لیوا قاره‌مان شێخ كه‌مال جێگرى سه‌رۆكى ئۆپراسیۆنه‌كان له وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، له‌و دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا ئاماژه به سه‌رهه‌ڵدانه‌وه داعش له عێراق ده‌كات و دووپاتی ده‌كاته‌وه "له چه‌ندان ناوچه‌دا گرووپى داعش له شێوه‌ى شانه‌ى نوستوو ماون". وه‌ك ڕوونى ده‌كاته‌وه كه ئێسته كاتى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى فكرى داعشه.
پێتان وایه ئه‌و هۆكارانه‌ى بوونه هۆى دروستبوونى داعش، ئێسته‌یش له عێراق هه‌ر ماون؟
به‌ڵێ، داعش ڕاسته له عێراق كۆتاهاتنى ڕاگه‌یه‌نراوه، به‌ڵام ئێسته‌یش ماوه و ته‌نانه‌ت له شه‌ڕى سووریا و له باغووز به‌رده‌وام هه‌وڵى داوه زۆرترین چه‌كدارى خۆى له ناوچه سنوورییه‌كان جێگیر بكات. به‌شێكى زۆریش له گرووپه‌كانى داعش له‌ناو عێراقدا ماون، به‌ڵام له ناوچه‌یه‌ك بۆ ناوچه‌یه‌كى تر جیاوازه.
له ئه‌نبار گرووپى زۆر هه‌ن، له حه‌مرین و باشوورى كه‌ركووك و چیایى قه‌ره‌چووغ و به‌شێكى مووسڵ بوونیان هه‌یه، راسته ئێسته به‌دیاركراوى هیچ شوێنێكیان به‌ده‌سته‌وه نه‌ماوه، به‌ڵام به‌رده‌وام له جموجووڵدان و ده‌چنه سه‌ر گوند و بازگه‌كان و خه‌ڵك ده‌فڕێنن و بوونه‌ته مه‌ترسى بۆ سوپاى عێراق و حه‌شدى شه‌عبى، ته‌نانه‌ت له ڕێى رفاندنى خه‌ڵكه‌وه سه‌رچاوه‌ى داهاتى خۆیان په‌یدا ده‌كه‌ن، زانیارى هه‌یه گرتووخانه‌یان هه‌یه له سنوورى حه‌مرین و خه‌ڵك له‌وێ ده‌شارنه‌وه، بۆیه داعش ماوه و هۆكاره‌كانى بههێزبوونهوهیشى بوونى هه‌یه، هه‌میشه داعش له ناوچه سوننه‌نشینه‌كان گه‌شه ده‌كات و سه‌ر هه‌ڵده‌ده‌نه‌وه.
پێتان وانییه هاوشێوه‌ی عێراق، ڕاگه‌یاندنى كۆتاهێنانى داعش له باغووز په‌له‌په‌لى پێوه دیار بوو؟
داعش ئه‌گه‌ر له سووریا یان له عێراق بێت و له ڕووى سه‌ربازییه‌وه كۆتایی هاتبێ، ئه‌وه له ڕووى فكرییه‌وه هێشتا كۆتایی نه‌هاتووه و پێویسته شه‌ڕى ئه‌وه بكه‌ین، ئێسته مه‌ترسییه‌كانى داعش له‌ڕووى فكرییه‌وه زۆر زیادى كردووه، نادادگه‌رى له ناوچه‌كانى سوننه‌نشین هۆكارێكى سه‌ره‌كییه بۆ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى داعش و زیادكردنى هێزه‌كانى، بۆیه پێویسته حكوومه‌تى عێراق له‌وه تێبگات كه گه‌نده‌ڵى و نادادگه‌رى هۆى سه‌ره‌كین بۆ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى داعش، پشتگوێخستنى ئه‌و ناوچانه و بوونى بۆشایی ته‌ناهی و به‌رزبوونه‌وه‌ى رێژه‌ى بێكارى هۆكارن بۆ سه‌رهه‌ڵدانى داعش، واته ئه‌گه‌ر سیاسه‌تى حكوومه‌تى عێراق نه‌گۆڕێ، داعش كۆتایی نایه‌ت.
زانیارى هه‌یه به دیاركراوى له كوێ شانه‌ى نوستووى داعش هه‌ن؟
به‌ڵێ، له هه‌ندێك شوێنى عێراق هێزى پێویست بوونى نییه و داعش به ئاشكرا ده‌سووڕێنه‌وه، بۆشایی ته‌ناهیی له‌لایه‌ن حه‌شدى شه‌عبى و سوپاى عێراق له زۆر شوێن دروست كراوه، ئه‌وه‌یش واى كردووه داعش به ئاره‌زووى خۆیان ته‌راتێن بكه‌ن، به‌تایبه‌ت له‌و ناوچانه‌ى پێشمه‌رگه‌ى لێ نه‌ماوه، داعش به ئاره‌زووى خۆى كرده‌وه ئه‌نجام ده‌دات.
مه‌ترسیی رژد ئێسته له كرده‌وه‌كانى داعشدا چییه، كرده‌ى خۆكوژییه یان ده‌یانه‌وێ هێرشى سه‌ربازى بكه‌ن؟
داعش له هه‌ندێك ناوچه خه‌ریكى دانانه‌وه‌ى بۆسه‌یه به تایبه‌ت له نزیك بازگه‌كانى سوپاى عێراق، ده‌یانه‌وێ له ڕێى هه‌ڵكوتانه سه‌ر هێزه‌كان و گرتنى خه‌ڵكى سڤیله‌وه كاره‌كانیان ئه‌نجام بده‌ن.
ئه‌ی مه‌ترسیی داعش له‌سه‌ر كوردستان چییه؟
كوردستان تا ئاستێكى زۆر سه‌قامگیر و ئارامه، پێشمه‌رگه به‌شێوه‌یه‌كى تۆكمه ناوچه سنوورییه‌كانى پاراستووه و هه‌موو ڕێگرییه‌ك ده‌كات بۆ هاتنه ژووره‌وه‌ى هه‌ر شتێك كه مه‌ترسیی دروست بكات و گومانى لێ بكرێ، به‌ڵام نابێ له بیرمان بچێ كه داعش كه‌وتوونه‌ته ئه‌و سنوورانه‌ى له نێوان پێشمه‌رگه و سوپاى عێراق به به‌تاڵى ماونه‌ته‌وه.
ئه‌گه‌ر مه‌ترسییه‌كان به‌مشێوه‌یه‌ن بابه‌تى گه‌ڕانه‌وه‌ى پێشمه‌رگه بۆ ناوچه كوردستانییه‌كان به‌كوێ گه‌یشت؟
چه‌ند كۆبوونه‌وه‌یه‌كمان كرد له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌مه‌به‌ستى دروستكردنى هاوئاهه‌نگى بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ى هێزى پێشمه‌رگه، دوو لیژنه‌ى باڵا پێكهاته‌وه و كۆبوونه‌وه و ڕووپێوى سه‌رجه‌م ناوچه كوردستانییه‌كان كراوه كه پێویسته پێشمه‌رگه بگه‌ڕێته‌وه، ئێسته ئه‌وه‌ى ماوه‌ته‌وه ڕاى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه و وه‌زاره‌تى به‌رگرییه له‌سه‌ر ئه‌و ڕووپێوییه و چۆنیه‌تیى گه‌ڕانه‌وه‌كه، به‌ڵام هێشتا ناكرێ بڵێین پێشمه‌رگه ده‌گه‌ڕێته‌وه ناوچه كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى كوردستان، چونكه چۆنیه‌تیى گه‌ڕانه‌وه‌كه و جۆرى هاوئاهه‌نگییه‌كه له‌گه‌ڵ به‌غدا دیار نه‌كراوه و جارێكى تر هاوئاهه‌نگى پێش 16ى ئۆكتۆبه‌ر له‌گه‌ڵ به‌غدا دروست نابێته‌وه.
چاكسازییه‌كانى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه به‌كوێ گه‌یشت؟
چاكسازییه‌كان له‌ڕێى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كى تایبه‌ته‌وه به‌رده‌وامه، له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانان به‌تایبه‌ت ئه‌مه‌ریكا و به‌ریتانیا و ئه‌ڵمانیا هه‌فتانه كۆبوونه‌وه ده‌كرێ و كار له‌سه‌ر 35 خاڵ ده‌كرێ، ئێسته هه‌شت خاڵ ته‌واو بووه و له‌م ڕۆژانه‌دا ده‌ست كراوه به چاكسازى له یه‌كه‌ى 70 و 80 و یه‌كخستنى ئه‌و دوو هێزه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یش هه‌ندێ خاڵى چاكسازییه‌كه پێوه‌ندى به لایه‌نى دارایى و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌وه هه‌یه.
• ناتوانین بڵێن پێشمه‌رگه ده‌گه‌ڕێته‌وه ناوچه كوردستانییه‌كان .
• داعش له گرووپى جۆراوجۆردا هه‌ن و له ڕفاندنى خه‌ڵكه‌وه داهاتیان دابین ده‌كه‌ن.