ترەمپ: تەواوی خاكی عێراق و سووریامان ئازاد كردەوە

:: PM:11:01:23/03/2019 ‌

دوای راگەیاندنی سەركەوتنی سەربازی بەسەر داعش و ئازادكردنەوەی باغووز دوا پێگەی ژێر دەسەڵاتی داعش لە سووریا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا دووپاتی كردەوە كە وڵاتەكەی لە بەرانبەر رێكخراوی داعش وریا دەمێنێتەوە لە هەر ناوچەیەك چالاك بێتەوە لە رووبەڕووبوونەوەی بەردەوام دەبێت تا كۆتاهاتنی.

زیاتر گوتی، 100% ئەو خاكەی بە دەستی رێكخراوی داعش بوو لە عێراق و سووریا بە هاوكاری هاوپەیمانان ئازاد كراونەتەوە و ئەو لە بەیاننامەیەكی كۆشكی سپی ئەمڕۆ شەموو روونی كردەوە، خۆشحاڵم رای بگەیەنم كە ئەمەریكا بە پاڵپشتی هاوپەیمانانی هەموو ناوچەكانی ژێر دەستی داعشیان ئازاد كردووەتەوە.

لای خۆیەوە مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا رای گەیاند كە تا ئێستە زۆرشت لەبەردەم ئەمەریكا ماوە بیكات، سەرەڕای راگەیاندنی شكستی داعش، ولیام رووباك، جێگری نێردراوی تایبەتی ئەمەریكا بۆ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش گوتی، كۆتاهاتنی خیلافەت رووداوێكی یەكلاكەرەوەیە لە جەنگی دژ بە داعش و بەو بۆنەیە پیرۆزبایی لە گەلی سووریا و هەسەدە دەكەین بۆ ئەو سەركەوتنە.

زیاتر گوتی، ئەوەی رووی دا گورزێكی ستراتیجی بوو بۆ رێكخراوەكە، بەڵام جەنگەكە كۆتایی نەهاتووە و تا ئێستە كاری زۆرمان لەپێشە بۆ شكستهێنانی یەكجارەكی و داعش وەك هەڕەشەیەكی گەورە ماوەتەوە.

تیریزا مای، سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا رای گەیاند كە شكستی داعش وەرچەرخانێكی مێژووییە و سلاو لە ئازایەتی هێزەكانی بەریتانیا و هاوپەیمانەكانی دەنێرم كە لە بەرانبەر داعش لە سووریا و عێراق جەنگان، بەڵام نابێت لە هەڕەشەكانی داعش بێ ئاگا بین و پێویستە هەموو شتێك بكەین بۆ پاراستنی گەلی بەریتانیا و هاوپەیمانەكانی.

ئیمانوێل ماكڕۆن سەرۆكی فڕەنسا لە تویتێك لەو بارەوە نووسیەتی، مەترسییەكی گەورە لەسەر وڵاتەكەمان لاكەوت، بەڵام هەڕەشەكە هەر ماوە، بۆیە پێویستە جەنگ لە دژی گرووپە تیرۆریستییەكان بەردەوام بێت.

ئەمڕۆ شەموو هێزەكانی سووریای دیموكرات بە پاڵپشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش كۆنترۆڵكردنەوەی تەواوی باغووزیان وەك دوا پێگەی رێكخراوی داعش لە سووریا راگەیاند و  لە ئاهەنگێكی گەورە بەبۆنەی سەركەوتن بەسەر رێكخراوەكە هەسەدە رای گەیاند كە لە ئۆپراسیۆنە سەربازی و تەناهییەكانی لە دژی شانە نوستووەكانی رێكخراوەكە بەردەوام دەبێت.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل