كۆسرەت رەسووڵ لە داستانی كۆڕێ‌: بارزانییەكان ئیسپاتیان كردەوە كوڕی‮ ‬رۆژی‮ ‬تەنگانەن

:: AM:10:56:14/04/2019 ‌
 داستانی كۆڕێ‌.. مێژووی تۆماركردنی سەركەوتنی سوپای بارزان


 داستانی شەڕی كۆڕێ‌ كە لە سەرەتای مانگی نیسان لە ساڵی 1991 بەرپا بوو، هێزەكانی پێشمەرگە بە ڕێبەرایەتی سوپای بارزان توانیان بەسەر سوپای بەعس سەركەون.

بەپێی ئەو بەڵگە مێژوویانەی هەن لە شەڕی‮ ‬یەكەمی‮ ‬كۆڕێدا لە ‬7/4/1991 هێزی‮ ‬بارزانی‮ ‬پێشمەرگەكانی‮ ‬پارتی‮ ‬دیموكراتی‮ ‬كوردستان،‮ ‬یەكەم هێزبوون پێشیان لە هێرشی‮ ‬سوپای‮ ‬عێراق گرت و لە‮ ‬دەربەندی‮ ‬كۆڕی‮ بەرانبەر ژمارەیەكی زۆر لە سوپای ئەوكاتی عێراق وەستان.

‬د.سەعید ئەحمەد نادر ‬كە ئەو كاتە فەرماندەی‮ ‬هێزی‮ ‬بارزان بوو ‬لەبارەی‮ ‬یادەوەرییەكانی‮ ‬داستانی‮ ‬كۆڕێ لە چاوپێكەوتنێكدا كە ڕۆژنامەی خەبات لەگەڵی ئەنجام داوە ئاماژە بە ‬دامەزراندنی‮ ‬هێزی‮ ‬بارزان دەكات كە دوای كۆنگرەی‮ ‬نۆی‮ ‬پارتی‮ ‬دیموكراتی‮ ‬كوردستان بڕیاری‮ ‬دامەزراندنی‮ ‬هێزی‮ ‬بارزان دراوە. ئەو لە چاوپێكەوتنەكەی دەڵێت، ‬لە رۆژی‮ ‬31 ی‮ ‬ئاداری‮ ‬ساڵی‮ ‬1991 سوپای‮ ‬حكوومەت هەر لە دەڤەری‮ ‬بادینانەوە تا سلێمانی‮ ‬هێرشێكی‮ ‬بەربڵاوی‮ ‬كردە سەر كوردستان و كۆڕەوی‮ ‬یەك ملیۆنی‮ ‬دەستی‮ ‬پێ كرد،‮ ‬لە هەموو بەرەكانەوە دوژمن پێشڕەوی‮ ‬كرد و لە بەرەی‮ ‬هەولێریشەوە. "‬ئەو كاتە سوپاكەی‮ ‬ئێمە هاتبووە هاوینەهەواری‮ ‬سەلاحەدین تا بەرەنگاری‮ ‬دوژمن ببینەوە و دەستێكی‮ ‬لێ بوەشێنین و رێ نەدەین بێتە پێشەوە‮. ‬ئەو كاتە هێزی‮ ‬بارزان‮ ‬یەكێك بوو لەو هێزانەی‮ ‬كە خۆی‮ ‬بۆ بەرگری‮ ‬كردن ئامادە دەكرد،‮ ‬چونكە هێزێكی‮ ‬باش هاتبووە هاوینە هەواری‮ ‬سەلاحەدین بۆ بەرگری‮ ‬كردن،‮ ‬ئەوە بوو لە رۆژی‮ حەوتی‮ ‬نیسانی‮ ‬1991 دا هەواڵمان پێگەیشت كە حكوومەت هێرشی‮ ‬دەست پێ كردووە،‮ ‬ئێمەش خۆمان بۆ بەرگری‮ ‬كردن ئامادە كرد،‮ ‬ئەوە بوو حكومەت بە هەزاران سەربازی‮ ‬لە گەڵ تانك و تۆپ دا ناردبوو،‮ ‬جگە لەوەی‮ ‬هیلیكۆپتەریشیان لە گەڵدا بوو،‮ ‬شەڕێكی قورس كرا".
 
هاوكات عومەر عوسمان مێرگەسۆری‮ ‬ئەندامی‮ ‬ئەنجوومەنی‮ ‬سەركردایەتی‮ ‬پارتی‮ ‬دیموكراتی‮ ‬كوردستان و بەرپرسی‮ ‬لقی دووی‮ ‬ئەو كاتە و فەرماندەی‮ ‬بەشداربووی‮ ‬داستانی‮ ‬كۆڕێ لە بیرەوەرییەكانیدا نووسیویەتی‮: ‬داستانی‮ ‬كۆڕێ،‮ ‬داستانێكە كە هەمیشە كورد شانازی‮ ‬پێوە دەكات و گرنگییەكی‮ ‬مێژوویی‮ ‬هەیە.

ئەو دەڵێت" ‬ئێمە بەرەو سەر مەیدان چووین و لە دووڕیانی‮ ‬كاوانیان گەیشتینە حەمید ئەفەندی‮ ‬و شەهید حاڵی‮ ‬دۆڵەمەڕی‮ ‬ پێم گوتن،‮ ‬مەسیف گیرا و هێزەكانی‮ ‬هەندێك لە كۆرێیە و ئەویتریش وا دەڕوات و خۆی‮ ‬ناگرێ،‮ ‬دوای ‬بەڕێكردنی‮ ‬بریندارەكان و پشوودانێكی‮ ‬كەم لەگەڵ خالد ئاژگەیی‮ ‬گەیشتینە دەربەندەكە و بەتەقە حەمید ئەفەندی‮ ‬و شەهید حاڵی‮ ‬و د.سەعید ئەحمەد نادر لەسەر قەبرستانەكە بوون، خالید ئاژگەیی‮ ‬بەرەوە دەربەند رۆیشت و چەند تەقەیەكی‮ ‬كرد،‮ ‬پاش چەند ئارپی‮ ‬چی‮ ‬وەشاندنێك تانكەكان كشانەوە و‮ ‬یەك دوو تانك شكان و دوژمن‮ ‬كشایەوە،‮ ‬دواتر ژمارەیەكی‮ ‬زۆر كەم لە پێشمەرگەكانی‮ ‬هێزی ‬بارزان لەگەڵ د.سەعید ئەحمەد و چەند پێشمەرگەیەكی‮ ‬هێزی‮ ‬حاڵی‮ ‬دۆڵەمەری‮ ‬ئەو بەرگرییەیان كرد و ئەم بەرگریە دەستپێكی‮ ‬داستانی‮ ‬كۆڕێ‮ ‬7-4-1991 بوو كە كەسی‮ ‬تر لەو ناوە نەبوو‮".

لە بەشێكی تری یادەوەرییەكانی دەڵێت، لەگەڵ چەند‮ ‬پێشمەرگەیەك چووینە بەرانبەر حوجران،‮ ‬لەو كاتەدا كۆسرەت رەسوول لە لای‮ ‬حوجرانەوە هاتنە لامان و گوتی‮: "‬بارزانییەكان ئیسپاتیان كردەوە كوڕی‮ ‬رۆژی‮ ‬تەنگانەن‮”. ‬هەر لەوی‮ ‬دانیشتین بۆ قۆناغی‮ ‬دووەمی‮ ‬داستانی‮ ‬كۆرێ پلانێكی ترمان دانا.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم