رۆبۆت دەچێتە ناو دنیای چەك و شارەزایان نیگەران دەبن

:: PM:07:33:20/04/2019 ‌

زۆرێك لەو ئامێرە ئەلیكترۆنیانەی ئێستە دەیبینین، لە یەكێك لە سەردەمەكاندا وەك فیلمێكی خەیاڵی زانستی بووە، هەر لە مۆبایل و شاشەكانی نووشتاوە و ئەوانەی بە بەركەوتننی پەنجە كار دەكەن و ئەو یاریدەرە دەنگیانەی وەڵامی هەموو پرسیارێك دەدەنەوە و خانووی زیرەك، هەموو ئەوانەمان نەدەبینی ئەگەر ئەو پەرەسەندنە گەورە و خێرایە لە كۆمپیۆتەر و سیستەمەكانی زیرەكیی دەستكردەوە نەبووایە. 

لێرەدا پرسیارەكە ئەوەیە كە ئاخۆ پێویستە مرۆڤ نیگەران بێت بەوەی تەكنۆلۆجیا و كۆمپیۆتەر چوونەتە ناو هەموو وردەكارییەكانی ژیان؟، پێ دەچێت ئەو نیگەرانی و ترسە تەنیا بۆ كەسانی ئاسایی نییە لەبەرانبەر ئەو بابەتەدا، چونكە دوو لە داهێنەرانی تەكنۆلۆجیا و زیرەكی دەستكرد، هەریەك لە "ئیلۆن ماسك" و "بیل گیتس"، ئەوان نیگەرانی خۆیان لەو بارەوە ناشارنەوە.

لەو كاتەی "ستیڤن هۆكینگ"، زانای فیزیایی كۆچكردوو مەترسی خۆی لەو خێرا پەرەسەندنە تەكنۆلۆجییەوە راگەیاند و گوتی، ئەو پەرەسەندنەی زیرەكی دەستكرد دەكرێت كۆتایی بە رەگەزی مرۆڤ بێنێت، ئەو وا دەكات كە سەربەخۆ گەشەبكات و بە بەردەوامی خۆی دیزاین بكاتەوە، چونكە مرۆڤ كە وابەستەیە بە پەرەسەندنێكی سستی بایۆلۆجی ناتوانن بەربەرەكانی بكەن و شوێنیان دەگرنەوە.  

لەو نموونانەی كە دروستی مەترسی زانایان لە زیرەكی دەستكرد دەسەلمێنن ئەگەر بە خراپی بەكاربهێنرێت یان ئازادی بێسنووری پێ بدرێت، چوونی رۆبۆتە بۆ ناو پیشەسازی سەربازی وەك لە خوارەوە هاتووە:

یەكەم/ فڕۆكەیەكی جەنگی دەنگبڕی بێ فڕۆكەوان 

بەم دواییە هێزە ئاسمانییەكانی ئەمەریكا پڕۆگرامێكی زیرەكی دەستكردیان بەناوی "Skyborg "راگەیاند كە پلان دادەنێت بۆ خستنەكاری فڕۆكەی جەنگی بێ فڕۆكەوان كە سەربەخۆیانە دەفڕێت و مووشەك دەهاوێتە ئامانجە مەترسیدارەكان كە خۆی بێ گەڕانەوە بۆ مرۆڤ دیاریان دەكات، بۆیە دەكرێت لە چەند ساڵی داهاتوودا ئەو جۆرە فڕۆكە ببینین. 

دووەم/ سیستەمی سووتێنەری تیشكی
سەرەڕای ئەوەی ئەو چەكە دروست نەكراوە وەك چەكێكی بكوژ، بەڵام ئەو تیشكێكی كارۆموگناتیسی نەبینراو داوێت كە ئەو كەسەی بەری دەكەوێت هەست بە سووتانی پێستی دەكات، كاتێك هەر بەركەوتننێك دەتوانێت بەئاسانی گەردیلەكانی ئاو لەسەر پێستی كەسی بەركەوتوو بۆ 130 پلەی فەرهەنهایتی لە دووری 500 یاردە گەرم بكات.  

سێیەم/ سیستەمی خۆشاردنەوە
ئەو سیستەمە " Quantum Stealth"، سیستەمێكی نوێی خۆشاردنەوەیە كە پێشتر لە زنجیرە فیلمەكانی هاری پۆتەر بینراوە، بەڵام وا ئەمڕۆ دەبێتە راستی و وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا كار بۆ پەرەپێدانی ئەو سیستەمە دەكات كە لەسەر بنەمای راكێشانی رووناكییەكانی دەوری بوونەوەرەكە دەدات و وەك تارمایی دیار دەكەوێت.

چوارەم/ گولەی زیرەك " DARPA's EXACTO"
پیشەسازی سەربازی لە چەند دەوڵەتێك كار بۆ جۆرێكی نوێی گولە تفەنگ دەكەن، ئەویش گولەی زیرەكە كە توانای رووبەڕووبوونەوەی كەشوهەوای خراپی هەیە وەك با و چڕی هەوا و ئاراستەكردنی نیشانەكەی بۆ خاڵی مەبەست.  

پێنجەم/ تفەنگی لێزەری
ئەو جۆرە تفەنگە " PHASR"، لە دیزاینی وەزارەتی بەرگری ئەمەریكایە و بە رووناكی لێزەر كار دەكات كە بە دریژی جیاجیای شەپۆڵەكان كار دەكات و دەبێتە مایەی بیزاركردنی ئەو كەسانەی سەیری دەكەن و وا دەكات نەتوانن لە بەرانبەریدا بوەستنەوە یان بجەنگن.

شەشەم/ ئاراستەكردنی رۆبۆت بە بیركردنەوە
لە داهاتوویەكی نزیكدا دەتوانیت بە بەكارهێنانی مێشكت بوونەوەرەكان ئاراستە بكەیت، سەرەڕای ئەوەی وا دەردەكەوێت ئەو بابەتە زیاتر پێوەستە بە داهاتوو و دوورە، بەڵام سوپای چین بە كردەنی رۆبۆتەكان تاقی دەكاتەوە كە لە رێگەی مێشكی مرۆڤەوە ئاراستە و كۆنترۆڵ دەكرێن، ئەوەیش بە مەبەستی داهێنانی وەچەیەكی نوێ لە سەربازان.

حەوتەم/ دەمانچەی كارۆموگناتیسی
ئەو دەمانچەیە بۆ هاوێشتنی گولەی كارۆمەگناتیسی زۆر بە خێرایی دروست كراوە كە خێرایی دەگاتە زیاتر لە خێرایی دەنگ و دەگاتە پێنج هەزار میل لە سەعاتێكدا. 

بەكارهێنانی رۆبۆت لە پیشەسازی سەربازی ئەوەندە پەرەی سەندووە كاتێك بەم دواییە تاقیگەی لێكۆڵینەوەكانی سوپای ئەمەریكا لە ویلایەتی ماریلاند سەرقاڵی تاقیكردنەوەی ئامرازێكی نوێ بوون كە بە "باسكی سێیەم"، دەناسرێت و وا دەكات سەربازەكان لەكاتی تەقەكردن وردتر ئامانجەكانیان بپێكن.

وەك ئەندازیار دان باشیڵ، بەرپرس لە پەرەپێدانی ئەو داهێنانە دەڵێت، ئەو باسكە یارمەتی دەدات بۆ دابەشكردنی هاوسەنگی چەكەكە و قوڕساییەكەی، جیا لەوەی وا دەكات سەربازەكان بە لەش سووكییەكی زیاتر جووڵە بكەن لە گۆڕەپانی جەنگدا، هاوكات سووككردنی بارگرانی هەڵگرتنی چەكەكانیان و سێرەگرتن بە وردییەكی زیاتر.

ماڵپەڕی "نیو ئەتڵەس"، تایبەت بە هەوواڵی تەكنیك لە باشیڵ دەگوازێتەوە، ئەو باسكەمان لەگەڵ چەندان جۆرە چەك تاقی كردووەتەوە وەك "M249" و "M240B"، بۆیە لەسەر بنەمای پێشنیازەكان كار بۆ پەرەپێدانی دەكەین كە لەوانەی ئەو چەكانە بەكار دێنن، پێمان دەگات بۆ گەیشتن بە زیاترین وردی لە پێكانی ئامانجەكان.

تەكنیكی "باسكی سێیەم"، بەشێكە لە پڕۆگرامی نوێكردنەوەی سوپای ئەمەریكا كە بە شێوەیەكی بنەڕەتی گرنگی بە پەیكەری دەرەوە دەدات كە یارمەتی سەربازان دەدات لە جووڵانەوەیان و هەڵگرتنی تفاقی سەربازی و ئامێرەكانی پێوەندیكردن، جیا لە باشترین پێكانی ئامانجەكانیان.




















وشە - مه‌حموود ئیسماعیل