تەرمی ژنێك دۆزرایەوە و منداڵێكیش بەچەقۆ بریندار دەكرێت

:: PM:12:32:17/04/2019 ‌
پۆلیسی ڕاپەڕین ئاشكرای دەكات تەرمی ژنێك دۆزراوەتەوە و منداڵێكی هەشت ساڵانیش بە چەقۆ بریندار کراوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 17ـی نیسان، شۆڕش ئیسماعیل گوتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەمشەو تەرمی ئافرەتێك بەناوی "ت . ب . ع" لەدایكبووی ساڵی 1990 ، پیشەی ژنی ماڵ، دانیشتووی قەڵادزێ گەڕەكی شەهیدان گەیەندرایە نەخۆشخانەی گشتی كە هۆكاری مردنەكەی نادیارە، بۆ دەرکەوتنی هۆكاری مردنەكەشی رەوانەی پزیشكی دادوەری سلێمانی کرا.

گوتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین گوتی، منداڵێك بە ناوی "م . ح . ح" لەدایك بووی ساڵی 2011 دانیشتووی قەڵادزێ گەڕەكی ئیمام قاسم لە لایەن مەفرەزەیەكی پۆلیسی فریاكەوتن بەبرینداری گەیەندرایە نەخۆشخانە گشتی قەڵادزێ كە شوێنەواری چەقۆ بە ڕانییەوە هەبووە.

زیاتر ڕوونی كردەوە، بە گوتەی خۆی چۆتە ماركێتێك و دواتر لەلایەن شاگردی ماركێتەكە چەقۆی لێ دراوە و بەو هۆیەشەوە بریندار بووە، پاشان دادوەر بڕیاریدا بە گرتنی تۆمەتبار، بە وتەی تۆمەتبارەكەش لەكاتی پاكردنەوەی كەلوپەلی ماركێتەكە بەهەڵە چەقۆ لە منداڵەکە داوە.

ڕۆژی یەكشەم ڕووداوێكی كوشتن لەو شارۆكەیە هەبوو كە دەنگدانەوەی زۆری لێ کەوتەوە و پیاوێک لەلایە تۆمەتبارێكی تەمەن 20 ساڵ كوژرابوو.




وشە - رامیار جەواد