كۆنتڕۆڵی ئاوی بەنداوەكان لە دەست دەردەچێ

:: PM:04:21:26/03/2019 ‌
سەرۆكایەتی شارەوانی دۆكان ئاگەداری هاووڵاتییان دەكاتەوە كە لە سەعاتی سفر ئاو لە بەنداوەكە دەردەچێت و "كۆنتڕۆڵی ئاویش لە دەستمان نامێنێت ئاو بەخۆی بەردەبێت".

ئەمڕۆ سێشەم 26ـی ئادار، لە ئاگەدارییەكی سەرۆكایەتی شارەوانی دۆكان هاتووە، ئاگەداری هاووڵاتیان و خاوەن چێشتخانە و ڤێلا و خانوو كەپر و باخ و سەرجەم ئەو پڕۆژە گەشتیاری و بازرگانیانەی سنووری شارەوانیمان كە دەكەونە سەر زێی بچووك دەكەینەوە كە ئاماژە بە نووسراوی بەڕێوەبەرایەتی بەنداوی دۆكان / كارگێڕی ژمارە / ١٢٨ باس لە زەرەرو زیان گەیاندن دەكات لە موڵك و ماڵ و پڕۆژە و كشتوكاڵ لە كاتی بەردانەوەی ئاوی دەریاچەی دۆكان.

لەبەشێكی ئاگەدارییەكە ئاماژە دراوە، ئێستە بەرچاو ڕوونە و ئاستی ئاوی بەنداوی دۆكان بەردەوام لە بەرزبوونەوە دایە ئەگەرە كەشناسییەكان ئاماژە بە بوونی بارانێكی زۆر دەكات تا كۆتایی وەرزی خەزن كە ٢٠١٩/٥/٣١ تەواو دەبێت لەوانەیە لە كاتی سفردا كە تا ئێستە نەزاندراوە، پێوەستە بە بڕی ئاوی هاتوو بۆ دەریاچەكە و لە دەست بەكاركردنی ئێمە دەردەچێت بە ویستی سروشت ئاو لە بەنداو و دامەزراوەكانی بێ كۆنتڕۆڵ دەردەچێت.

لە كۆتایی ئاگەدارییەكە باسكراوە، سەرۆكایەتی شارەوانی ئاگەداری گشت لایەك دەكات لە ناوچەی قەدەغەكراو ڕۆخی زێی بچووك خۆتان بە دوور بگرن لەو پێشهات و گۆڕانكاریانەی ڕوودەدات لە كاتی بەرزبوونەوەی ئاوی زێیەكە، چونكە مەترسییەكی زۆر دروست دەكات بۆسەر موڵك و ماڵ و ژیانتان.
 



وشە - رامیار جەواد