سەباح ساعیدی: سەدر پرۆژەی ستراتیجی دەوڵەتی هەیە و سەریدەخەین

:: PM:05:19:02/05/2019 ‌

سەباح ساعیدی سیاسەتوانی ناسراوی عێراق و پەرلەمانتاری هاوپەیمانی سائیروون، لەم دیمانیەی "وشە"دا ئاماژە بەوە دەكات كە پڕۆژەی بنیاتنانی دەوڵەتیان هەیە و پرسی نەهێشتنی گەندەڵی درێژخایەن و بەردەوام دەبێت. 

ساعیدی كە چوار ساڵ سەرۆكایەتیی لیژنەی نەزاهەی كردووە، تیشك دەخاتە سەر دۆسییەكانی گەندەڵی كە بەم دواییە سائیروون ئاشكرای كرد و دەڵێت، دۆسیەی گەندەڵی بۆڕیی نەوتی بەسڕە كە هاتە راگەیاندن، رەوانەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و دەستەی نەزاهە كراوە و دەبێت ئەوان رێوشوێنی خۆیان وەربگرن.

*وەك هاوپەیمانی سائیروون پێشتر و ئێستەش دروشمی نەهێشتنی گەندەڵی و گەندەڵكارانتان بەرز كردووەتەوە، ئاخۆ دروشمێكی كاتییە و تا چەند لەگەڵیدا بەردەوام دەبن؟ 
بەدڵنیاییەوە پرسی نەهێشتنی گەندەڵی پرسی رۆژێك و دووان و مانگێك و تەنانەت ساڵێك و دووان نییە، چونكە وەك دەزانن گەندەڵی لەناو دامەزراوەكانی دەوڵەت هێلانەی دروست كردووە و گەندەڵكاران هاوشانیان دروست كردووە، بەهۆی ئەو پارێزگارییەی لە لایەنە سیاسییەكانەوە لێیان كراوە و بەهۆی لاوازی رێوشوێنەكانی دەوڵەتیش كە لە دژیان وەرگیراوە، ئەوان زۆر بەهێز بوونە و پرسەكە زۆر تەشەنەی كردووە، لێرەوە نەهێشتنی گەندەڵی ناكرێت نەهێشتنێكی كاتی بێت، بەڵكو دەبێت حاڵەتێكی بەردەوام بێت.
ئێمە باوەڕمان بەوە هەیە نەهێشتنی گەندەڵی ماوەیەكی دوورودرێژ بەردەوام دەبێت و لەو ناوەشدا هەموو ئەوانەی پێمان بكرێت پێشكەشی دەكەین، ئەگەر ناچاریش بكرێین بۆ رشتنی خوێنمان لەپێناو لەناوبردنی گەندەڵكاران و لێپرسینەوە لەگەڵیاندا، بۆیە پڕۆژەی نەهێشتنی گەندەڵی یەكێكە لە پڕۆژە سەرەكییەكانی هاوپەیمانی سائیروون، نەك پڕۆژەیەكی كاتی.

*راگەیاندنی بوونی دۆسیەكانی گەندەڵی چی لە پشتەوەیە، ئاخۆ دواتر بۆ خۆتان زیان نییە كاتێك ناتوانن لێپرسینەوە لە گەندەڵكار بكەن؟
پرۆسەی نەهێشتنی گەندەڵی بە چەند هەنگاوێك بەڕێوە دەچێت، لەوانە ئاگەداركردنەوەی رای گشتییە لەو لێكۆڵینەوە و رێوشوێنانەی بۆ نەهێشتنی گەندەڵی بەڕێوە دەچن بەتایبەتی لەو دۆسیانەی بۆ هاووڵاتییان گرنگن، بەتایبەتی سامانەكانیان و دامەزراوەكانی دەوڵەت و بژێوی هاووڵاتییان كە ئەگەر دۆسییەیەكی گەندەڵی هەبێت، ئەوان ئاگەدار بكرێنەوە كە چیمان كردووە، بۆیە هاوپەیمانی سائیروون لەو دەرگەیەوە دەستی كردووە بە نەهێشتنی گەندەڵی و هەروەها یەكێكە لە پڕۆژەكانی هاوپەیمانی ئیسڵاح و ئیعمار، بەوەی نەهێشتنی گەندەڵی پرسی سەرەكییە و دەبێت هەموو لایەنە سیاسییەكان كار بۆ نەهێشتنی بكەن.
بۆیە ئاگەداركردنەوەی رای گشتی و هاووڵاتییان لە كارە سەرەكییەكانی پەرلەمانە بەو پێیەی نوێنەرایەتیی گەلی عێراق دەكات، پێویستە پەرلەمان ئەو كارە ئەنجام بدات و خەڵك لەو رێوشوێنانە ئاگەدار بكاتەوە كە بۆ نەهێشتنی گەندەڵی پێڕەو دەكرێن.

*دەتوانین بە ژمارە باسی دۆسییەكانی گەندەڵی بكەین كە لای هاوپەیمانی سائیروونە و دەیەوێت ئاشكرایان بكات، وەك بۆڕییە نەوتییەكەی بەسڕە و 13 هەزار دۆسیەی تر لە دوای 2003 كە باسی لێوە كراوە؟

سائیروون هیچ دۆسیەیەكی نەشاردووەتەوە و دواتر بیهێنێتە دەرەوە، بەڵكو هەر دۆسیەیەكی گەندەڵی لای ئێمە كە تەواو دەبێت لە رووی رێوشوێنەكانەوە، راستەوخۆ رەوانەی دادگا دەكرێت، لەبارەی ژمارەی دۆسیەكان، گەندەڵی بچووك بێت یان گەورە لەبەردەم دادگا داواكراوە، بەڵام ئێمە هەوڵ دەدەین گرنگی بە دۆسیە گەورەكانی گەندەڵی بدەین كە راستەوخۆ پێوەندیدارن بە سامان و ژیانی هاووڵاتییانەوە هەیە، بۆیە نابێت خۆمان بە دۆسیە بچووكەكانەوە سەرقاڵ بكەین، بۆ نموونە ئامێرەكانی ئاشكراكردنی تەقەمەنی یەكێكە لە دۆسیە سەرەكییەكان كە ژیانی هاووڵاتییانی كردە قوربانی بەوەی ئامێری بێكەڵك بوون و لەلایەكی تر سامانی عێراقی تێیادا بەهەدەر درا.

*لەبارەی ئەو بۆڕییە نەوتییەی كە باس دەكرێت لە بەسڕەوە بەرەو بەندەری عەقەبەی ئوردنی رادەكێشرێت و نۆ بۆ 10 ملیار دۆلاری تیادا خەرج دەكرێت، لەوكاتەی بە تێچوویەكی كەمتر تەواو دەبێت، ئیوە ئاشكراتان كردووە، یان زانیارییەكان چین؟
ئەو دۆسیەیە وەك باس كرا و هاتە راگەیاندن روونە و رەوانەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و لایەنە لێكۆڵەرەوەكانی دەستەی نەزاهە كراوە و دەبێت ئەوان رێوشوێنی خۆیان وەربگرن، بۆیە ئەو دۆسیەیە خراوەتە بەردەم دادگا و كاتیان پێ دراوە بۆ وەرگرتنی رێوشوێنی پێویست.

*بەڵام لیژنەی دەستپاكی كێشەی زۆری تێدایە و باسی كڕین و فرۆشتنی دۆسیەكانی گەندەڵی دەكرێت، هاوكات هەوڵێك هەیە لەلایەن سائیروون بۆ وەرگرتنی ئەو دەستەیە، ئێوە پلانتان چییە لەوبارەوە؟
ئەو یەكلاكردنەوە سیاسییانەی لەسەر هەر دۆسیەیەك دەكرێت، ئێمە رەتی دەكەینەوە، چونكە ئەو دۆسیانە موڵكی لایەنە سیاسییەكان نین و دەستكەوتێكی سیاسی نین تا بیانەوێت دەستی بەسەردا بگرن، بۆیە پێویستە لیژنەی نەزاهە زۆر كارا بكرێت وەك لەو ماوەی لە نێوان 2006 تا 2010 كە سەرۆكایەتیمان دەكرد، ئەوكات لیژنەی نەزاهە رۆڵی گەورەی هەبوو بۆ نەهێشتنی گەندەڵی و گەندەڵكاران لێی تۆقیبوون و زۆرمان لەوان دادگایی كرد، تەنانەت وەزیرەكان.

*ئێوە لە سەردەمی حكوومەتی پێشوو شەقامتان جووڵاند و دروشمی نەهێشتنی گەندەڵیتان زەق كردەوە، ئێستە خۆتان لە دەسەڵاتن و پڕۆژەتان چییە و تا چەند عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران بەرجەستەی ئەو پڕۆژەی ئێوەی كردووە؟
سائیروون پڕۆژەی بنیاتنانی دەوڵەتی هەیە و پڕۆژە گەورەكەیشی بۆ چاكسازی پشتی بە پڕۆژەكەی سەماحەتی موقتەدا سەدر بەستووە بۆ بنیاتنانی دەوڵەت و دامەزراوەكانی، تا ئێستە هاوپەیمانی سائیروون بەشدار نییە لە حكوومەتی عێراق و تەنانەت یەك وەزیری پێشكەش نەكردووە، بۆیە بواری داوەتە سەرۆك وەزیران بۆ دیاریكردنی وەزیرەكانی لە كەسانی تەكنۆكرات و سەربەخۆ، عادل عەبدولمەهدی لە بەردەم تاقیكردنەوەی گەورەدایە و پرۆگرامێكی دیاریكراوی خستووەتە بەردەم پەرلەمان، دەبێ جێبەجێی بكات و ئێمەیش چاودێری دەكەین و دواتر هەڵوێستمان لە بەرانبەری دەبێت. 


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل