بۆ منداڵی نۆبه‌ره ژنی دووگیان ده‌بێ 11 جار سه‌ردانی پزیشك بكات
قۆناغی دووگیانی به هه‌ستیارترین قۆناغی ژیانی ژن داده‌نرێت كه له‌و ماوه‌یه‌دا ژنی دووگیان زۆر به‌چڕی چاودێری ته‌ندروستی ده‌كرێت. پزیشكان به‌پێی دووگیانییه‌كه و باری ته‌ندروستیی ژنه‌كه، چۆنیه‌تیی سه‌ردانی پزیشك و چاودێری بۆ داده‌نێن. دكتۆر سه‌وسه‌ن عه‌بدولجه‌بار پزیشكی پسپۆڕی نه‌خۆشییه‌كانی ژنان و له‌دایكبوون، له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا باس له قۆناغه‌كانی دووگیانی و له‌بارچوونی منداڵ ده‌كات و ده‌ڵێت، له یه‌كه‌م دووگیانبووندا پێویسته ژن 11 جار سه‌ردانی پزیشك بكات.
نیشانه‌كانی دووگیانی چین و چۆن ژنێك بزانێ دووگیانه؟
نیشانه‌ی دووگیانی زۆرن و ژنی دووگیان هه‌ر له سه‌ره‌تا هه‌ست به گۆڕانكاری زۆر ده‌كات، به‌ڵام هه‌ندێك نیشانه‌ی سه‌ره‌كی هه‌ن كه دووگیانبوونیان پێ ده‌ناسرێته‌وه، یه‌كه‌م شت وه‌ستانی سوڕی مانگانه، هێڵنجدان و ڕشانه‌وه یه‌كێكه له نیشانه زۆر دیاره‌كانی دووگیانی، ماندوویه‌تی به‌بێ كاركردن، یه‌كێكی تره له نیشانه سه‌ره‌تاییه‌كانی دووگیانبوون، له نیشانه سه‌ره‌تاییه‌كانی تری دووگیانی بریتین له نه‌مانی ئاره‌زووی خواردن له‌چاو خواردنی پێشتری كه‌سه‌كه. زۆربه‌ی ژنان ئه‌وه‌یان بۆ توێژینه‌وه‌كان ئاشكرا كردووه كه له سه‌ره‌تادا ئاره‌زووی خواردنیان زۆر كه‌م بووه‌ته‌وه، هه‌ستیاریی "حه‌ساسیه‌ت به بۆنه‌كان"، گۆڕانكارییه‌كانی سنگ، گه‌وره‌بوونی گۆی مه‌مك و گۆڕانی ڕه‌نگی، زۆر میزكردن، ڕه‌حم له سه‌ره‌تای سكپڕیدا گه‌شه ده‌كات و پاڵه‌په‌ستۆ ده‌خاته سه‌ر میزڵدان و ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆكاری زوو میزكردن، هه‌ندێك له ژنان له سه‌ره‌تای دووگیانبوونیاندا هه‌ناسه‌توندییه‌كی كه‌میان تووش ده‌بێت، ئه‌م هه‌ناسه‌توندییه به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌یه كه ژنان له‌كاتی دووگیانی‌دا زیاتر پێویستیان به ئۆكسجین هه‌یه. بێگومان له دوای هه‌ستكردن به‌هه‌ریه‌ك به‌م گۆڕانكارییانه، پێویسته سه‌ردانی پزیشك بكه‌ن و دڵنیایی وه‌ربگرن له‌وه‌ی دووگیانن و ئاگاداری باری ته‌ندروستییان بن.
به چه‌ند ڕێ پشكنین ده‌كرێت بۆ دڵنیابوون له دووگیانی؟
یه‌كه‌م جار به ڕێی پشكنینی خوێن دیار ده‌بێت، واته دوای هه‌ست پێكردن به نیشانه‌كان، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ماوه‌كه‌ی زیاتر بوو له پێنج هه‌فته، ئه‌وكات به ڕێی سۆنه‌ر ده‌زانرێت كه دووگیانه یان نا، بێگومان زۆربه‌ی ژنان پێش سه‌ردانی پزیشك، پشكنینی تایبه‌تی ده‌رخستنی دووگیانی له ماڵه‌وه به‌كار ده‌هێنن، ئه‌وه‌ش تا ئاستێكی زۆر ڕاست ده‌رده‌چێت، به‌ڵام هه‌ندێك جار ڕاست ده‌رناچێت، ئه‌مه شتێكی ئاساییه و ڕه‌نگه پێوه‌ندی به جۆری ئه‌و ئامێره هه‌بێت كه پێی ده‌پشكنن، بۆیه باشترین ڕێ له سه‌ره‌تادا ڕێی پشكنینه، له‌ڕێی خوێنه‌وه ده‌بێت دوای دڵنیابوون له دووگیانی قۆناغی چاودێری كۆرپه‌ڵه و دایكه‌كه ده‌ست پێ ده‌كات.
له قۆناغه‌كانی دووگیانی‌دا سه‌ردانیكردنی پزیشك چۆن بۆ ژنان ڕێك ده‌خرێت بۆ چاودێریكردنی ژنه‌كه و كۆرپه‌ڵه‌كه؟
بێگومان سه‌ردانیكردنی پزیشك له‌كاتی دووگیانی‌دا گرنگترین شته، پێویسته ژنانی دووگیان زۆر به‌وردی چاودێری باری ته‌ندروستی خۆی بكات و پابه‌ندی ڕێنوێنییه‌كانی پزیشك ببێت و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نابێ ڕێنوێنییه‌كان پشتگوێ بخات، هه‌ر ژنێك پێویسته پزیشكی تایبه‌تی خۆی هه‌بێت و چاودێری دووگیانییه‌كه‌ی بكات، بۆ ئه‌وه‌ی ئاگاداری هه‌موو گۆڕانكاری و بارودۆخه‌كان بێت، بۆ كه‌سێك كه منداڵی نۆبه‌ره‌یه‌تی، ده‌بێت 11 جار له ماوه‌ی دووگیانییه‌كه‌ی سه‌ردانی پزیشك بكات، بۆ ئه‌وانه‌ی كه منداڵی چه‌نده‌میانه، پێویسته له نێوان حه‌وت بۆ نۆ جار سه‌ردانی پزیشك بكه‌ن. سه‌ره‌تا له‌ڕێی پشكنینی خوێن و سۆنه‌ره‌وه ته‌مه‌نی كۆرپه‌ڵه دیاری ده‌كرێت به‌شێوه‌یه‌كی دروست، بۆ ئه‌وه‌ی بزانین كاتی دروستبوونی كه‌ی بووه تا بڕیار له‌سه‌ر كاتی له‌دایكبوونی بدرێت. كاتی سه‌ردانكردنی پزیشك به‌پێی پێویستی بارودۆخی دایك و كۆرپه‌ڵه‌كه ده‌بێت، بێگومان له كۆتا مانگی دووگیانییه‌كه ده‌بێت هه‌فته‌ی دووجار یان به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه جارێك سه‌ردانی پزیشك بكات.
جۆری خواردنی ژنی دووگیان ده‌بێ چی و چۆن بێت، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی كه دووگیانن و نه‌خۆشیی شه‌كره یان په‌ستانی خوێنیان هه‌یه؟
له‌باره‌ی خواردنی ژنی دووگیان، هه‌موو خواردنێك كه ته‌ندروست بێت به‌پێی پێویستی خۆی و كۆرپه‌ڵه‌كه‌ی ده‌توانێ بیخوات، نابێ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك خۆی برسی بكات و نان نه‌خوات، چونكه ئه‌گه‌ر ئه‌ویش پێویستی نه‌بێت كۆرپه‌ڵه‌كه‌ی پێویستی به‌خۆراك هه‌یه، ته‌نیا خواردنی جه‌رگ و هه‌ناو زیانی ته‌ندوستی بۆ سه‌ر ژیانی كۆرپه‌ڵه و دایكه‌كه هه‌یه و پێویسته نه‌یخوات. له‌باره‌ی ئه‌و ژنانه‌ی دووگیانن و نه‌خۆشیی شه‌كره‌یان هه‌یه، پێویسته له هه‌فته‌یه‌كدا دوو ڕۆژ چوار جار پشكنینی شه‌كره ئه‌نجام بده‌ن، به‌پێی لیستی تایبه‌ت له‌كاتی سه‌ردانكردنیان، پزیشك چاودێری لیسته‌كه‌یان و ئه‌نجامه‌كانیان ده‌كات، ئه‌وانه‌شی په‌ستانی خوێنیان هه‌یه، ده‌بێت هه‌فته‌ی دوو رۆژ له هه‌ر ڕۆژێكدا دووجار په‌ستانی خوێنیان بگرن، به‌هه‌مانشێوه پزیشك چاودێری لیستی دیاریكراو ده‌كات، به‌پێی ئه‌نجامی ئه‌و لیستانه ده‌توانرێ دیاری بكرێت كه ئایا به پێدانی ده‌رمان یان ڕێكخستنی جۆری خواردن كۆنترۆڵ ده‌كرێت و به‌رنامه‌ی تایبه‌تی بۆ داده‌نرێت، به‌جۆرێك هه‌م كۆنترۆڵی په‌ستانی خوێن و شه‌كره‌كه‌ی دایكه‌كه بكرێت، هه‌م كۆرپه‌ڵه‌كه به‌ته‌ندروستی بهێڵرێته‌وه.
له چ كاتێكدا بڕیار ده‌درێت ژنێكی دووگیان منداڵبوونی به‌ڕێی سروشتی بۆ ئه‌نجام بدرێت یان ڕێی نه‌شته‌رگه‌ری؟
ئێمه وه‌ك پزیشكان هه‌میشه باس له‌وه ده‌كه‌ین كه منداڵبوون به‌ڕێی سروشتی باشتره و زیانه‌كانی كه‌متره، به‌ڵام له زۆر حاڵه‌تدا ژنه دووگیانه‌كه ناتوانێ به ڕێی سروشتی منداڵی ببێت، له‌و كاته‌دا ناچارین له‌به‌ر پاراستنی ژیانی كۆرپه‌ڵه و دایكه‌كه به‌ڕێی نه‌شته‌رگه‌ری منداڵه‌كه ده‌ربهێنین، ئه‌و حاڵه‌تانه‌ی كه ناتوانرێ له‌دایكبوونی سروشتی بۆ ئه‌نجام بدرێت، زیاتر ئه‌و ژنانه‌یه حه‌وزیان ته‌سكه، یاخود كۆرپه‌ڵه‌كه دانیشتووه له‌ناو سكیدا، زۆرجار له‌دایكبوونه‌كه له‌ناكاو ده‌بێت، یان سه‌رئاوی ده‌ته‌قێ و ژانی نابێت، یان منداڵه‌كه كێشی زۆر زیاتره له چوار كیلۆ، ئه‌وكات ئه‌گه‌ری ته‌قانی حه‌وزی هه‌یه، بۆیه به نه‌شته‌رگه‌ری ده‌بێت، ئه‌و كه‌سانه‌ی كه ته‌مه‌نیان له خوار ١٨ ساڵه و دووگیانن، ناتوانن به سروشتی منداڵیان ببێت، چونكه ره‌حمیان پێنه‌گه‌شتووه و ئاماده نییه، یان ئه‌وانه‌ی له سه‌رووی ٤٠ ساڵن و یه‌كه‌م منداڵیان ده‌بێت، باشتره به نه‌شته‌رگه‌ری بیبێت، ئه‌گه‌ر ئه‌م حاڵه‌تانه نه‌بوون، ده‌توانن به ڕێی سروشتی بیانبێت، نه‌شته‌رگه‌ریش كاریگه‌ری خراپی هه‌یه، ئه‌گه‌ری تووشبوون به ئیلتیهابی هه‌یه یان تووشی خوێنبه‌ربوون ده‌بێت، نه‌شته‌رگه‌ری منداڵبوون وه‌ك هه‌ر نه‌شته‌رگه‌رییه‌كی تر كه بۆ هه‌ر ئه‌ندامێكی جه‌سته ده‌كرێت مه‌ترسی هه‌یه، به‌ڵام له منداڵبووندا ئه‌ندامی زاوزێی مێ له گه‌وره‌بوون و ته‌قین ده‌پارێزێت.
له‌بارچوونی منداڵ له یه‌كه‌م سێ مانگ و له دووه‌م سێ مانگدا چۆن ڕوو ده‌دات؟
هه‌میشه له‌بارچوون بۆ دوو كات جیا ده‌كرێته‌وه، له‌بارچوون له سێ مانگی یه‌كه‌م، له‌بارچوون له سێ مانگی دووه‌م، له‌بارچوون له سێ مانگی یه‌كه‌مدا واتا له سه‌ره‌تای دروستبوونی كۆرپه‌ڵه تا سێیه‌مین مانگی دووگیانییه‌كه ده‌بێت، ئه‌ویش به‌هۆی تێكچوونی كرۆمۆسات، واتا له‌كاتی دروستبوونی منداڵه‌كه ته‌واو نییه، ژنه‌كه تووشی مه‌یینی خوێن ده‌بێت كه دوای 10 هه‌فته دڵی كۆرپه‌ڵه‌كه ڕاده‌وه‌ستێت، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له منداڵی نۆبه‌ره، له سێ ژن ژنێك منداڵی له‌بار ده‌چێت، له دووه‌م سێ مانگ له‌بارچوونی منداڵ، ئه‌و ژنانه‌ی گرێی ره‌حمیان هه‌یه، كاتێك منداڵه‌كه ده‌گاته دوای سێیه‌مین مانگ، قه‌باره‌ی گه‌وره ده‌بێت و له‌ناو ره‌حمی دایكی به‌هۆی گرێیه‌كه جێی نابێته‌وه و له‌بار ده‌چێت، هه‌ندێك له ژنان ڕه‌حمیان شله، منداڵ ڕاناوه‌ستێ و دێته خوارێ و له‌و كاته‌شدا منداڵه‌كه له‌بار ده‌چێت.
*"ته‌نیا خواردنی جه‌رگ و هه‌ناو زیانی ته‌ندوستی بۆ سه‌ر ژیانی كۆرپه‌ڵه و دایكه‌كه هه‌یه و پێویسته نه‌یخوات."
وشه/دیمانه‌ی ئیڤان عه‌بدولڕه‌حمان