موزه‌ییه‌ن گونه‌ش نوێنه‌ری هه‌ده‌په له هه‌رێمی كوردستان، له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا ده‌ستنیشانی هۆكاره‌كانی شكستى هه‌ده‌په له هه‌ڵبژاردنى شاره‌وانی توركیا ده‌كات و پێی وایه، هه‌ندێك پرسی ورد هه‌بووه حیسابی بۆ نه‌كراوه، به‌ڵام ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی خراپ كه‌وته‌وه. رایشیده‌گه‌یه‌نێت كه "پێویسته له‌گه‌ڵ گه‌ل قسه بكرێت و بۆچوونیان هه‌رچی بێت، ده‌بێ جێبه‌جێ بكرێت تا به‌ستنی كۆنگره".
نوێنه‌ری هه‌ده‌په هاوكات دڵخۆشه به شكستى ئه‌ردۆغان به‌تایبه‌ت له ئیستانبوڵ، نایشارێته‌وه زیاتر كاریان بۆ شكستى ئه‌ردۆغان كردووه، ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو كه هاوپه‌یمانی ئاكپارتى و مه‌هه‌په له ناوچه كوردستانییه‌كان و بوونی ساخته‌كاری گه‌وره و به تورككردنى ناوچه كوردستانییه‌كان، كاریگه‌ری هه‌بووه.
دواى هه‌وڵی كوده‌تاكه و سه‌پاندنى قه‌یووم به‌سه‌ر كوردستانی باكور، چاوه‌ڕوان ده‌كرا ده‌نگده‌رانی كورد تۆڵه له ئاكپارتى بكه‌نه‌وه، به‌ڵام ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن وا ده‌رنه‌چوو، هه‌ده‌په شاره‌وانییه‌كی زۆری له ده‌ست دا و ده‌نگیشی كه‌م كرد. له دیدی ئێوه هۆكاره‌كان چین؟
ئاكپارتى له دواى 2016 شه‌ڕی دژ به كورد راگه‌یاندووه، ده‌یویست شه‌ڕی نێوان كورد و تورك به‌رپا ببێت. ئاكپارتى شه‌ڕه‌كه‌ی به‌ناوی ده‌وڵه‌ته‌وه ئه‌نجام دا و به‌و جۆره سیاسه‌تی قڕكردن و پشتگوێخستنی كوردی ده‌ست پێ كرد، ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ هه‌ڵبژاردنى رابردوو، ئه‌گه‌ر جارجاریش بووبێت باسی پرسی گه‌لی كوردی ده‌كرد، به‌ڵام دواى 2016 دۆخه‌كه به جۆرێك گۆڕا كه ئه‌ردۆغان به ئاشكرا ده‌یگوت ئه‌وه‌ى ده‌نگ بداته هه‌ده‌په تیرۆریسته، داوای له خه‌ڵك ده‌كرد ده‌نگ به‌خۆی بده‌ن تا قه‌ندیل له‌ناو ببات یان شنگال داگیر بكات. ئه‌ردۆغان له‌سه‌ر بنه‌مای كوشتنی كورد داوای ده‌نگی له خه‌ڵك ده‌كرد، هیچ كات بیری له‌وه نه‌ده‌كرده‌وه وه‌ك سه‌رۆك كۆمار پێویسته به‌رانبه‌ر به پرسی كوردیش گاڤێك بهاوێژێت.
به كورتى ئه‌ردۆغان سیاسه‌تى هه‌ڕه‌شه و كوشتنی كوردی ده‌ست پێ كرد، بۆ ئه‌مه‌ش هه‌موو دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌تى به‌كار هێنا و میدیا پشتگیری لێ كرد، به‌ڵام ئه‌مه هۆكار نه‌بوو له‌وه‌ی خه‌ڵك ده‌نگ به هه‌ده‌په نه‌دات، به‌پێچه‌وانه‌وه خه‌ڵك دژی سیاسه‌ته‌كانی ئه‌ردۆغان وه‌ستانه‌وه و به خۆبه‌خشی كاریان بۆ هه‌ده‌په كرد.
ئه‌ردۆغان له هه‌ڵبژاردنى رابردوو و له‌وه‌ى ئه‌مجاره‌ش چه‌ند لیستێكی به‌ناوی هێزی كوردی دروست كرد بۆ په‌رتكردنى ده‌نگی كورد، ئه‌گه‌رچی له‌مه‌دا هۆشداریمان دایه خه‌ڵك، به‌ڵام ئه‌نجامه‌كه واكه‌وته‌وه كه هۆشیارییه‌كه‌ی ئێمه باش نه‌بووه و به باشی كارمان نه‌كردووه، ئه‌مه یه‌كێك بوو له هۆكاره‌كانی كه‌مكردنى ده‌نگی هه‌ده‌په.
یه‌كێكی تر له هۆكاره‌كان، ئاكپارتى له‌ناو ماڵباته به‌ناوبانگه‌كانی كوردان له ئاستى عه‌شیره‌تیش كاندیدی دانا و پاره‌ى زۆریشی بۆ خه‌رج كردن، ئه‌گه‌رچی هه‌ده‌په‌یش كاندیدی له‌وان هه‌بوو، به‌ڵام زۆر گوێی به پیلانی ئه‌ردۆغان نه‌دا، ئه‌مه‌ش زیانی له كورد دا، هاوشانی ئه‌وه ئاكپارتى و مه‌هه‌په و ئی پارتى رێككه‌وتنیان له دژی كوردان كرد له ئهغدرو قه‌س و زۆر له باژێڕه‌كان. یه‌كێك له خاڵه‌كانی تر كه كاریگه‌ری زۆری هه‌بوو، به تورككردنى ناوچه كوردییهكانه كه له ساڵى 2004ه‌وه ده‌ستى پێ كردووه، به جۆرێك هه‌رچی سه‌رباز و مامۆستا و پزیشكی ناوچه كوردستانییه‌كان هه‌یه، هه‌مووی كران به تورك و به‌شی زۆریشی ده‌نگده‌ری ئاكپارتین، ئه‌وانه نه‌ك ته‌نیا خۆیان، به‌ڵكو به خێزانه‌وه گواستراونه‌ته‌وه ناوچه كوردستانییه‌كان و له كاتى هه‌ڵبژاردنیشدا خۆیان و ماڵی باوكیشیان له ناوچه كوردستانییه‌كان ده‌نگ ده‌ده‌ن، له‌سه‌ر ئه‌مه‌ش هێشتا ساخته‌كارییان كردووه و له شڕنا‌خ به‌ڵگه هه‌یه هۆڕێكی ئاژه‌ڵان له‌سه‌ری نووسرابوو 13 ده‌نگده‌ری هه‌یه، نزیكه‌ى حه‌وت هه‌زار ده‌نگ به‌مجۆره دراوه، ئاكپارتى كێشه‌ى نییه و خه‌ڵك له شاره توركییه‌كان ده‌هێنێته ناوچه كوردستانییه‌كان تا ده‌نگ بده‌ن.
جگه له‌مه، له هه‌موو ده‌ڤه‌ره‌كانی كوردان ساخته‌كاری زۆر گه‌وره كران، به‌تایبه‌ت له شڕنا‌خ و مووش. به‌ڵگه هه‌یه له شڕنا‌خ سه‌عات شه‌شی به‌یانی بارهه‌ڵگری پڕ له سندووقی ده‌نگدانیان هێناوه بۆ گۆڕینی سندووقه‌كانی ده‌نگدان، ته‌نانه‌ت بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و كاره كاره‌بایان له‌سه‌ر خه‌ڵك بڕی بۆ ماوه‌ی یه‌ك خولهك.
كه‌واته تانه‌تان له ئه‌نجامه‌كه داوه؟
له شڕنا‌خ و مووش سكاڵامان تۆمار كردووه، بڕیاره ئه‌وه‌ى مووش ده‌نگه‌كان دووباره بژمێردرێنه‌وه چونكه ئه‌نجامی تۆماركراوی سه‌ر سندووقه‌كان له‌ناو بنكه‌كاندا جیاوازن له‌گه‌ڵ ئه‌نجامی سندووقه گواستراوه‌كان كه نوێنه‌ری هه‌موو هێزه سیاسییه‌كان واژوویان له‌سه‌ر كردووه. له هه‌ندێك جێی تریش چونكه جیاوازی ده‌نگه‌كان له‌گه‌ڵ ئاكپارتى زۆرن، بڕیارمان داوه سكاڵا تۆمار نه‌كه‌ین.
یه‌كێك له‌و ره‌خنانه‌ى له هه‌ده‌په ده‌گیرێت ئه‌وه‌یه، هێنده سه‌رقاڵ بوون به دژایه‌تیكردنى ئه‌ردۆغان، هێنده خزمه‌تی خه‌ڵكتان له شاره‌وانییه‌كان نه‌كردووه، ئه‌مه‌ش به هۆكارێكی كه‌مكردنی ده‌نگه‌كانتان داده‌نرێت و ئامانجی خۆتان له بیر كردووه كه خزمه‌تكردنى خه‌ڵكه؟
له 2014 شاره‌وانی نوێ هاته هه‌ڵبژاردن، دواتر قه‌یووم هاته پێش و ئاكپارتى ویستى له رێى قه‌یوومه‌كانی خزمه‌تێكی باشی ناوچه كوردستانییه‌كان بكات تا بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه خه‌ڵك ده‌نگ نه‌ده‌نه هه‌ده‌په. هه‌رچی سه‌رۆك شاره‌وانی كورد هه‌یه ئێسته له گرتووخانه‌ن، ئه‌و ویستى ئه‌مجاره بێ قه‌یووم شاره‌وانییه‌كان بباته‌وه تا بڵێ هه‌ده‌په باش خزمه‌تی نه‌كردووه، تا هێنانی قه‌یووم هیچ هاوكارییه‌كی شاره‌وانییه‌كانی كوردی نه‌كرد، به‌ڵام پاره‌یه‌كی زۆری خسته ژێر ده‌ستى قه‌یوومه‌كان تا ئیش بكه‌ن و نیشانی خه‌ڵكی بده‌ن هه‌ده‌په خزمه‌تی نه‌كردووه، ته‌نانه‌ت هه‌رچی موڵكی شاره‌وانییه‌كان هه‌بوو فرۆشتیان، له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا نه‌یتوانی خزمه‌تێكی باش بكات جگه له باتمان نه‌بێت، ئه‌ویش ته‌واوكردنى پڕۆژه‌كانی هه‌ده‌په بوو كه ئامانجی هه‌ره گه‌وره‌ی ئاكپارتى گرتنی باتمان بوو، به‌ڵام شكستی هێنا. بۆیه ناتوانین بڵێین ئه‌مه هۆكار بووه بۆ كه‌مكردنى ده‌نگی هه‌ده‌په.
تایبه‌ت به شڕنا‌خ و ئاگری، له شڕنا‌خ كۆمه‌ڵكوژی رۆبسكی رووی داوه، كه‌چی ئاكپارتیش براوه بوو؟
ئاكپارتى ویستى به بردنه‌وه‌ی شڕنا‌خ به‌هه‌ر ره‌نگێك بێ گورزێك له هه‌ده‌په بدات و بیشكێنێت، به‌ڵگه‌مان هه‌یه ساخته‌كاری گه‌وره كراوه له‌وێ، وه‌ك پێشتر باسی هه‌ندێكیانم كرد، بزانین ئه‌نجامی سكاڵا چی ده‌بێت. پێوه‌ند به ئاگری، پێشتر هه‌ندێك كات به ده‌ست هه‌ده‌په بووه و هه‌ندێك كاتی تریش به ده‌ست ئاكپارتى، چونكه خه‌ڵكی ئاگری به‌تایبه‌ت سه‌نته‌ری شاره‌كه زۆر پێوه‌ستن به ئاینه‌وه، ئه‌مه‌ش هۆی سه‌ره‌كییه.
هه‌ده‌په ناتوانێ خۆی له كه‌موكوڕییه‌كان بشارێته‌وه، كێماسی هه‌یه و ده‌بێ چاره‌سه‌ر بكرێن و حیساب بۆ ورد و درشتى هۆكاره‌كان بكه‌ین، چونكه ئاكپارتى ئیشی له‌سه‌ر عه‌شیره‌ته‌كان كرد كه هه‌ده‌په گرنگی پێ نه‌دا. به‌گشتى ده‌توانم بڵێم هه‌ده‌په گرنگی به هه‌ندێك گرفتى بچووك نه‌ده‌دا كه دواجار ده‌ركه‌وت هه‌ڵه بووین، له‌وانه پێمان وابوو كورد هه‌ر ده‌نگ به هه‌ده‌په ده‌دات، بۆیه كه‌مكردنى ده‌نگی هه‌ده‌په زیاتر پێوه‌ندی به‌وه‌وه هه‌یه نه‌ك سیاسه‌تى دژایه‌تیكردنى ئه‌ردۆغان كه پێمان وایه له مه‌دا راست بووین، به‌ڵام زیاتر كارمان له‌سه‌ر شكستى ئه‌ردۆغان كرد له ئیستانبوڵ نه‌ك ناوچه كوردستانییه‌كان. له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن بۆ كورد باش بوو، به‌تایبه‌ت شكستى ئه‌ردۆغان له ئیستانبوڵ ئه‌و شاره‌ی پێشتر خۆی تێیدا سه‌رۆك شاره‌وانی بووه، بۆیه گرنگی زۆرمان به ئیستانبوڵ دا، چونكه هیچ كات ئه‌و شاره دژی داخوازی كورد نه‌وه‌ستاوه‌ته‌وه.
به‌ڵام ره‌خنه‌یه‌كی تر هه‌یه كه هه‌ده‌په زیاتر چاوی له قه‌ندیله و ناتوانێ بێ قه‌ندیل سیاسه‌ت بكات؟
هه‌وڵێك هه‌یه ده‌یه‌وێ هه‌ده‌په به قه‌ندیل ببه‌سترێته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌تان له‌بیر بێت فه‌لسه‌فه‌ی قه‌ندیل و هه‌ده‌په یه‌كه كه ئه‌ویش هزر و پڕۆژه‌ى ئۆجه‌لانه، ئه‌مه‌ش زیانی له كورد نه‌داوه وه‌ك هه‌ندێك وای بۆ ده‌چن، چونكه ئه‌و كه‌سه‌ی ده‌نگ ده‌دات ده‌پرسێ خه‌تی هه‌ده‌په چییه، ئه‌گه‌ر ئۆجه‌لان نه‌بێت هه‌ده‌په نه‌ده‌بووه حزبی سێیه‌م له توركیا و تاكه حزبیش بوو كه ترسی خستووه‌ته دڵی ئه‌ردۆغانه‌وه، چونكه ئه‌ردۆغان حیساب بۆ هیچ حزبێكی تری توركیا ناكات.
به‌شی زۆری ده‌نگده‌رانی هه‌ده‌په یان منداڵیان له قه‌ندیله یانیش منداڵیان شه‌هیده، جگه له‌وه ئه‌وانه‌یشی نزیكن له هزری ئۆجه‌لانه‌وه ده‌نگ ده‌ده‌ن به هه‌ده‌په. به‌ڵام ئه‌وه راست نییه كه قه‌ندیل هه‌ده‌په ئاراسته ده‌كات و كاندید ده‌ستنیشان ده‌كات، بۆیه ئه‌گه‌ر كه‌موكوڕییه‌ك هه‌بووه له هه‌ڵبژاردن، هه‌ده‌په‌یه نه‌ك قه‌ندیل و ده‌بێ هه‌ده‌په‌ش چاره‌سه‌ری بكات.
كه‌واته چاره‌سه‌ر چییه و ده‌بێ چی بكرێت؟
ئه‌گه‌رچی هه‌موو دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت له ده‌ستى ئاكپارتى بوو بۆ دوژمنایه‌تى كوردان و له‌مه‌شدا میدیای توركیا دژایه‌تى كوردی كرد، پێویسته لێكۆڵینه‌وه له هه‌ڵه و كه‌موكوڕییه‌كان بكرێت و چاك بكرێنه‌وه، قسه له‌گه‌ڵ گه‌ل بكرێت و بۆچوونیان وه‌ربگیرێت، ئه‌نجامی كۆبوونه‌وه‌كانیش چی ده‌ربكه‌وێت، ده‌بێ پێی رازی ببین تا ئاستى به‌ستنی كۆنگره‌ش.
هه‌ده‌په رێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ جه‌هه‌په هه‌بوو به‌تایبه‌ت له ئیستانبوڵ و شاره گه‌وره‌كانی تر، به‌رانبه‌ر به‌وه جه‌هه‌په چی بۆ هه‌ده‌په ده‌كات؟
ئامانجی یه‌كه‌می ئێمه له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا ئه‌وه‌بوو شكست به ئاكپارتى بێنین له‌به‌ر ئه‌ردۆغان، چونكه ئه‌و دوژمنایه‌تى كوردان ده‌كات و هه‌نگاوێك بۆ پرسی ئاشته‌وایی به‌رانبه‌ر به كورد ناوێژێت.
ئێسته ئه‌و ئه‌نجامه‌ی ده‌ركه‌وتووه زۆر گه‌وره‌یه و زۆریش پێی دڵخۆشین، چونكه بۆ یه‌كه‌مجاره ئاكپارتى ده‌شكێت به‌تایبه‌ت له ئیستانبوڵ، چونكه له توركیا كێ له ئیستانبوڵ براوه بێت، ئه‌و هێزێكی گه‌وره‌یه. ئه‌ردۆغانیش یه‌كه‌مجار له ئیستانبوڵ ده‌ركه‌وت و پاشان وه‌ها گه‌وره بوو.
به‌رانبه‌ر به‌و رێككه‌وتنه، جه‌هه‌په له هه‌ندێك شارۆكه‌ی ناو ئیستانبوڵ كاندیدی نه‌بوو، پشتگیری ئێمه‌یان كرد و كاندیدی ئێمه سه‌ركه‌وت، ته‌نانه‌ت له هه‌ندێك جێ كاندیدی ئێمه له‌سه‌ر لیستى جه‌هه‌په خۆی تۆمار كردبوو، ئه‌مه‌مان له هه‌ڵبژاردنى رابردوویش كردووه.
هه‌ست ده‌كه‌م كه باسی شكستى ئه‌ردۆغان ده‌كه‌ی دڵخۆشی و خه‌نده له‌سه‌ر لێوه‌ت ده‌رده‌كه‌وێ، دیاره هێنده گرنگیتان به شكستى ئه‌ردۆغان داوه و پێی دڵخۆشن، هێنده گرنگیتان به ناوچه كوردییه‌كان نه‌داوه كه شكستان تێیدا هێناوه. پێ ده‌چێت له بیرتان كردبێت كه ده‌بێ ئێوه‌ش له ناوچه كوردستانییه‌كان سه‌ربكه‌ون، ته‌نانه‌ت له میدیاكانیشتان خه‌ریكه شكستى خۆتان به شكستى ئه‌ردۆغان په‌رده‌پۆش ده‌كه‌ن؟
راستییه‌كه‌ی ئه‌و سیاسه‌ته بۆ ئێمه زۆر گرنگ بوو، ئه‌و باژێڕانهى له ده‌ستمان داوه هێنده‌ى شكستى ئه‌ردۆغان گرنگ نییه. شكستى ئه‌ردۆغان بۆ داهاتووی كوردان زۆر گرنگه، له ده‌ست ده‌رهێنانی ده‌سه‌ڵات له ئاكپارتى زیاتر كاریگه‌ری هه‌یه و چیتر ناتوانێ دیكتاتۆریى خۆی له‌سه‌ر كوردان بسه‌پێنێت، ئه‌و شكستى هێنا. بۆ هه‌ده‌په له ده‌ستدانی دوو شاره‌وانی زۆر ناخۆش بوو كه شڕنا‌خ یه‌كێكه له‌وانه، به‌ڵام به گشتى شكستى ئه‌ردۆغان له ئه‌نجامی گشتیدا زۆر گرنگه. بۆیه ره‌خنه‌كه‌ى ئێوه به دیوێك له جێى خۆیه‌تى و به‌دیوه‌كه‌ی تر نا، ئه‌وه‌ت له‌بیر بێت هه‌ده‌په كاری زۆری كرد، به‌ڵام میدیای توركیا هیچ گرنگی به هه‌ڵمه‌تى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنى هه‌ده‌په نه‌داوه.
كۆتا پرسیارم پرسی زیندووكردنه‌وه‌ى پرۆسه‌ى ئاشته‌واییه، پێت وایه ئه‌ردۆغان ئه‌و هه‌نگاوه هه‌ڵبگرێت؟
هیچ متمانه‌یه‌ك به ئه‌ردۆغان نه‌ماوه، ئه‌وه‌ى پێشتریش كردی مه‌به‌ستى بوو خۆی سه‌ربكه‌وێت و به‌لایه‌وه گرنگ نییه توركیا شكست بهێنێت، به‌لایه‌وه گرنگه خۆی له ده‌سه‌ڵات بێت. چاوه‌ڕوان ده‌كه‌ین ئه‌ردۆغان بۆ مانه‌وه‌ی له ده‌سه‌ڵات هه‌ندێك هه‌نگاو هه‌ڵبگرێت، به‌ڵام هیوای هه‌ده‌په ئه‌وه‌یه ئه‌ردۆغان له ده‌سه‌ڵات نه‌مێنێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ر هه‌نگاوێك هه‌ڵبگرێت وه‌ڵامی ده‌ده‌ینه‌وه، به‌ڵام ئاشتییه‌كی به حورمه‌ت نه‌ك بێ حورمه‌ت، ناسنامه‌یه‌ك بۆ كوردان هه‌بێت و مافی كولتووری و رۆشنبیری و خوێندنمان هه‌بێت. بیرت بێت له سه‌ره‌تادا هه‌موو كورد پشتگیری له ئه‌ردۆغان كرد به‌ڵكو هه‌نگاوێك هه‌ڵبگرێت، به‌ڵام نه‌یكرد و پشتی له كوردان كرد.
*ئاكپارتى و مه‌هه‌په و ئی پارتى رێككه‌وتنیان له دژی كوردان كرد.
*له هه‌موو ده‌ڤه‌ره‌كانی كوردان ساخته‌كاری زۆر گه‌وره كران، به‌تایبه‌ت له شڕنا‌خ و مووش.