بەڤیدیۆ.. کۆمساى هەڵتدەپەڕێنێ

:: AM:11:14:03/01/2017 ‌
خانمە گۆرانیبێژى ناسراوى کورد کۆمساى کە لە ماوەیەکی کەمدا هەواداری زۆری بۆ خۆی پەیدا کرد، ئێستە کارى بۆ گۆرانییەکى نوێ و جیاواز کردووە و بەبۆنەى ساڵى تازەی 2017 و وەک خۆی گوتی، پێشکەشە بە "وشە".

کۆمسای بە"وشە"ى راگەیاند کە "دیان تالە Dyan Tala" ناوى نوێترین گۆرانییەتی کە لە تێکستى خۆی و لەگەڵ فۆلکلۆر تێکەڵی کردووە. کارى ئەرەنجى یوونس شوکرى لە ستۆدیۆى تاران ئەنجامی داوە. دووپاتی دەکاتەوە "ئەو گۆرانییە تەواو کوردییە لە بوارى تێکست و موزیک، هەوڵمان داوە زیاتر تامى موزیکى تەپڵ و جوزەلەى پێوە دیار بێ".

زیاتر گوتی "بەرهەمەکە بەگشتى گۆرانییەکى هەڵپەڕکێ و شادە، لەبەرئەوە کارم بۆ ئەو بەرهەمە کرد چونکە هەستم کرد ماوەیەکى زۆرە خەڵک غەمگین بوون بەبۆنەى بارودۆخى خراپی کوردستان، ماوەى چەند ڕۆژێک پێش ئێستە مەبەستم بوو بڵاوى بکەمەوە، بەڵام لەبەر چەند هۆکارێک دوامان خست، گۆرانییەکە هەڵپەرکێیە و ئەمە ستایڵى من نییە، بەڵام مەبەستمە بە جۆری جیاواز خزمەتى هونەرى کوردى بکەم" .

"ماوەى چەند مانگێکیشە کار بۆ بەرهەمێکى نوێی گۆرانى دەکەم، ئەوەیان جیاوازترە لە بەرهەمەکانى پێشووم لەڕووى ستایڵ و کارکردنەوە، بەڵام تا ئێستە ناوم بۆ دانەناوە، شیعر و ئاوازى خۆم دامناوە و گۆرانییەکى خەمینە، چونکە ستایڵەکەى ستایڵێکى زۆر قورسە و ماوەى دوو مانگە کارى بۆ دەکەین لە سوید لەگەڵ ستافێکى فارس کە نیشتەجێی سویدن"، کۆمسای وای گوت. بەڵام ئامادە نەبوو باس لە ناوەڕۆک و چیرۆکی گۆرانییەکە بکات.

وشە/ شاخەوان شێخانى 




وشە - تایبه‌ت