به پێی پێشبینییه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌ڕایه‌تی كه‌شناسی و بوومه‌له‌رزه‌زانی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مڕۆ و سبه‌ی باران ده‌بێ و له هه‌ندێ كاتدا ڕێژه‌كه‌ی زۆر زیاتر ده‌بێ، به گشتیی بارانه‌كه هه‌وره‌تریشقه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌بێ و به‌فریش كه‌مێك ده‌بارێ.
ئه‌مڕۆ شه‌موو 20ی نیسان، ئاسمان هه‌وری ته‌واو ده‌بێت و ورده ورده بۆ نیمچه هه‌ور ده‌گۆڕێ، باران به پچڕ پچڕی له كات و شوێنی جیادا ده‌بێ و ڕێژه‌كه‌ی له ناوچه شاخاوییه‌كان زیاتر ده‌بێ. پله‌كانی گه‌رماش به‌ره‌و نزمبوونه‌وه ده‌چن و له نێوان نۆ تا 21 پله‌ی سیلیزدا ده‌بن.
ئه‌مڕۆ له ده‌ڤه‌رى پشده‌ر و بنارى قه‌نديل، زنجيره چياى كێوه‌ڕه‌ش ڕێژه‌یه‌كی زۆر به‌فر هه‌بووه و تا به‌یانیش به‌رده‌وام ده‌بێ.
سبه‌ی یه‌كشه‌م 21ی نیسان، ئاسمان نیمچه هه‌ور ده‌بێ، له دوای نیوه‌ڕۆوه ده‌گۆڕێ بۆ هه‌وری ته‌واو له‌گه‌ڵ دابارینی لێزمه باران و هه‌وره تریشقه‌ی پچڕ پچڕ. له كاته‌كانی شه‌ودا ڕێژه‌كه‌ی زیاتر ده‌بێ و ئه‌گه‌ری به‌فرێكی كه‌م له ناوچه شاخاوییه‌كان هه‌یه.
پله‌كانی گه‌رما به هه‌مان شێوه‌ی ئه‌مڕۆ له نێوان نۆ تا 21 پله‌ی سیلیزدا ده‌بن.