رەتی كردەوە سەما بۆ هاوڕێیانی مێردەكەی بكات و سێڵفی لە مردن رزگاری كرد

:: PM:04:53:03/04/2019 ‌
دوای رەتكردنەوەی سەماكردن بۆیان، هاوسەرەكەی لەگەڵ هاوڕێكانی قژی ژنەكەی دەتاشن و دەیسووتێنن و زۆر بە توندیش لێی دەدەن، ئەسما عەزیز دەڵێ، پۆلیس سكاڵای لێ وەرنەگرتووە بەڵام ڤیدیۆیەكی سێڵفی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان فریای كەوتووە و ئێستەش دۆسیەكەی لە دادگایە.

ئەسما عەزیز تەمەن 22 ساڵ، لەلایەن هاوسەرەكەی و هاوڕێیانی زۆر بە توندی لێی دەدرێت پاش ئەوەی رەتی كردەوە سەمایان بۆ بكات. 

رووداوەكە رۆژی دووشەمی رابردوو لە شاری لاهوور لە پاكستان رووی داوە و ئێستە دۆسیەكەی لە دادگای مۆدل تاونە و ماوەی چوار رۆژە هاوسەرەكەی و هاوڕێكانی بە بڕیاری دادگا بەند كراون.

رووداوەكە هەرزوو لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو بووەوە و گەیشتە وەزارەتی مافەكانی مرۆڤی پاكستانی و بڕیاری گرتن بۆ هاوسەری ئەسما دەرچوو.

ئەسما كە دایكی سێ منداڵە وەك خۆی دەڵێ، ماوەی چوار ساڵ و شەش مانگە هاوسەرگیری لەگەڵ فەیسەڵ كردووە، گوتی "لە چوار ساڵی یەكەم فەیسەڵ هیچ كێشەی نەبوو، بەڵام ماوەی شەش مانگە ئاكار و رەفتاری تەواو گۆڕاوە و هاوڕێكانی لەگەڵ خۆی دەهێنێتەوە ماڵ و خواردنەوەی كحوولی دەخۆنەوە و بە زۆر سەما بە من بۆ هاوڕێكانی دەكات". زیاتر گوتی "ئەمجارە رەتم كردەوە ئیتر سەما بۆ هاوڕێكانی بكەن، بەڵام خۆی و هاوڕێكانی هەڵیانكوتایە سەرم و قژیان بڕیم و لە بەردەمم سووتاندیان و تا هێزیان هەبوو لێیان دام، منیش بڕیارم دا سكاڵای لە دژ تۆمار بكەن بەڵام فەیسەڵ پێی گوتم منەتت نازانم".

ئەسما كە خۆی و تیمی پارێزەرانی لە بەردەم دادگا بوون، بەگوێرەی راپۆرتی پزیشكی دادی بێت، ئەوا فەیسەڵ و هاوڕێكانی لێدانێكی زۆر خراپیان لە ئەسما داوە و زۆر جێی جەستەی شكاوە و ئازارێكی زۆریش بەر سنگ و پشتی كەوتووە.

ڤیدیۆكەی ئەسما كە داوای بە هاناوە چوون دەكات، زۆر بە زوویی لە تەواوی پاكستان بڵاو بووەوە، ئەسما لەوێدا دەڵێ ئەوان هەڕەشەی كوشتن و پارچە پارچەكردنی جەستەیان لێ كردووە.

فەیسەڵ كە ئەمڕۆ چوارشەم برایە بەردەم دادوەر بۆ ئەوەی سزای بەسەردا بسەپێنرێت، دەڵێ، ئامادەی هەموو سزا و بڕیارێكم تەنیا یەك سەعات رێی پێ بدەن بۆ میدیا راستی رووداوەكە ئاشكرا بكات، بەڵام دادگا بە داواكەی رازی نەبوو.

ئەسما سكاڵای ئەوە لەسەر پۆلیسی شارەكە تۆمار دەكات كە هانای بۆ بردوون، دەڵێ، داوای پێنج هەزار روپیەیان وەك بەرتیل لێ كردووە بۆ ئەوەی سكاڵاكەی تۆمار بكەن.

زیاتر روونی كردەوە، ناچار بووە ڤیدیۆیەك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو بكاتەوە بۆ ئەوەی خەڵك بە هانایەوە بچن. پێوەند بەو رووداوە نەبیلە غەزنفەر گوتەبێژی پۆلیسی بنجاب دەڵێ، دۆسیەی لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە كراوەتەوە و ئێستە ئەسما لەلایەن پۆلیس پارێزگاری لێ دەكرێت.




وشە - فه‌رمان سادق