دەرمانێكی مەترسیدار لە كوردستان بڵاو دەبێتەوە

:: AM:09:35:03/04/2019 ‌
بەڕێوەبەرایەتی گشتی كوالێتی كۆنتڕۆڵی دەرمان بڵاو كردووەتەوە كە جۆرە دەرمانێكی لاوازكردنیان دەستبەسەردا گرتووە كە مەترسی گەورە لەسەر تەندروستی بەكارهێنەران دروست دەكات.

ئەمڕۆ چوارشەم سێی نیسان، بەڕێوەبەرایەتی گشتی كۆنتڕۆڵی دەرمانی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردووەتەوە، دەرمانخانەیەك و كۆگایەك داخران و چەندان دەرمانی نایاسایی دەستیان بەسەردا گیرا، لەناو دەرمانە دەستبەسەركراوەكاندا بەرهەمی ساختە و قەدەغەكراوی تێدایە كە زیان و مەترسی گەورە لەسەر بەكارهێنەرانی دروست دەكات.

كوالێتی كۆنتڕۆڵی دەرمان ئاشكرای كردووە، لەناو دەرمانە دەستبەسەركراوەكاندا بەرهەمی ساختە و قەدەغەكراوی لە نموونەی AB SLIM هەیە ، بەرهەمی ساختەی AB SLIM بۆ كێش دابەزاندن ڕێكلامی بۆ دەكرا.

زیاتر ڕوون كراوەتەوە، بەپێی ڕاپۆرتێكی دامەزراوەی خۆراك و دەرمانی ئەمەریكی لە مانگی حوزەیرانی ساڵی پار 2018 هۆشداری لە فرۆشتن و بەكارهێنانی AB SLIM درا، چونكە چەند مادەیەكی زیانبەخش و مەترسیداری تێدایە بریتین لە سیبوتڕامین و فینۆڵفتالین و سێڵدینافیل كە مادەی سیبوتڕامین دەبێتە هۆی نەخۆشییەكانی دڵ و تێكدانی باری دروونی بەكارهێنەر، لە ساڵی 2010ەوە قەدەغە كراوە.

مادەی فینۆڵفتالین دەبێتە هۆی شێرپەنجە، لە ساڵی 1997 ەوە قەدەغە كراوە بۆ مرۆڤ بەكار بهێنرێت سێڵدینافیل مەترسی نەخۆشییەكانی دڵ دروست دەكات.



وشە - رامیار جەواد