هەڵوێستی یەكێتی و پارتی لەسەر وەرگرتنەوەی متمانە لە پارێزگاری نەینەوا

:: PM:11:17:23/03/2019 ‌

بڕیارە سبەی یەكشەم ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دوورخستنەوەی پارێزگاری نەینەوا بخاتە دەنگدانەوە و فراكسیۆنی پارتی یەكێتی هەڵوێستی خۆیان لەسەر دورخستنەوەی پارێزگاری نەینەوا ئاشكرا دەكەن.

ناسر یووسف, ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەمڕۆ شەموو بە "وشە"ی راگەیاند, سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە بارەی ئەو رووداوەی بەسەر نەینەوا هات كە زیاتر لە 100 كەس خنكان, داوای لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كردووە دورخستنەوەی پارێزگاری نەینەوا بخرێتە دەنگدانەوە.

زیاتر گوتی, سبەی یەكشەم ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەو پرسە دەخاتە دەنگدانەوە و دەنگ لەسەر دوورخستنەوەی پارێزگاری نەینەوا دەدات. لە بارەی هەڵوێستی فراكسیۆنی پارتی دووپاتی كردەوە كە پارتی حزبێكی دیموكراتە و رای جیاواز هەیە، بۆیە ئەندامەكانی ئازادن چۆن دەنگ دەدەن بەو پرسە.

لای خۆیەوە شیروان میرزا, ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند, پێشتریش قسە هەبوو كە گوایە پارێزگاری نەینەوا كەسێكی كەمتەرخەمە, هەروەها هاووڵاتییانی پارێزگاكە داوای دوورخستنەوەیان دەكرد.

زیاتر گوتی, بۆ ڕێزگرتنی رای هاووڵاتییانی ناوچەكە، سبەی فراكسیۆنی یەكێتی دەنگ بە دوورخستنەوەی پارێزگاری نەینەوا دەدات.

هەفتەی رابردوو لە رووداوێكی دڵتەزێندا زیاتر لە 100 هاووڵاتی مووسڵ كە زۆرینەیان ژن و منداڵ بوون لە كاتی نقوومبوونی بەلەمێكی گەشتیاری لە رووباری دجلە گیانیان لەدەست دا، یەكێك لە كاردانەكانی ئەو رووداوە بەرپرسیارەتییەكەی خرایە ئەستۆی نەوفەل عاگووب پارێزگاری نەینەوا بە هۆی كەمتەرخەمی و گەندەڵییەكانی لێك درایەوە، كاتێك بەر لە رووداوەكە و بەمدواییە هەڵمەتێكی بەهێز لەلایەن نەیارانی سیاسی عاگووب دەستی پێ كردبوو بۆ لێخستنی. 

سلێمانی/ هۆشیار عەلی





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل