نەخۆشانی شەكرە بەیانیان هێلكە بخۆن

:: PM:08:02:16/04/2019 ‌

نەخۆشی شەكرە یەكێكە لە نەخۆشییە درێژخایەن و مەترسیدارەكان، بۆیە كۆنترۆڵكردنی پێویستە و توێژینەوەیەكی نوێی پزیشكی ئاشكرای دەكات كە ژەمێكی بەیانیانی نموونەیی بۆ نەخۆشانی شەكرە پێویستە زیاتر چەوری و پڕۆتین و كەمتر كاربۆهیدراتی تیادا بێت، بۆیە ئەو سیفەتە زیاتر لە هێلكەدا هەیە.

توێژینەوەكە دەڵێت كە دیاریكردنی ژەمەكانی خواردن بۆ نەخۆشانی شەكرە لەسەر ئەو بنەمایە دەبێت بە خۆلادان لە زیادبوونی زۆر و كتوپڕی رێژەی شەكری خوێن، بۆیە پێویستە ژەمەكە بڕێكی باش ئەو خۆراكانەی تیادا بێت كە تێربوون دروست بكات و شەكرەی خوێن بەرز نەكاتەوە.

بەپێی توێژینەوەكە لەكاتی خواردنی ژەمێكی زیاتر چەور و كەمتر كاربۆهیدرات بەتایبەتی لە بەیانیان، رێژەی شەكرەی خوێن بەخێرایی زیاد ناكات و ئەوەیش یارمەتی كۆنترۆڵكردنی ئاستی شەكرەی خوێن دەدات لە ماوەی سەعاتەكانی رۆژی دوای ئەوە.

توێژینەوەكە زیاتر دەڵێت، دیاریكردنی رێژەی كاربۆهیدرات لە ژەمی بەیانی كە زیاتر نەبێت لە 10%ی كالۆرییەكانی وەری دەگریت، لەگەڵ وەرگرتنی وزە لە هەریەك لە چەوری و پڕۆتین، ئەوانە نەخۆش دەپارێزن لە بەرزبوونەوەی زۆری رێژەی شەكرەی خوێن.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل