یەكێتی شێوازی دیاركردنی كاندیدەكانی بۆ پۆستەكانی حكوومەت یەكلا نەكردەوە

:: PM:02:31:20/04/2019 ‌

كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆتایی هات و لەو كۆبوونەوەیەدا ئەو حزبە نەگەیشتە هیچ ئەنجامێك بۆ دیاركردنی شێوازی دانانی كەسەكان لە پۆستەكانی حكوومەتی داهاتووی كوردستان.

ئەمڕۆ شەموو 20ی نیسان، مەكتەبی سیاسیی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆبووەوە، بەڵام كۆبوونەوەكە بەبێ‌ هیچ لێدوان و ڕاگەیەنراوێكی ڕۆژنامەوانی بە كۆتا هات، ئەوە لەكاتێكدا بڕیاربوو ئەمڕۆ یەكێتی شێوازی دیاركردنی كەسەكان بۆ پۆستەكانی حكوومەتی داهاتوو یەكلا بكاتەوە.

سەرچاوەیەك لە مەكتەبی سیاسیی یەكێتی بۆ "وشە" گوتی، هیچ بڕیارێك لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی نەدراوە و كۆبوونەوەیەكی ئاسایی بووە. ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد، بڕیاربوو شێوازی دیاركردنی كەسەكان بۆ دانانیان لە پۆستەكانی حكوومەت یەكلا بكرێتەوە، بەڵام بۆ ئەوە هیچ بڕیارێك نەدرا.

یەكێتی لە حكوومەتی داهاتووی كوردستان ژمارەیەك پۆستی پێدەدرێ‌، بەڵام هێشتا هیچ شێوازێكی دیاركردنی كەسەكانی دانانەوە لە پۆستەكان و پێشتریش "وشە" هەواڵی ئەوەی بڵاو كردبووەوە كە لەسەر پۆستی وەزارەتی پێشمەرگە و چەند پۆستێكی تر كێشە لە نێوان كاندیدانی یەكێتی هەیە.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم