له‌یلا مه‌جید شانۆكار و ده‌رهێنه‌ر، نهێنی كاره‌كانى بۆ "وشه" ده‌خاته‌ڕوو و ئاشكراى ده‌كات، له ده‌ره‌وه‌ى خواستى خۆى داواى كارى زۆرى لێ كراوه. ڕوونیشى ده‌كاته‌وه كه ئه‌كته‌رى كورد ناتوانێ له‌وه زیاتر ڕۆڵ ببینێ و به‌ربه‌سته‌كانى سینه‌مای دنیا بشكێنى. له‌یلا دووپات له‌وه ده‌كاته‌وه كه "ئاماده‌یه له سینه‌ما خۆى ڕووت بكاته‌وه و به‌شدارى فیلمى پۆڕن بكات".
له‌یلا ده‌ڵێ، "بێزارم له هه‌موو ئه‌وانه‌ی ژن و پیاو وه‌ك یه‌ك سه‌یر ناكه‌ن و ڕوانینیان بۆ ژن و پیاو وه‌ك مرۆڤ نییه و زیاتر وه‌ك دوو ڕه‌گه‌زی جیا لێیان ده‌ڕوانرێ، بێزارم له هه‌موو ئه‌وانه‌ی پێیان وایه ژن زه‌عیفه‌یه و توانای وه‌ك پیاو نییه، بێزارم له هه‌موو ئه‌وانه‌ی ڕێگرن له به‌رده‌م شكاندنی تابۆ و نه‌ریته كۆن و دزێوه‌كان".
له‌یلا پێى وایه كه پێوه‌ره‌كان بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌كته‌ر و تواناكان هه‌ڵه‌ی تێدایه. ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات "ده‌بێ به‌راوردكارییه‌كان به‌پێی دۆخ و زه‌مان و هه‌لومه‌رج و توانابێ، ئه‌و دۆخ و هه‌لومه‌رج و توانایه‌ی بۆ سینه‌ما له كوردستان ته‌رخان كراوه، هه‌ر ئه‌و چاوه‌ڕوانییه‌ی لێ ده‌كرێ كه سینه‌ما و ئه‌كته‌ری كورد نه‌توانێ له‌وه زیاتر سنووره جیهانییه‌كان تێپه‌ڕ بكات".
"ئه‌گه‌ر ئه‌كته‌ره كورده‌كان ئه‌مڕۆ له‌و شوێنه‌ی ئه‌نجێلینا جولی و ئالپاچینۆ تێیدا په‌روه‌رده كراون و پێگه‌یشتوون و مه‌یدانیان دراوه‌تێ، ئه‌وانیش مه‌یدانیان ده‌درایه، بێگومان ئه‌مڕۆ له‌ناو كوردیشدا ده‌یان ئه‌ستێره‌ی جیهانی دروست ده‌بوو". له‌یلا وا ده‌ڵێ.
له‌باره‌ى بینینى ڕۆڵى ورووژێنه‌ر له فیلم و به‌رهه‌مه‌كاندا پرسیار ده‌كات و ده‌ڵێت، فیلمی ورووژێنه‌ر به‌رهه‌م دێ كه ئێمه لێی ئاگادار نین؟ ئایا كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه هه‌ڵگری وه‌ها ژانرێكه؟ بێگومان ده‌بێ تابۆكان بشكێنرێن و له‌و پێناوه‌دا وه‌ك خۆم زۆر قوربانیم بۆ داوه و هه‌روا به‌رده‌وامیشم، به‌ڵام له كۆتادا ده‌بێ ڕێز له هه‌ندێ پره‌نسیپ و نه‌ریتی باو و جوانی كۆمه‌ڵگه بگرین.
ئه‌و ده‌ڵێت "فیلمی ورووژێنه‌ر كه واتاكه‌ی فیلمی پۆڕن ده‌كات، له كوردستان و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌گشتی جێی نابێته‌وه و ته‌نیا بازرگانیی نێرسالارانه‌یه به ژنانه‌وه، بۆیه من دژ به‌م چه‌شنه فیلمانه‌م".
وه‌ك دووپاتى كرده‌وه "ئه‌گه‌ر خۆڕووتكردنه‌وه‌ی من له به‌رده‌م كامێرا و بۆ سینه‌ما، ببێت به هۆی گه‌شه و سه‌ركه‌وتنی نه‌ته‌وه‌كه‌م، ته‌حه‌دا ده‌كه‌م و ئاماده‌م له‌پێناو خاك و نه‌ته‌وه و نیشتمانه‌كه‌مدا ورووژێنترین ڕۆڵ ببینم كه هیچ ئه‌كته‌رێكی بیانیش غیره‌تی ڕۆڵی وا نه‌بێ".
له وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ى كه ئایا ئه‌و فێستیڤاڵه هونه‌رییانه‌ی ده‌كرێن كاریگه‌رییان له‌سه‌ر پێشخستنی ره‌وتی سینه‌ما هه‌بێت؟ له‌یلا مه‌جید گوتی، "فێستیڤاڵی هونه‌ری كاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆی له‌سه‌ر هونه‌ر و سینه‌ما هه‌یه، به‌ڵام له كوردستان تا ئێسته ته‌نیا پێشانگه‌ی نیشاندانی فیلم به‌ڕێوه چووه و ئه‌وه‌ی ناوی فێستیڤاڵی له‌سه‌ر دانراوه، بۆ ئه‌وه بووه كه له كۆڵ خۆیان بكه‌نه‌وه و بڵێن كوردیش فێستیڤاڵی هه‌یه".