رووسیا لە بارەی جۆلانەوە هۆشداری دەداتە ئەمەریكا

:: PM:10:14:23/03/2019 ‌
لە كاتێكدا چاوەڕوان دەكرێت سەرۆكی ئەمەریكا لە رۆژانی داهاتوو واژوو لەسەر ناساندنی بەرزاییەكانی جۆلان وەك بەشێك لە خاكی ئیسڕائیل بكات، رووسیا هۆشداری دەدات و دەڵێ بڕیارەكە پڕۆسەی ئاشتەوایی لەبار دەبات كە ئێستە لە نێوان مۆسكۆ و تەلئەبیب هەیە لە بارەی چارەسەری كێشەی نێوان سووریا و ئیسڕائیل.

ئەمڕۆ شەموو 23ی ئادار/ مارس، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بەرزاییەكانی جۆلان، كە بەشێكە لە خاكی سووریا و چەندان ساڵە لەلایەن ئیسڕائیلەوە داگیر كراوە، وەك بەشێك لە خاكی ئیسڕائیلی ناساند و بڕیارەكەی ترەمپ كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، هێزەكانی سوپای ئیسڕائیلیش دەستبەجێ دەستیان بە ئامادەباشی بۆ هەر ئەگەرێك كرد و هێز و جبەخانەی زۆریان بەرەو جۆلان جووڵاند.

وێڕای رەتكردنەوەی بڕیارەكەی ترەمپ لەلایەن بەشێك لە وڵاتانی عەرەبی، رووسیا هۆشداری دا لە لێكەوتە نەرێنییەكانی دانپێدانی ئەمەریكا بەوەی جۆلان بەشێكە لە خاكی ئیسڕائیل، رای گەیاند بڕیارەكەی ئەمەریكا دەبێتە هۆی لەبار بردنی هەوڵەكانی ئاشتەوایی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

میخائیل بوغدانۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوە و نێردەی تایبەتی ڤلادیمێر پووتین، سەرۆكی رووسیا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، رای گەیاند دانپێدانانی ئەمەریكا بەوەی جۆلان بەشێكە لە خاكی ئیسڕائیل، كۆتایی بە هەوڵەكانی ئاشتەوایی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەهێنێت.

زیاتر گوتی، "بڕیارەكەی ترەمپ لە بارەی قودسی رۆژهەڵات و جۆلان كە بەشێكن لە خاكی ئیسڕائیل پووچ و نایاساییە و لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەكان نایەتەوە". روونی كردەوە، "بڕیارەكە نیگەرانی كردووین، ئەمەریكییەكان هەموو ئاسۆیەكی ئاشتەوایی لەنێوان عەرەب و ئیسڕائیل لەناو دەبەن".

بوغدانۆڤ دووپاتی لە هەڵوێستی رووسیا كردەوە كە ئێستە وەك قسەكەری یەكەمی سووریا دادەنێرت و رێككەوتنی لەگەڵ ئیسڕائیل بەستووە كە دژایەتی بەرژەوەندییەكانی یەكتری نەكەن، نێردەی پووتین بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست،  ئاماژەی بەوەدا كە لەگەڵ ئیسڕائیل گفتوگۆیان لەسەر ئاشتەوایی و چارەسەری كێشەی نێوان ئیسڕائیل و سووریا كردووە، دوای ئەویش چارەسەری كێشەی نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستین، بەڵام بڕیارەكەی ترەمپ هەموو هەوڵەكان لەبار دەبات.

داننان بەوەی جۆلان بەشێكە لە خاكی ئیسڕائیل لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا، رۆژی پێنجشەمی رابردوو بوو، كاتێك رای گەیاند كاتی هاتووە دان بەوەدا بنێین كە ئیسڕائیل سەروەری تەواوەتی بەسەر بەرزاییەكانی جۆلان هەیە، بەگوێرەی زانیارییەكانیش رۆژی 25 یان 26ی ئەم مانگە ترەمپ بە فەرمی واژوو لەسەر ناساندنی بەرزاییەكانی جۆلان وەك بەشێك لە خاكی ئیسڕائیل واژوو دەكات.

جێی باسە بەرزاییەكانی جۆلان لە ساڵی 1967ەوە دوای شەڕی لەگەڵ سووریا و میسڕ و عێراق، لەلایەن ئیسڕائیلەوە داگیر كراوە، ئەگەرچی نەتەوە یەكگرتووەكان و یەكێتیی ئەوروپا و كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی دژی ئەو داگیركارییەی ئیسڕائیل وەستاونەتەوە، بەڵام ئەو وڵاتە پێداگیرە لە هەڵوێستی خۆی و ئامادە نییە بەرزاییەكانی جۆلان چۆڵ بكات.



وشە - فه‌رمان سادق