تەندروستی بەغدا مەترسی بڵاوبوونەوەی سێ نەخۆشی مەترسیدار رادەگەیەنێت

:: PM:03:53:20/04/2019 ‌
فەرمانگەی تەندروستی گشتی بەغدا مەترسی بڵاوبوونەوەی سێ نەخۆشی مەترسیدار رادەگەیەنێت، بەڕێوەبەری تەندروستی بەغدا دەڵێ ئەگەر هەر لافاوێك رووبدات ئەوا نەخۆشییەكانی ئەنفلۆنزا بە هەموو جۆرەكانی و كۆلێرا و تیفۆ بڵاودەبنەوە.

ئەمڕۆ شەموو 20ی نیسان، فەرمانگەی تەندروستی بەغداد رای گەیاند، پایتەختی عێراق لەژێر مەترسیدایە و ئەگەر لافاو رووبدات ئەوا سێ نەخۆشی مەترسیداری وەك ئەنفلۆنزا بە هەموو جۆرەكان و كولێرا و تیفۆ بڵاودەبنەوە.

نازك فەتلاوی بەڕێوەبەری تەندروستی بەغدا، گوتی، بڕێكی زۆر ئاو گڵدراوەتەوە و كۆنتڕۆڵ كراوە، بەڵام ئەگەر هەر رووداوێك رووبدات ببێتە هۆی لافاو لە هەندێك ناوچەدا، ئەوا چەندان نەخۆشی مەترسیدار بڵاودەبنەوە.
زیاتر روونی دەکاتەوە، بۆ ئەمە ئامادەكاری گەورە كراوە بەتایبەت لەو ناوچانەی نزیكن لە هەردوو رووباری دیجلە و فورات، هەڵمەتی كوتان دژ بە تیفۆ و چەندین جۆری تری نەخۆشی مەترسیدار دەستی پێ کردووە و پێویستییە فریاگوزارییەکانیش بۆ بنكە تەندروستییەكان و نەخۆشخانە نزیكەكانی ئەو ناوچانە دابین كراوە.

هۆشداری بەڕێوەبەری تەندروستی بەغدا لە كاتێكدایە بەهۆی بارینی بارانێكی زۆر كە تا ئێستەش بەردەوامی هەیە، لە زۆرێك لە پارێزگاكانی باكور و ناوەڕاست و باشووری عێراق لافاو دروست بووە.



وشە - فه‌رمان سادق