بەرپرسێكی پۆلیسی ڕاپەڕین ئاشكرای دەكات تەرمی هاووڵاتییەك دۆزراوەتەوە کە دوای کوشتنی بە چەقۆ ئۆتۆمبێلەكەی سووتێنراوە.
ئەمڕۆ دووشەم 15ـی نیسان، شۆڕش ئیسماعیل گوتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ تەرمی هاووڵاتییەك بەناوی ( س . ع . ئـ ) لەدایك بووی ساڵی 1969 پیشەی كاسب، دانیشتووی قەڵادزێ گەڕەكی خانەقا گەیەندرایە نەخۆشخانەی گشتی قەڵادزێ كە شوێنەواری چەقۆ بە جەستەیەوە دیارە.
گوتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین گوتی، بەگوتەی كەسوكاری ڕۆژی یەكشەم لە ماڵەكەی چۆتە دەرەوە و نەگەڕاوەتەوە و دواتر هێزە ئەمنیەكان لە لایەن كەسوكاری ئاگەدار دەكرێنەوە و دەستبەجێ لێكۆڵینەوە دەستی پێ كرد و تەرمەكەیان دۆزییەوە.
زیاتر روونی دەکاتەوە، پاش كوشتنی هاووڵاتییەکە، ئۆتۆمبێلەكەیان بردۆتە نزیك گوندی "گردەسپیان" بە دووری 15 كم لە شوێنی ڕووداوەکە و لە لایەن هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش بە سووتاوی دۆزراوەتەوە و لە ئێستەشدا تەرمەكە لە پزیشكی دادوەری قەڵادزێیە.
دووپاتی دەکاتەوە، کوژراوەکە باوكی شەش منداڵە و مەلەفی لێكۆڵینەوە بۆ ڕووداوەكە كراوەتەوە و لێكۆڵینەوەش بەردەوامە.