بەفەرمی یەكەم رۆژی مانگی رەمەزان دیار كرا

:: PM:08:48:28/04/2019 ‌
ناوەندێكی فەلەكناسی نێودەوڵەتی پێشبینی دەكات یەكەم رۆژی مانگی رەمەزان بكەوێتە رۆژی دووشەمی داهاتوو كە دەكاتە شەشی ئایار، ئەمەش لە كاتێكدایە وەزارەتی ئەوقافی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لیژنەی بینینی مانگی راگەیاند.
 
ئەمڕۆ یەكشەم 28ی نیسان، محەمەد شەوكەت عەودە بەڕێوەبەری ناوەندی فەلەكناسی نێودەوڵەتی رای گەیاند، بەگوێرەی ساڵنامەی ئیسلامی مانگی شەعبان لە زۆرینەی وڵاتانی ئیسلامی لە حەوتی نیسان دەستی پێ كرد، ئەمەش وادەكات لە زۆرینەی وڵاتانی ئیسلامی مانگ لە پێنجی ئایاری داهاتوو چاودێری دەركەوتنی مانگی نوێ بكرێت كە دەكاتە رۆژی یەكشەم، ئەمەش وادەكات لە زۆرێك لە وڵاتانی ئیسلامی لەو شەوەدا مانگ ببینرێت، ئەگەریش ئاسمان رۆشن نەبوو، ئەوا لە رێگەی تلسكۆبەوە مانگ ببینن و رۆژی دووشەم كە دەكاتە شەشی ئایار ببێتە یەكەم رۆژی مانگی رەمەزان.

زیاتر گوتی "بە پشت بەستن بەو دۆخەوە ئەگەری زۆرە رۆژی دووشەم كە دەكاتە شەشی ئایار یەكەم رۆژی مانگی رەمەزان بێت

محەمەد شەوكەت زیاتر روونی كردەوە، دەكرێت بە بەكارهێنانی تلسكۆب لە رۆژهەڵات و باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا و باشووری ئەوروپا و زۆرینەی وڵاتانی عەرەبی مانگ ببینرێت، بەڵام بینینی مانگ بە چاو لە رۆژئاوا و باشووری ئەفریقیا و زۆرینەی ویلایەتەكانی ئەمەریكا زۆر زەحمەتە، هاوكات لە وڵاتانی ئەمەریكای لاتین ئەگەر هەیە مانگ بە چاو ببینرێت.

قسەكانی ناوەندی فەلەكناسی نێودەوڵەتی لە كاتێكدایە ساڵانە لە هەرێمی كوردستان وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی لیژنەی بینینی مانگ رادەگەیەنێت بۆ دەستنیشان كردنی یەكەم رۆژی مانگی رەمەزان.

جێی باسە ساڵانە ناوەندی فەلەكناسی نێودەوڵەتی لە چیای حفیت لە شاری عەینی ئیماڕاتی چاودێری بینینی مانگ دەكات لە سەعات شەشی ئێوارە تا هەشتی شەو بە كاتی ئیماڕات، نوێنەرانی هەندێك لە لایەنە فەرمییەكانیش ئامادەیی چاودێرییەكە دەبن.



وشە - فه‌رمان سادق