم جبووری سەركردەی هێزەكانی مووسڵ و حەمەد نامس سەركردەی پۆلیسی مووسڵ، وەك شانەی تەنگژە بۆ ئیدارەدانی مووسڵ لەلایەن عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە دەستانیشان كراون بۆ جێگرتنەوەی پارێزگار و هەردوو یاریدەرەكەی.
خودەیدا لە بارەی هەڵاتنی عاكوب لە مووسڵ بۆ هەولێر و ئامادەكردنی نامەی دەستلەكار كێشانەوەی كە بەپێی زانیارییەكان چاوەڕوان دەكرێت سبەی یەكشەم 24ی ئادار/ مارس، پێش ئەوەی پرسی سەندنەوەی متمانە لێی لە دانیشتنی پەرلەمان بخرێتەڕوو لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی دەستلەكاركێشانەوەی رابگەیەنێت، دەڵێ ئەوەی هەیە هیچ لایەنێكی فەرمی پشتراستی نەكردووەتەوە و پارێزگاری نەینەواش ماڵێكی لە هەولێر هەیە و بەردەوام سەردانی هەولێر دەكات، بۆیە ئەوە راست نییە كە رای كردبێت، بەڵكو بەردەوام سەردانی هەولێر دەكات.
خودەیدا، ئاماژەی بەوەدا كە عاكووب نامەیەكی بۆ عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراق ناردووە و تێیدا باسی لەوە كردووە كە پرسی دەستلەكاركێشانەوەی لە پۆستەكەی بە دەست ئەوە، ئەگەر داوا بكات ئەوا ئامادەیە دەست لە كار بكێشێتەوە.