ئازاد جوندیانی سیاسه‌توانی ناسراوی كوردستان رای ده‌گه‌یه‌نێت كه خه‌ڵك و هێزه سیاسییه‌كان له كوردستان تێگه‌یشتنیان بۆ پرسه‌كان له رووی میزاج و عه‌قڵییه‌وه په‌ره‌ى سه‌ندووه، ئه‌و عه‌قڵه‌ی هه‌ر خه‌ریكی رووخاندن بوو، ئێسته به‌رنامه‌ى بنیاتنانی هه‌یه.
جوندیانی له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا، وه‌ڵامی پرسه‌كانی پێوه‌ند به پێكهێنانی كابینه‌ى نوێی حكوومه‌ت و دۆخی ئۆپۆزسیۆن و چاكسازی له كوردستان و ناوخۆی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانیش ده‌كات. دووپاتی ده‌كاته‌وه "تا كۆنگره نه‌كرێت، یه‌كێتی نابێته خاوه‌نی ناوه‌ندی بڕیار".
دواى هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، گۆڕانكاریی زۆر روویان داوه، ئێوه چۆن ئه‌و گۆڕانكارییانه هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟
ئه‌و قۆناغه‌ی به‌رده‌ممان بۆ كوردستان گۆڕانی زۆری له‌گه‌ڵ خۆیدا هێناوه، یه‌كێك له‌وانه ساڵى رابردوو به‌شێك له حزبه‌كان و به‌شێك له میدیاكان داوای رووخاندنى ئه‌و حكوومه‌ته‌ى ئێسته و دروستكردنى حكوومه‌تی رزگاری نیشتمانی‌یان ده‌كرد، به‌ڵام دوای هه‌ڵبژاردن، خه‌ڵك و حزبه‌كانیش داوا ده‌كه‌ن په‌له بكرێت له پێكهێنانی حكوومه‌ت، به پارتى ده‌ڵێن بۆ په‌له ناكه‌ی بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت و دانوستاندن، ئه‌م په‌ره‌سه‌ندنه كه پێشتر پێم وابوو میزاج گۆڕاوه، به‌ڵام ئێسته ورده ورده ده‌رده‌كه‌وێت عه‌قڵیش گۆڕاوه. ئه‌و عه‌قڵه‌ی پێشتر هه‌ر خه‌ریكی رووخاندن بوو، هاوكات به‌رنامه‌ی رووخاندنى هه‌بوو، ئێسته به‌رنامه‌ى بنیاتنانی هه‌یه.
له‌م گۆڕانكارییه‌دا ده‌بێت پارتى، ئه‌گه‌ر یه‌كێتیشی بخه‌مه پاڵ و گۆڕانیش چووه‌ته ناو حكوومه‌ت، ده‌بێت قازانج بكه‌ن، ئه‌مه به‌كار بێنن بۆ هه‌نگاونان بۆ به‌ره‌وپێشچوون. ده‌بێت له‌و په‌ره‌سه‌ندنه بگه‌ین و بۆچی رووی داوه؟ چونكه ساڵانی پێشتر خه‌ڵك له خۆپێشاندانه‌كان و ئۆپۆزسیۆنیش به دروشمی قه‌به قه‌به ده‌هاتنه سه‌ر شه‌قام و داواكارییان هه‌بوو، به‌شێك له دۆخی ئه‌وكات ئێسته‌یش ماوه، به‌ڵام خه‌ڵك نایه‌ته سه‌ر شه‌قام، به‌ڵكو ده‌یانه‌وێ حكوومه‌ت هه‌بێت و ده‌ستبه‌كار ببێته‌وه، بۆیه ئه‌وه نیشانه‌ى گۆڕانكاری عه‌قڵییه له كوردستان و ده‌بێت به‌كار بهێنرێت بۆ ئه‌وه‌ى په‌ره‌سه‌ندنی تریش له كوردستان روو بدات.
پێوه‌ند به پارتی، پێت وایه سوودی له‌م ده‌رفه‌ته وه‌رگرتووه؟
هه‌وڵی زۆر ده‌دات سوود له‌و په‌ره‌سه‌ندنى گۆڕینه عه‌قڵییه وه‌ربگرێت له رێى پرۆسه‌ى دیموكراسی و حوكمڕانی و قازانج بكات، به‌و پێیه‌ى زۆرینه‌ى كورسییه‌كانی هه‌یه و حكوومه‌ت پێكدێنێت، به‌رنامه‌ی بۆ ئه‌و سوودوه‌رگرتنه هه‌یه.
پێوه‌ند به یه‌كێتی كه كێشه‌ى ناوه‌ندی بڕیاری هه‌یه، پێت وایه چۆن ده‌توانێ سوود له‌و په‌ره‌سه‌ندنه وه‌ربگرێت؟
نازانم چی كردووه، یه‌كێتی ده‌بێت له‌گه‌ڵ پارتى رێككه‌وتن بكات بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت، ئه‌گه‌رچی ویستى گرێوگۆڵ بخاته به‌رده‌م پرۆسه‌ى رێككه‌وتنه‌كه كه زیاتر یارییه‌كی سیاسی بوو نه‌ك پرسێكی رژد، به‌ڵام ده‌بێت یه‌كێتی هاوكاری زیاتری ئه‌و پرۆسه‌یه بكات، چونكه له قازانجیدایه به هاوكاری له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی حوكمڕانی كه‌ڵك له‌و په‌ره‌سه‌ندنانه وه‌ربگرێت. به‌ڵام لێدوانه‌كه‌ى له‌تیف شێخ عومه‌ر گوته‌بێژی یه‌كێتی كه ده‌ڵێت یه‌كێتی بڕیاری نه‌داوه پۆستى سه‌رۆكی په‌رله‌مان وه‌ربگرێت، نازانم مه‌به‌ستى له‌م باڵۆنه چییه.
به‌ر له‌وه‌ى قسه له‌سه‌ر باڵۆنه‌كه‌ی یه‌كێتی بكه‌م، ده‌مه‌وێ بپرسم به خوێندنه‌وه‌ت بۆ پرۆسه‌ى دانوستاندنه‌كانی پێكهێنانی حكوومه‌ت، ده‌رده‌كه‌وێ هه‌ندێك لایه‌ن هێشتا هه‌زمی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنیان نه‌كردووه، به‌تایبه‌ت یه‌كێتیی؟
دواجار پێم وایه پارتى و یه‌كێتی و گۆڕان به‌یه‌كه‌وه به‌شدار ده‌بن له پرۆسه‌ى پێكهێنانی حكوومه‌ت و ناچار ده‌بن پشت بكه‌نه واقیعی 10 ساڵ پێش ئێسته، حزبی سه‌ركه‌وتوو ئه‌وه‌یه له‌گه‌ڵ واقیعی ئێسته مامه‌ڵه بكات ئه‌گه‌رچی مێژوو ره‌ش ناكرێته‌وه.
ئه‌گه‌ر باڵۆنه‌كه‌ی گوته‌بێژی یه‌كێتی به پرسیاره‌كه‌وه ببه‌ستمه‌وه، چ خوێندنه‌وه‌یه‌كت بۆی هه‌یه، ئه‌مه ته‌گه‌ره‌یه‌كی تر نابێت بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت؟
یه‌كێتی هه‌زمی ئه‌و واقیعه ده‌كات، ده‌بوو له‌تیف شێخ عومه‌ر ئه‌و لێدوانه‌ى نه‌دایه، چونكه له‌گه‌ڵ پارتى له‌ماوه‌ى رابردوو هه‌نگاوی باش رۆیشتوونه‌ته پێشه‌وه و بووه‌ته ئه‌لته‌رناتیڤی رێككه‌وتنی ستراتیجی، ئه‌گه‌ر قسه‌كه‌یشی له‌به‌ر ئیعتبارێكی ناوخۆی حزبیش بووبێت، نه‌ده‌بوو گوته‌بێژی فه‌رمی یه‌كێتی ئه‌و قسه‌یه بكات، هه‌ر كادرێكی تر ئه‌و قسه‌یه‌ی بكردایه كێشه‌یه‌ك نه‌ده‌بوو.
كه‌واته چی له پشته‌وه‌ی باڵۆنه‌كه هه‌یه، باڵۆنه‌كه بۆ پارتى بوو یان ململانێی ناوخۆی یه‌كێتی؟
به‌وه‌ی ئاگاداری ورده‌كاری پێوه‌ندییه‌كانی نێوان پارتى و یه‌كێتی نیم، منیش هه‌مان پرسیارم هه‌یه. به‌ڵام بۆ پارتى نه‌بووه، ره‌نگه بۆ هه‌ندێك پرسی تایبه‌ت به خۆیان بێت نه‌ك ململانێ، چونكه هیوادارم ململانێ له‌ناو یه‌كێتی نه‌بێت. بۆیه ده‌ڵێم بۆ ناوخۆی یه‌كێتی، چونكه هێشتا پارتى و گۆڕان و لایه‌نه‌كانی تریش كاردانه‌وه‌یان نه‌بووه.
باڵۆنه‌كه‌ی گوته‌بێژی یه‌كێتی له كاتێكدایه رێواس فایه‌ق و بێگه‌رد تاڵه‌تى كاندیدی یه‌كێتین بۆ پۆستى سه‌رۆكى په‌رله‌مان، كه‌واته ته‌گه‌ره بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت دروست ناكات؟
واى نابینم، تا ئه‌وكاته‌ى كاردانه‌وه‌ی توند له‌لای پارتى و گۆڕان نه‌بێت وه‌ك لایه‌نێكی به‌شدار له حكوومه‌ت، ئه‌گه‌ر كاردانه‌وه نه‌بوو، ئه‌و لێدوانه به‌ڕێزه‌وه به‌ڕێ ده‌كرێت.
كه‌واته نه‌بوونى ناوه‌ندی بڕیار چه‌نده زیانی له یه‌كێتی داوه؟
له هه‌موو حزبێكدا نه‌بوونى ناوه‌ندی بڕیار زیانی لێ ده‌كه‌وێته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه ئێسته له‌ناو یه‌كێتی هه‌یه و پێشتریش له ساڵی رابردوو له‌ناو گۆڕان هه‌بوو، به‌ڵام توانییان به‌سه‌ریدا زاڵ بن و ئه‌گه‌ر بۆچوونه جیاوازه‌كان ئێسته‌یش هه‌بن، ئه‌وا سه‌ركردایه‌تى گۆڕان روونتر سیاسه‌ت ده‌كات و به‌دواى شه‌ڕه قسه و موزایه‌ده‌ى ناوخۆ نه‌كه‌وتووه.
یه‌كێتی دواى مام جه‌لال كێشه‌ی بڕیاری هه‌یه، وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی پێشتری ئه‌و حزبه چاره‌سه‌ر چییه، چۆن ده‌كرێت چاره‌ی ئه‌وه بكه‌ن؟
چاره‌سه‌ر به‌ستنی كۆنگره‌یه، له‌وه زیاتر ناتوانم قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌م.
له نێوان 2013 و 2019، دوو رێككه‌وتن له نێوان گۆڕان و پارتى كرا، له‌وه‌ى یه‌كه‌م شكستى هێنا، خوێندنه‌وه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی ئێسته چییه؟
پێم وایه گۆڕان ئه‌زموون و تێگه‌یشتنێكی باشی بۆ پرسه‌كان هه‌یه، هه‌روه‌ها یه‌كێتیش كه ئه‌وكات منیش له‌وێ بووم، به په‌ڕگیرییه‌وه پێداگیریمان له پێكهێنانی حكوومه‌تی بنكه‌فراوان ده‌كرد. چ ئه‌و یارییه‌ى ئه‌وكات سه‌ركردایه‌تى پارتى ده‌یكرد بۆ راكێشانی گۆڕان تا یه‌كێتی به جۆرێكی تر ناچار بێت بێته‌وه ناو یارییه‌كه، هه‌مووان ئه‌زموونیان وه‌رگرتووه. هیوادارم ئه‌مجاره كه گۆڕان و یه‌كێتی له حكوومه‌تن به كرده‌یی به‌شدار بن له حكوومه‌ت، نه‌ك قاچێك له ئۆپۆزسیۆن و قاچێكیش له حكوومه‌ت بێت، وه‌زیره‌كان كاتێك له حكوومه‌تن حوكمڕانی ده‌كه‌ن و كاتێكیش ده‌چنه‌وه ماڵ ببنه‌وه ئۆپۆزسیۆن، ده‌بێت ئه‌و حاڵه‌ته به‌كۆتا بێت.
له‌وه‌ى باسم كرد گۆڕان ئه‌زموونی باشی هه‌یه و ناكرێ زۆریش گوشاری بخرێته سه‌ر، چونكه له ناوخۆیدا ته‌نگژه و كێشه و كێشمه‌كێشى زۆری هه‌یه، پێم وایه ده‌بێت جۆرێك هاوكار بین له‌گه‌ڵیان تا له به‌شداریكردن له حكوومه‌ت سه‌ركه‌وتوو بن وه‌ك له په‌رله‌مان كارا و ئه‌رێنی بوون له ماوه‌ى رابردوودا.
باشه ئه‌گه‌ر پرسیار له‌سه‌ر چاكسازی بكه‌م، له كابینه‌ى رابردوو پارتى زۆر قسه‌ى له‌سه‌ر چاكسازی ده‌كرد و لیژنه‌ى بۆ پێكهێنا، ئێسته ئه‌و حزبه زۆرینه‌یه و ده‌توانێ له په‌رله‌مان یاسا ده‌ربكات و له حكوومه‌تیش جێبه‌جێی بكات، ده‌توانێ چاكسازی بكات كه به‌رنامه‌ی هه‌ڵبژاردنیشی بوو؟
چاكسازی چ وه‌ك چه‌مك و چ وه‌ك به‌رنامه، ده‌بێ پێداچوونه‌وه‌ی بۆ بكرێت و له موزایه‌ده‌ی سیاسی رزگار بكرێت، ئه‌مه‌ش ده‌بێت له به‌رنامه و پلانه‌كه ره‌نگ بداته‌وه تا ده‌گات به جێبه‌جێكردنه‌كه‌ی.
چاكسازی لاى هه‌ندێك خه‌ڵك بریتییه له‌وه‌ى هه‌رچی له حكوومه‌ته ده‌ری بكه‌یت، لاى هه‌ندێكیش ئه‌وه‌یه هه‌رچی دوو قرۆشی له تۆ زیاتره لێی وه‌ربگریته‌وه، به‌ڵام چاكسازی بریتییه له نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی دارایی و ئیداری كه هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌ى گرتووه‌ته‌وه، بۆ نموونه وه‌رگرتنی به‌رتیل له نۆڕینگه‌ى پزیشكێك بۆ پێشخستنی نۆره‌ى نه‌خۆشێك له‌سه‌ر حیسابی ئه‌وانیتر، مه‌به‌ستمه بڵێم گه‌نده‌ڵی گه‌یشتووه‌ته هه‌موو جومگه‌كانی حكوومه‌ت، ته‌نانه‌ت باس له‌وه ده‌كرێت په‌رله‌مانتارانی خولی پێشتر پاره‌ى كاره‌بای ئه‌و خانووانه‌یان نه‌داوه كه هی په‌رله‌مانه، نازانم ئه‌وه چه‌ند راسته.
بۆیه چاكسازی پرۆسه‌یه‌كی ورد و ئاڵۆزه و ته‌نیا به نیاز ناكرێت، ده‌بێت به به‌رنامه‌یه‌كی ورد ئه‌نجام بدرێت نه‌ك پرۆسه‌یه‌كی میكانیكی كوژاندنه‌وه و هه‌ڵگیرساندنى گڵۆپێك بێت.
مه‌به‌ستى من له پرسیاره‌كه زیاتر ئه‌وه‌یه پارتى به‌و پێیه‌ى هێزی زۆرینه‌یه، خۆ ئه‌وه روونه ره‌نگه پێشتر موجامه‌له یه‌كێك بووبێت له ته‌گه‌ره‌كانی به‌رده‌م چاكسازی، جا چ موجامه‌له‌ی حزبێك بووبێت یان به‌رپرسێك، كه‌واته كاتى نه‌هاتووه چاكسازییه‌كه بكرێت بێ موجامه‌له و خاترانه؟
چاكسازی ده‌بێت ئه‌وانه‌ى به‌شدارن له حكوومه‌ت ره‌زامه‌ند بن له‌سه‌ر به‌رنامه‌یه‌ك و حكوومه‌ت جێبه‌جێی بكات، لیسته‌كانی په‌رله‌مانیش ده‌بێت هاوكار بن بۆ جێبه‌جێكردنه‌كه‌ی، جگه له‌وه‌ی باسم كرد له دیدی من به‌مجۆره نه‌كرێت، ئه‌وا له جیاتى ئه‌وه‌ى ببێت به‌هۆی كۆكردنه‌وه‌ى خه‌ڵكی كوردستان و لایه‌نه سیاسییه‌كان و فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مان، ده‌بێته هۆی په‌رتبوونیان، بۆیه ئه‌گه‌ر بڕیاره باسكردنى چاكسازی جارێكی تر ببێته هۆی په‌رتكردنى خه‌ڵكی كوردستان به‌ناوی چاكسازی یان له په‌نای چاكسازی، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نیم بكرێت، له پاڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا چاكسازی به رۆژێك و ساڵێك ناكرێت، به‌ڵكو پرۆسه‌یه‌كی به‌رده‌وامه.
له دیدی ئێوه‌وه دیارترین ئه‌و سێكته‌رانه‌ى ده‌بێت ئه‌وله‌ویه‌ت بن چین؟
ئه‌وه‌ى دیاره ده‌ڵێن له سێكته‌ری داهات و نه‌وت بكرێت، خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌وانه له حكوومه‌ت وه‌ربگریته‌وه، هیچی تری نامێنێته‌وه، كه‌واته ده‌بێ له به‌رنامه‌كه ئه‌وله‌ویه‌تیش ده‌ستنیشان بكرێت.
له هه‌مووی گرنگتر له دیدی منه‌وه، ده‌بێ چاكسازی له موزایه‌ده‌ى سیاسی بهێنرێته ده‌ره‌وه، كوردستان گیرۆده‌ى موزایه‌ده‌ى سیاسییه، نابێ فراكسیۆنى ئه‌لیف كه ده‌چێته په‌رله‌مان دوای سوێندخواردنی بیر له چوار ساڵی تر و هه‌ڵبژاردن بكاته‌وه و یه‌كێك قسه‌یه‌كی كرد، ئه‌و هه‌وڵ بدا له‌و زیاتر بكات، به ڕاستى پێویسته په‌رله‌مانتارانمان واز له موزایه‌ده بێنن و سه‌رقاڵی ده‌ركردنى یاسا و چاودێری حكوومه‌ت بن.
له‌سه‌ر ئه‌زموونی ئۆپۆزسیۆن له كوردستان، له‌گه‌ڵ دروستبوونى بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان زیاتر ده‌نگی به‌رز بوو، ئێسته قسه له‌سه‌ر شكستى ئۆپۆزسیۆنه، به بۆچوونی ئێوه هۆی چی بوو ئۆپۆزسیۆن شكستى هێنا؟
بێ ناوهێنان نه مه‌جدی ئۆپۆزسیۆن ده‌ده‌م به گۆڕان و نه ئۆپۆزسیۆنێكی سه‌قه‌تیش. ئه‌و ئۆپۆزسیۆنه‌ی له كوردستان هه‌بوو ئۆپۆزسیۆنێكی سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو، با پێم بڵێن له كام خاڵدا توانی ئاراسته‌ى حوكمڕانی له كوردستان بگۆڕێت، بۆیه ده‌بێت ئه‌وانه‌ى خۆیان به ئۆپۆزسیۆن ده‌زانن به خۆیاندا بچنه‌وه. ئۆپۆزسیۆن ده‌بێت پرۆسه و ئه‌زموونه‌كه به‌ره‌وپێشه‌وه ببه‌ن نه‌ك كاتێك له قازانجیان بوو پرۆسه‌كه شكست پێ بێنن، ئه‌مه‌یشیان به‌ستراوه‌ته‌وه به موزایه‌ده‌ی سیاسی كه هه‌ندێك جار ئه‌وانه‌ى حوكمڕانیش ده‌كه‌ن موزایه‌ده ده‌كه‌ن.
با ئه‌و قسه‌یه‌ش بكه‌م، كوردستان پێویستى به هێزی ئۆپۆزسیۆن و حوكمڕان نییه، پێویستى به هێزی چه‌پ و راست، ئیسلامی و ئه‌نتى ئیسلامی نییه، لای من ده‌بێ له‌سه‌ر بنه‌مای هێزی سه‌ربه‌خۆییخواز و سه‌ربه‌خۆیی نه‌خواز دابه‌شی دوو به‌ره ببین، به‌ره‌كانی تر هه‌موو لاساییكردنه‌وه‌ی وڵاتانی تره كه ئه‌ركه‌كانیان وه‌ك ئێمه نییه و هێشتا ئێمه ئه‌ركی رزگاری نیشتمانیمان ته‌واو نه‌كردووه، له دوو ساڵی رابردوودا له‌لایه‌ن هه‌ر چوار وڵاتی داگیركه‌ری كوردستان، زه‌ربه‌مان خواردووه، به‌داخه‌وه ته‌نانه‌ت ئه‌مه‌ریكا و به‌ریتانیاش.
بۆیه ئه‌گه‌ر من حوكمڕان بم، رێ ناده‌م هێزی ئۆپۆزسیۆن هه‌بێت، یان چه‌پ و راست، یان ئیسلامی و سیكۆلار، ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ی باسم كرد دابه‌ش ببین كه لاى من ئه‌وله‌ویه‌ت سه‌ربه‌خۆییه و لاى سه‌ركرده‌ی تریش وه‌ك كاك مه‌سعوود بارزانی هه‌ر ئه‌وه ئه‌وله‌یه‌ته، كه له‌سه‌ر ئه‌وه رێككه‌وتن كرا، ئاسان ده‌بێت له‌ناو خۆماندا میكانیزمی چۆنیه‌تیى ئیداره‌دانی ناكۆكییه‌كانمان بكه‌ین، به‌ڵام به ئاقاری سه‌ربه‌خۆبوون و دژه سه‌ربه‌خۆ بن.
*
ئه‌گه‌ر من حوكمڕان بم رێ ناده‌م هێزی ئۆپۆزسیۆن هه‌بێت
*
كوردستان پێویستى به هێزی ئۆپۆزسیۆن و حوكمڕان نییه، پێویستى به هێزی چه‌پ و راست، ئیسلامی و ئه‌نتى ئیسلامی نییه، لای من ده‌بێ له‌سه‌ر بنه‌مای هێزی سه‌ربه‌خۆییخواز و سه‌ربه‌خۆیی نه‌خواز دابه‌شی دوو به‌ره ببین.
*
ده‌بێت جۆرێك هاوكار بین له‌گه‌ڵیان گۆڕان تا له به‌شداریكردن له حكوومه‌ت سه‌ركه‌وتوو بن وه‌ك له په‌رله‌مان كارا و ئه‌رێنی بوون له ماوه‌ى رابردوودا.