دكتۆر ئارتور روجێڤیچ فه‌یله‌سووفی پۆڵه‌ندی
دكتۆر ئارتور روجێڤیچ نووسه‌ر و لێكۆڵه‌ری پۆڵه‌ندی، له‌میانه‌ی ئه‌م چاوپێكه‌وتنه‌دا له‌گه‌ڵ "وشه" ئاماژه به پێوه‌ندییه‌كانی كورد و پۆڵه‌ندا ده‌كات و ڕوونی ده‌كاته‌وه كه ئه‌و دوو لایه‌نه له زۆر بواردا له یه‌كتر نزیكن، وه‌ك پێی وایه ده‌بێ كورد له ڕێی كولتووره‌وه به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی بڕۆن.
ئه‌م پاڵنه‌رانه چین كه وایانكردووه دۆزی كورد جێی بایه‌خ بێ لای تۆ؟
ماوه‌ی چه‌ند ساڵێك له بواری فه‌لسه‌فه‌ی یۆنانی و سۆفیگه‌ری كارم كردووه، ئه‌و دوو بواره وایان لێ كردم بایه‌خ به كوردستان بده‌م. یه‌كه‌مین هاوبه‌شیم دۆزییه‌وه له نێوان تیۆری یۆنانییه‌كان له‌باره‌ی دروستبوونی گه‌ردوون و دیدگای ئێزیدییه‌كان بۆ گه‌ردوون. دووه‌م كوردستان شوێنێكه رێبازی سۆفیگه‌ری زۆر تێیدا سه‌ری هه‌ڵداوه، ئه‌وه‌ش پێوه‌ندی هه‌یه به بایه‌خه‌كانی من بۆ سۆفیگه‌رێتی.
كه‌واته بۆچوون و تێڕوانینت له‌باره‌ی گه‌لی كورده‌وه چییه؟
كورد به خه‌ڵكانێكی زیره‌ك و خاوه‌ن پڕۆژه و بیرۆكه ده‌زانم كه به ئاشكرا جیاوازن له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌كانی تری نیشته‌جێی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، واته ناسنامه‌یه‌كی دیاریان هه‌یه كه وا ده‌كات هه‌م سۆز و هه‌م عه‌قڵانییه‌تیان جیاواز بێت له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تر. بۆ نموونه له‌گه‌ڵ عه‌قڵانییه‌تی عه‌ره‌ب. تا ئاستێكی زۆر پێوه‌ندی هه‌یه به تێگه‌یشتنیان له ئازادی و شانازی به‌خۆكردن كه پێشتر باسم كرد. به‌ڵام به‌داخه‌وه هه‌ندێك جار ئه‌و شانازی و هه‌سته له‌ناكاو و كتوپڕه كه هه‌ندێك جار به‌شێوه‌یه‌كی نه‌رێنی كار ده‌كاته سه‌ر سیاسه‌ت، له بری ئه‌وه‌ی بیكه‌ن به لێكتێگه‌یشتن، ده‌كه‌ونه ململانێی ناوخۆیی، ئه‌وه‌ش ده‌بێته هۆی رێگرتن له گه‌شه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تییان.
به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان ئه‌مه هاوشێوه‌ی سیاسه‌تی پۆڵه‌ندییه كه تێیدا له‌ماوه‌ی چه‌ند سه‌ده‌ی رابردوو گه‌لی پۆڵه‌ندا تێنوێتی و تامه‌زرۆیی بۆ ئازادی، وای لێ كردوون و هێشتایش وایان لێ ده‌كات له بری ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی سیسته‌ماتیك وڵات دروست بكه‌ن و به‌یه‌ك ئاراسته بڕۆن، كه‌چی سه‌ركرده جیاوازه‌كان رووبه‌ڕووی یه‌كتری ده‌بنه‌وه، به‌هۆی ئه‌مه‌وه ئێمه له جێی خۆمان وه‌ستاوین و گه‌شه ناكه‌ین. له هه‌مان كاتدا نه‌ته‌وه‌ی تر هه‌ن كه ئه‌و ئاره‌زووی ئازادی زۆر كه‌متره تێیاندا، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی زۆر رێك‌وپێك وڵاته‌كانیان پێشكه‌وتن به‌خۆوه ده‌بینێ.
ئازادی تاكه‌كه‌سی و شانازی هه‌ردووكیان گرنگن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر كه‌سه‌كه سه‌ركرده‌ی گرووپێك بێت، ده‌بێت ئه‌وه بزانێ هه‌ندێك جار كۆمه‌ڵگه له هه‌مووی گرنگتره.
به‌پێی گوته‌كانت پرسیاری ئه‌وه‌م لا دروست ده‌بێ كه ئایا هیچ لێكچوویه‌ك ده‌بینی له نێوان كوردستان و پۆڵه‌ندا؟
به‌ڵێ، چیرۆكمان هاوشێوه‌یه، ئێمه پێوه‌ستین به شتێكی زۆر گرنگ، به بۆچوونی من پۆڵه‌ندییه‌كان له نێوان وڵاتانی ئه‌وروپا به‌درێژایی سه‌ده‌كان به‌و خه‌سڵه‌ته ده‌ركه‌وتوون كه خۆشه‌ویستییه‌كی مه‌زنیان هه‌یه بۆ ئازادی و ده‌توانن قوربانی به ژیانیان بده‌ن بۆی، تێبینیم كردووه هه‌مان خه‌سڵه‌ت له كورددا هه‌یه بۆ ئازادی، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌م به‌رچاو ده‌خات كه تایبه‌تمه‌ندییه‌كی هاوبه‌ش و سه‌ره‌كی و بنه‌مای هه‌ردوو كۆمه‌ڵگه‌كه‌مانه، هه‌ر ئه‌مه هۆی ئه‌وه‌یه كه پۆڵه‌ندییه‌كان هه‌ست به رازمه‌ندبوون ده‌كه‌ن له هاوبه‌شییان له‌گه‌ڵ كورده‌كان، له‌به‌رئه‌وه ده‌بینن خه‌ڵكانێك هه‌مان وزه‌یان تێدایه بۆ ژیان كه ده‌بێ هه‌ست به سه‌ربه‌ستی بكه‌ن، له‌به‌ر ئه‌م هۆیه‌یه كه هه‌میشه ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ گرنگ بووه لای پۆڵه‌ندییه‌كان و وا ده‌كات له ئاواتی كورده‌كان تێبگه‌ین.
له ماڵباتی خۆم وه‌ك نموونه له ڕاپه‌ڕینی وارشۆ جه‌نگاوه‌رێكمان گیانی به‌خشی ته‌مه‌نی ١٧ ساڵ بوو، له‌گه‌ڵ قوربانیدانی ژماره‌یه‌كی زۆری پۆڵه‌ندی تر له جه‌نگ و خه‌باتكردندا دژی ئه‌ڵمانه‌كان. ئه‌مه پێی گوتین كه ته‌واوی ماڵباته‌كه‌مان له‌سه‌ریان بوو ئه‌م رێی به‌ره‌نگاربوونه‌وه بگرنه به‌ر له دژی هه‌ر كه‌سێك كه هه‌ڕه‌شه‌ی له ئازادیمان بكردایه یا بیویستایه خۆی به‌سه‌رماندا بسه‌پێنێ.
بابه‌ته‌كانت له‌باره‌ی چییه‌وه‌یه؟
مامه‌ڵه‌ی من به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی له‌گه‌ڵ ئێزیدییه‌كانه چ ئه‌وانه‌ی له كوردستانی عێراق یا توركیا ده‌ژین هه‌روه‌ها جۆرجیا و ئه‌رمینیا، من گرنگی ده‌ده‌م به ئاینیان، مێژووی ڕه‌سه‌نیان، هه‌روه‌ها پێوه‌ندییان له‌گه‌ڵ كورد و عه‌ره‌بدا. پێزانینم هه‌یه كه له سه‌رده‌می رژێمی سه‌دام هه‌وڵی ته‌عریبكردنی ئێزیدییه‌كان درا، به‌ڵام كورده‌كانیش ئه‌م هه‌وڵه‌یان دا به كوردی بكرێنه‌وه. من هه‌وڵی ئه‌و پشكنینه ده‌ده‌م كه بزانم ناسنامه‌ی ئێزیدییه‌كان چییه و ناسنامه‌ی ئه‌وانیتر چییه، هاوشێوه‌كانیان كێن، كورد، عه‌ره‌ب و نه‌ته‌وه‌كانی تر كه له كوردستان نیشته‌جێن، نموونه‌ی سابیئه، ئاشووری و ئه‌رمه‌ن، گرنگی به پرسی كۆچی ئێزیدییه‌كان ده‌ده‌م له شێخان له ڕێی سه‌رهه‌د (ناوچه سنوورییه‌كانی نێوان توركیا و ئه‌رمینیا)، هه‌روه‌ها باشووری قه‌وقاز، ئه‌مساڵ سرووتی ئاینی ئێزیدییه‌كانم به پۆڵه‌ندی چاپ كرد.
هیچت له‌باره‌ی كوردستان نووسیوه یا هه‌ر توێژێكی كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی؟
وتاری زۆرم بڵاو كردوونه‌ته‌وه له‌باره‌ی ئێزیدی، ئاینیان، ناسنامه و ڕه‌گه‌زیان، هه‌روه‌ها كۆچیان له باشووری قه‌وقازه‌وه، مایه‌ی بیرهێنانه‌وه‌یه تۆژینه‌وه‌یه‌كی تایبه‌تم له‌باره‌ی سه‌ری ساڵی ئێزیدی/ باكگڕاوندی گه‌ردوونی چوارشه‌مه‌سووری. هه‌روه‌ها مرواری ده‌بیته هێلكه كرد. وتاری زانستی له‌باره‌ی ئیتنیكی ئێزیدی (نه‌ته‌وه‌ی سوور)، له كتێبی (پێداچوونه‌وه‌ی كولتوور و ناسنامه‌كانی كوردستان) به هاوكاری له‌گه‌ڵ هاوڕێكانم سه‌رنووسه‌ر (دكتۆره یۆئه‌ننا بۆخێنسكا) له خانه‌ی چاپی نێوده‌وڵه‌تی به چاپ گه‌یاند، سه‌رباری چالاكی زانستی ورد، هه‌ستاوم به كردنه‌وه‌ی دوو پێشانگه له‌باره‌ی ئاینی ئێزیدی، یه‌كیان له كراكۆڤ و ئه‌وی تریان له وارشۆ، ئێسته‌یش كتێبێك ده‌نووسم له‌باره‌ی ئه‌فسانه‌ی گه‌ردوونی و دانراوه سه‌ره‌تاییه‌كانی ئێزیدی.
ئاستی پێوه‌ندی نێوان كوردستان و پۆڵه‌ندا چۆن ده‌بینی؟
مایه‌ی سه‌رسوڕمانی منه كه ئه‌م پێوه‌ندییه نزمه، یا زۆر مامناوه‌نده، به له‌به‌رچاوگرتنی سه‌رجه‌م لێكچووی كاراكته‌ری و مێژوویی كه ده‌بوو زۆر له‌وه به‌رزتر بووایه، پێم وایه فاكته‌ری سه‌ره‌كی كه وایكردووه ئاستی ئه‌م پێوه‌ندییه به‌رز نه‌بێته‌وه، ئه‌و ئاڵۆزی و ناڕێكییه‌یه له پرسی حوكمی خۆیی كورده‌كاندا هه‌یه، بۆ نموونه به له‌به‌رچاوگرتنی یاسای نێوده‌وڵه‌تی ئه‌م هه‌رێمه وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆ نییه تا پۆڵه‌ندا له‌گه‌ڵیدا بچێته ناو پێوه‌ندییه‌كی ئابووری هاوتا، به‌مشێوه‌یه سیاسه‌تی پۆڵه‌ندا ده‌چێته ژێرباری پێوه‌ری دیاریكراوی نێوده‌وڵه‌تی، ئه‌مه‌ش وایكردووه باره‌كه به‌مشێوه‌یه بێت. فاكته‌رێكی تر پێوه‌ندی به زمانه‌وه هه‌یه كه بریتییه له كه‌موكوڕی تایبه‌تمه‌ند و شاره‌زا له كرمانجی و سۆرانی، زۆر به كه‌می به‌ره‌و ئه‌و ئاراسته هه‌یه، له پۆڵه‌ندا ته‌نیا یه‌ك سه‌نته‌ری لێكۆڵینه‌وه هه‌یه له كراكۆڤ كه من تێیدا ئه‌ندامم هه‌وڵی تۆژینه‌وه ده‌ده‌ین له‌باره‌ی كوردستان و زمانه‌كه‌ی.
پێشبینیت بۆ داهاتووی كوردستان چییه؟
زۆر گه‌شبین نیم، به‌ڵام پێم وایه هه‌ریه‌ك له یاریكه‌رانی ناوچه‌كه رێ به دروستبوونی ده‌وڵه‌تی كوردی ناده‌ن، چونكه زۆر له به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان له ده‌ست ده‌ده‌ن، ئه‌وه‌ش به‌مانای ئه‌وه نییه كه ده‌رفه‌ت نییه بۆ سه‌رهه‌ڵدانی ده‌وڵه‌تی كوردی، به‌ڵام پێویسته كورده‌كان ئه‌وه بزانن كه ته‌نیا ده‌توانن خۆیان سه‌ركردایه‌تی خۆیان بكه‌ن و پشت به هیچ هاوپه‌یمانییه‌ك نه‌به‌ستن، چونكه ئه‌وان لاوازترن له‌م وڵاتانه و وڵاته به‌هێزه‌كان به‌رژه‌وه‌ندی پێچه‌وانه‌یان هه‌یه.
پێویسته یه‌كه‌مجار فۆكۆس بخه‌نه سه‌ر فێركردن و بڵاوكردنه‌وه‌ی داهێنانی كولتووری، هه‌روه‌ها وه‌رگێڕانی كاره‌كانیان بۆ سه‌ر زمانه‌كانی تر، فیلمسازیی بكه‌ن له‌باره‌ی كوردستان، بۆ گه‌یشتن به گه‌وره‌ترین ژماره له سوودمه‌ندان، به كورتی له وشه‌یه‌كدا ده‌ڵێم، له ڕێی كولتووره‌وه به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی بڕۆن.
هیچ پلان یا پڕۆژه‌ی ترت له‌باره‌ی كوردستان هه‌یه؟
ئاخاوتن له‌باره‌ی پلان ئاسانه، كتێبێك ده‌نووسم له‌باره‌ی ڕیشه كۆنه‌كانی ئاینی ئێزیدی و ده‌مه‌وێ چاپی بكه‌م به زمانی ئینگلیزی. پاش ئه‌وه راسته‌وخۆ پلانم بۆ ئاماده‌كردنی له چاپدانی یه‌كێك له رۆژه‌كانی جه‌ژنی ئێزیدییه، به‌ڵام پێویستم به كاته، ئه‌گه‌ر خه‌رجیم ده‌ستكه‌وت بۆ ئاماده‌كردنی كتێبێك له‌باره‌ی ڕه‌گه‌زی سۆفیگه‌ری له ئاینی ئێزیدیدا كار ده‌كه‌م.
پڕۆفایل
دكتور ئارتور روجیێڤیچ نووسه‌ر و لێكۆڵه‌ری پۆڵه‌ندی، ئێزیدۆلۆجیست، ئه‌نسرۆپۆلۆجیستی كولتووری. ده‌رچووی دوو كۆلیژ له زانكۆی وارشۆ، ئینستیتیوتی فه‌لسه‌فه، هه‌روه‌ها ئینستیتیوتی ئه‌نترۆپۆلۆجیای كولتووری، ئێسته پرۆفیسۆری یاریده‌ده‌ره له ئینستیتیوتی توێژینه‌وه‌ی رۆژهه‌ڵاتی له زانكۆی یه‌گه‌لۆنیان.
كار له‌سه‌ر ئێزیدییه‌كان و پێوه‌ندییه‌كانی فه‌لسه‌فه‌ی یۆنانی، بزووتنه‌وه‌كانی فه‌لسه‌فه‌ی ئاینی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌كات. هه‌روه‌ها توێژینه‌وه‌ی مه‌یدانی له عێراق و توركیا و جۆرجیا و ئه‌رمینیا ده‌كات.
وشه/ دیمانه- زیاد عه‌بدولقادر گه‌ردی