هۆكاری كوشتی هاووڵاتییەكەی شارۆكەی قەلادزێ‌ ئاشكرا كرا

:: AM:11:42:16/04/2019 ‌
بەرپرسێكی پۆلیسی ڕاپەڕین ئاشكرای دەكات دوای لێكۆڵینەوە دەركەوتووە ئەو تەرمەی دوێنێ‌ بەیانی دۆزراوەتەوە لەگەڵ بكوژەکەی كێشەی كۆمەڵایەتی هەبووە.

ئەمڕۆ سێشەم 16ـی نیسان، شۆڕش ئیسماعیل گوتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، هۆكاری كوشتنی هاووڵاتییەكەی قەڵادزێ‌ دەگەڕێتەوە بۆ كێشەیەكی كۆمەڵایەتی نێوان بكوژ و كوژراو.

گوتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین گوتی، كوژراوەکە بۆ چارەسەری كێشەكەی لەگەڵ بكوژرەكە چۆتە ئەو شوێنەی وا تەرمی قوربانییەکەی لێ دۆزراوەتەوە و دوای لێکۆڵینەوە و گوتەی تۆمەتبار ئەو زانیارییانە روون کراونەتەوە.

زیاتر ڕوونی كردەوە، تا ئێستە دەست بەسەر تاپڕێکدا گیراوە و پشکنینی بۆ دەکرێت، كەیسەكە كراوەیە و لێكۆڵینەوەش بەردەوامە بۆ ئەوەی بزاندرێت كەسانی تر لە تاوانەكە بەشدارن یان نا.

دوێنێ‌ شۆڕش ئیسماعیل گوتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ تەرمی هاووڵاتییەك بەناوی "س . ع . ئـ " لەدایك بووی ساڵی 1969 پیشەی كاسب، دانیشتووی قەڵادزێ گەڕەكی خانەقا گەیەندرایە نەخۆشخانەی گشتی قەڵادزێ كە شوێنەواری چەقۆ بە جەستەیەوە دیارە.

گوتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین گوتی، بەگوتەی كەسوكاری قوربانییەکە ڕۆژی یەكشەم لە ماڵەكەی چۆتە دەرەوە و نەگەڕاوەتەوە و دواتر هێزە تەناهییەکان لەلایەن كەسوكاری ئاگەدار دەكرێنەوە و دەستبەجێ لێكۆڵینەوە دەست پێ دەکات و پاش چەند سەعاتێک تەرمەكەیان دۆزییەوە.

"پاش كوشتنی هاووڵاتییەكە، ئۆتۆمبێلەكەیان بردۆتە نزیك گوندی "گردەسپیان" بە دووری 15 كم لە شوێنی ڕووداوەكە و لە لایەن هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش بە سووتاوی دۆزراوەتەوە" شۆڕش ئیسماعیل وای گوت.

دووپاتی دەكاتەوە، كوژراوەكە باوكی شەش منداڵە و دۆسیەی لێكۆڵینەوە بۆ ڕووداوەكە كراوەتەوە و لێكۆڵینەوەش بەردەوامە.



وشە - رامیار جەواد