گێچەڵی سێكسی پێ دەكەن و دەیسووتێنن

:: PM:01:28:18/04/2019 ‌
نەسرەت لەسەر تۆماركردنی سكاڵا دژ بە بەڕێوەبەری قوتابخانەكەی بەوەی گێچەڵی سێكسی پێ كردووە، لە لایەن چەند كەسێكەوە لە سەربانی قوتابخانەكە سوتێنرا. پۆلیسی بەنگلادیش لەسەر رووداوەكە 15 كەس دەگرێت.

پرسی سووتاندنی نەسرەت جاهان رافی قوتابییە 19 ساڵیەكە لەسەر ئاستی بەنگلادش و دنیا بووەتە پرسی رۆژەڤ، پاش ئەوەی لە 27ی مانگی رابردوو لەلایەن بەڕێوەبەری قوتابخانەكەی گێچەڵی سێكسی پێ دەكرێت، روو دەكاتە یەكێك لە بنكەكانی پۆلیس و سكاڵا لە دژی بەڕێوەبەرەكە تۆمار دەكات، بەڵام پۆلیس بە ڤیدیۆ سكاڵایەكە دەگرێت و پاشان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو دەبێتەوە و دەبێتە پرسی شەقام و چەندان قوتابی تریش باس لەو گێچەڵە سێكسییانە دەكەن كە لەلایەن مامۆستاكانیان پێیان دەكرێت.

نەسرەت وەك لە گرتە ڤیدیۆكەدا دەردەكەوێت، دەیەوێت دەموچاوی داپۆشێت، بەڵام ئەفسەری پۆلیس داوای لێ دەكات دەستی لەسەر دەموچاوی لابدات. پەرچە كرداری تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نیشانی دەدات كە نەسرەت یەكەم قوتابی كچ نییە لەلایەن مامۆستاكانیان گێچەڵی سێكییان پێ بكرێت، بەڵام یەكەم قوتابیە سكاڵا تۆمار دەكات و گێچەڵە سێكسییەكە ئاشكرا دەكات.

نەسرەت لە سكاڵاكەیدا باس لەوە دەكات كە بەڕێوەبەری قوتابخانەكە بانگی كردووە بۆ ژوورە تایبەتەكەی خۆی، لەوێدا بە چەندین شێواز هەوڵیداوە دەستی بۆ ببات.

هەر دوای تۆماركردنی سكاڵا، پۆلیس دەستبەجێ بەڕێوەبەری قوتابخانەكە دەگرێت، بەڵام ژمارەیەك لە خەڵك ناڕەزایەتی نیشان دەدەن و داوای ئازادكردنی دەكەن و تۆمەتیش دەخەنە پاڵ نەسرەت.

رۆژی شەشی نیسان، نەسرەت بۆ تاقیكردنەوەكانی كۆتایی ساڵ دەچێتەوە قوتابخانەكەی، بەڵام وەك براكەی باسی دەكات، چەند كەسێك بۆ سەربانی قوتابخانەكە بانگی دەكەن، دواتر یەكێك لە کچەکان هاوار دەکات كە هاوڕێیەكی لە سەربانی قوتابخانەكە لێی دراوە و پێویستی بە هاوكاری هەیە.

بەگوێرەی روونکردنەوەکەی برای نەسرەت، لەوکاتەدا نەسرەت دەچێتە قوتابخانە لەگەڵیدا بووە، بەڵام بەڕێوەبەرایەتی قوتابخانەكە رێگەیان  لێ گرتووە بچێتە ناو قوتابخانە، دەڵێ، بەڵام دوای هاوارەكە كە چوومە سەربانی قوتابخانە پێنج كەس لە سەربانی قوتابخانە بوون و گوشاریان خستووەتە سەری تا سكاڵاكە بكشێنێتەوە.

زیاتر گوتی، دوای ئەوەی خوشكەكەم رەتی كردووەتەوە لەوێدا ئاگریان لە جەستەی بەرداوە و سووتاندوویانە، ویستوویانە لە سەربانی قوتابخانەكەش فڕێی بدەنە خوارەوە تا وەها لێك بدرێتەوە نەسرەت هەوڵی خۆكوشتنی داوە.

لەسەر رووداوەكە پۆلیسی بەنگلادش دەڵێ، پیلانەكەیان شكستی هێناوە و نەسرەت بە سووتاوی رەوانەی نەخۆشخانە كراوە و لەوێدا هەندێك زانیاری تری داوە بەر لەوەی بەهۆی سەختی برینەكەی گیان لەدەست بدات.
ئەو نەخۆسخانەیەی نەسرەتی لی خەوێندراوە ئاشکرای کردووە، ئەو 80%ی گیانی سووتابوو، رەوانەی نەخۆشخانەی كۆلیژی پزیشكی كرا لە دەكای پایتەختە، بەڵام بەهۆی سەختی برینەكە لە 11ی نیسان گیانی لەدەست داوە.

پۆلیس دەڵێ، لەسەر رووداوەكە تا ئەمڕۆ پێنجشەم 18ی نیسان 15 كەس گیراون و گومان دەكرێت حەوت لەو گیراوانە لە كوشتنی نەسرەت دەستیان هەبێت.



وشە - فه‌رمان سادق