پۆلیس کوژرانی کچێکی بەشداربووی فێستیڤاڵی رەنگەکان بەدرۆ دەخاتەوە

:: AM:10:27:09/04/2019 ‌
دوای تەواوبوونی فێستیڤاڵی ڕەنگەكان لە شاری هەولێر لە بەشێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەنگۆی كوژرانی كچێكی بەشداربوو بڵاو كرایەوە و بەرپرسێكی پۆلیسی هەولێریش دەڵێت ئەو شتانەی باس دەكرێت هیچی ڕاست نیە.

ئەمڕۆ سێشەم نۆی نیسان، هۆگر گەڵاڵی گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەو دەنگۆیەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو كراوەتەوە، گوایە دوای تەواوبوونی فێستیڤاڵی ڕەنگەكان لە هەولێر كچێك لەلایەن كەسوكارەكەیەوە كوژراوە دوورە لە ڕاستی.

گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر گوتی، هیچ كەسێك نەكوژراوە و ئەوەی دەگوترێت هەمووی ڕەت دەكەینەوە و شتی وا نەبووە.

هاوكات، بەپێی بەدواداچووونێكی "وشە" ئەو وێنانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو كراوەتەوە وێنەیەكیان هەرێمی كوردستان نیە و وڵاتی هندستانە و وێنەكەی تر شارۆكەی كۆیەیە كە دوو ساڵ بەر لە ئێستە كچێك بە كوژراوی دۆزرایەوە و ئەو كاتەش پۆلیس ڕوونكردنەوەی دا كە بكوژرەكان گیراون.

فێستیڤاڵی ڕەنگەكان لە شاری هەولێر بۆ دوومین جار بەڕێوەچوو و تێیدا ژمارەیەكی زۆری لە هاوولاتیان بەشداربوون.



وشە - رامیار جەواد