سەرۆك بارزانی پیرۆزبایی جەژنی قیامەی حەزرەتی مەسیح لە مەسیحییەكانی كوردستان و عێراق و سەرانسەری دنیا دەكات و ڕای دەگەیەنێت، بۆنە و جەژنی پێكهاتەكانی كوردستان دەرفەتی باشن بۆ دووپاتكردنەوەی برایەتی و ئاشتی و پێكەوەژیان و جێگەی شانازییە لە وڵاتەكەمان فەرهەنگی پێكەوەژیان مێژوویەكی دێرینی هەیە.
ئەمڕۆ شەموو 20ی نیسان، لە پەیامێكدا سەرۆك بارزانی رای گەیاند، بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی قیامەی حەزرەتی مەسیح "سڵاوی خوای لێ بێت" پیرۆزباییەكی گەرم ئاراستەی هەموو خوشك و برا مەسیحییەكانی كوردستان و عێراق و سەرانسەری جیهان دەكەم. هیوادارم هەموو جەژنەكانیان لە خۆشی و شادی و كامەرانیدا بگێڕن.
"بۆنە و جەژنی پێكهاتەكانی كوردستان دەرفەتی باشن بۆ دووپاتكردنەوەی برایەتی و ئاشتی و پێكەوەژیان و جێگەی شانازییە لە وڵاتەكەمان فەرهەنگی پێكەوەژیان مێژوویەكی دێرینی هەیە و لە سایەی ئەو كولتوورە باڵایەی خەڵكی كوردستانە كە وڵاتەكەمان لە ئاستی هەرێمایەتی و جیهانیدا نموونەیەكی دیاری پێكەوەژیانی پێكهاتە و ئایینی و نەتەوەییە جیاوازەكانە" سەرۆك بارزانی وا دەڵێت.
لە كۆتایی پەیامەكەدا هاتووە، لەم بۆنە پیرۆزەدا هیوای بەختەوەری و شادی بۆ خوشك و برا مەسیحییەكانم دەخوازم و هیوادارم ئەو بۆنەیە دەستپێكێك بێت بۆ نەمانی توندڕۆیی و زوڵم و ئاشتی باڵ بەسەر ناوچەكەمان و جیهاندا بكێشێت.