سیدییه نوێیه‌كه‌ی له 15 تراك پێكهاتووه
هونه‌رمه‌ند و پزیشك ره‌وا جه‌مال كه له دوو بواری جیادا كار ده‌كات و خه‌ڵكی سلێمانییه، خاوه‌نی چه‌ند به‌رهه‌مێكی به پێزی هونه‌رییه و به‌مدواییه نوێترین ئه‌لبوومی خۆی بڵاو كرده‌وه. ئه‌و له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا رای ده‌گه‌یه‌نێت باس له‌وه ده‌كات چیتر گۆرانییه كۆنه‌كان ناڵێته‌وه.
هه‌ندێك له هه‌وادارانت پێیان وایه تۆ له گۆرانییه نوێیه‌كان سه‌ركه‌وتووتری وه‌ك له گوتنه‌وه‌ی گۆرانییه كۆنه‌كان، تۆ چی ده‌ڵێیت؟
شتێكی زۆر ئاساییه، ئه‌گه‌ر وابێت مایه‌ی دڵخۆشییه چونكه ئه‌م گۆرانییانه به‌هی خۆم ده‌زانم، با بڵێین له‌سه‌ر من حیسابن هه‌رچه‌نده زۆربه‌ی گۆرانییه‌كان نه‌مر و ره‌سه‌نن، به‌ڵام هه‌رچۆنێك بێت خاوه‌نه‌كانیان دیارن و شتێكی ئاساییه و مایه‌ی دڵخۆشییه ئه‌گه‌ر جه‌ماوه‌ر گۆرانییه نوێیه‌كانی منیان به‌دڵ بێت.
تا ئێسته تووشی گله‌یی و ره‌خنه بوویته‌وه له‌لایه‌ن ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی گۆرانییه‌كانیان ده‌ڵێیته‌وه؟
بێگومان هه‌ر هه‌نگاوێك ده‌نێیت كۆمه‌ڵێك پاڵپشتن و هه‌ندێكیش ره‌خنه و پێشنیاریان هه‌یه، به‌ڵام ده‌توانم بڵێم خۆشبه‌ختانه زۆرینه‌ی ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی گۆرانییه‌كانیانم گوتووه‌ته‌وه، پێیان خۆش بووه و پشتگیریشیان كردووم، ئه‌گه‌ر هه‌ر هونه‌رمه‌ندێكیش به دڵی نه‌بووبێت و گله‌یی هه‌بووبێت، من رێزم گرتووه و ره‌خنه‌كانیشم وه‌رگرتووه، به‌ڵام ئێسته رێیه‌كی خۆم گرتووه و ستایلێكی تایبه‌ت به‌خۆم هه‌یه، ده‌توانم بڵێم چیتر گۆرانیی هیچ هونه‌رمه‌ندێكی تر ناڵێمه‌وه، به‌مه‌رجێك ئه‌و گۆرانییه‌ی ده‌یڵێمه‌وه خاوه‌نه‌كه‌ی نه‌مابێت یان له سه‌رده‌مێكدا گوتبێتی له رووی موزیك و ئاواز باش نه‌بووبێت.
حه‌ز ده‌كه‌یت زیاتر گۆرانیی كام گۆرانیبێژ بڵێیته‌وه كه پێت وابێت له خۆته‌وه نزیكه؟
حه‌ز ناكه‌م گۆرانیی هیچ هونه‌رمه‌ندێكی تر بڵێمه‌وه، به‌ڵام حه‌زم له ده‌نگی نه‌جمه‌دین غوڵامی و عه‌دنان كه‌ریم و به‌هجه‌ت یه‌حیا و مه‌زهه‌ری خالقییه.
بۆچی دره‌نگ ده‌رده‌كه‌ویت و به‌رهه‌می كه‌مت هه‌یه؟
له هه‌موو هه‌نگاوه‌كانی ژیانم حه‌زم نه‌كردووه زۆری و بۆری بكه‌م و هاوكات به‌پێی توانا دانه‌بڕاوم، به‌ڵام به پێویستم نه‌زانیوه له هه‌موو كاتێكدا به‌رهه‌مم هه‌بێت، بۆ نموونه سێ چوار ساڵی زۆر ناخۆش و قورسمان به‌سه‌ر برد، به شتێكی جوانم نه‌زانی له‌و كاتانه ئه‌لبووم بكه‌م.
حه‌ز به كاری ئه‌لبووم ده‌كه‌یت یان سینگڵ؟
جیاوازی نییه لای من، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له ئه‌رشیڤی هونه‌رمه‌ند ده‌مێنێته‌وه ئه‌لبوومه، پێم باشتره چه‌ند ساڵێك بتوانی ئه‌لبوومێك بڵاو بكه‌یته‌وه و دواتر ده‌توانی ئه‌و گۆرانییانه بڵاو بكه‌یته‌وه.
ئامانجی تۆ چییه له كاری هونه‌ری؟
ته‌نیا حه‌ز و ئاره‌زووی منداڵیمه و ئامانجی هیچی ترم نییه له هونه‌ر، چونكه من كاری پیشه‌یی ناكه‌م له كاری هونه‌ری .
له هه‌موو كاره‌كانی خۆت رازیت؟
له‌و كاره هونه‌رییانه‌ی كردوومه له هه‌موویان رازیم و ئه‌وه‌ی ویستبێتم كردوومه، هه‌ندێك گۆرانی هه‌بووه تێكسته‌كه‌ی زۆر جوان بووه، به‌ڵام به شیاوم نه‌زانیوه بیڵێم و په‌شیمان نیم له‌وه‌ی كه نه‌مگوتووه، چونكه زانیومه گۆرانییه‌كی باش ده‌رده‌چێت و باش بڵاو ده‌بێته‌وه له ناو خه‌ڵكدا، به‌ڵام له هه‌موو كارێك مرۆڤ ده‌بێت پابه‌ند بێت به ره‌وشت یان پابه‌ند بێ به كه‌سایه‌تی بنه‌ماڵه‌یی كه من پابه‌ندم پێیان، بۆیه ناتوانم هه‌موو جۆره تێكستێك بڵێم له گۆرانیدا .
هونه‌ر حه‌ز و ئاره‌زووه یان پیشه و بژێویی؟
وه‌ك ئاماژه‌م پێ كرد هونه‌ر لای من حه‌ز و ئاره‌زووه، ئه‌وه‌ی له كاری پزیشكی ده‌ستم ده‌كه‌وێت له هونه‌ره‌كه‌م خه‌رجم كردووه، له‌گه‌ڵ رێزم ده‌بێت به‌رده‌وام له كافی و شوێنه تایبه‌ته‌كان لایف و موزیكت هه‌بێت، ئه‌وجا بتوانیت شتێكت ده‌ست بكه‌وێت له كاری هونه‌ری، ئه‌گه‌رنا هیچ لایه‌نێك نییه پشتگیریت بكات بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌لبوومێك دروست بكه‌یت. له خوا به‌زیاد بێت خۆم سپۆنسه‌ری كاره‌كانم ده‌كه‌م.
كاری پزیشكی و كاری هونه‌ری، له‌م دوو كاره‌ت كامه‌ت زیاتر خۆش ده‌وێت؟
هه‌ردوو بواره‌كه‌م خۆش ده‌وێت و له هه‌ردووكیان رازیم، كاری پزیشكیم ده‌توانم بڵێم خه‌رجیی كاره هونه‌رییه‌كانم ده‌كات.
بۆچی زیاتر به دكتۆر ره‌وا بانگ ده‌كرێیت نه‌ك به هونه‌رمه‌ند ره‌وا، ئه‌وه نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه دكتۆرێكی باشی نه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی باش؟
رێزم هه‌یه و شانازی ده‌كه‌م كه گۆرانی ده‌ڵێم، به‌ڵام من كاره هونه‌رییه‌كه‌م به پیشه‌یی نه‌كردووه، زیاتر سه‌رقاڵم به كاره پزیشكییه‌كه‌م، بۆیه ئاساییه به دكتۆر ره‌وا بناسرێم، بۆیه شتێكی نامۆیه دكتۆر بیت و كاری هونه‌ری بكه‌یت، له‌وانه‌یه هی ئه‌مه بێت.
گله‌ییت له كێ هه‌یه؟
گله‌ییم له‌و بارودۆخه هه‌یه كه وڵاته‌كه‌می پێدا رۆیشتووه، داوده‌زگا و ئه‌و لایه‌نه پێوه‌ندیدارانه‌ی لایه‌نی هونه‌ری هیچ ئاوڕێك له هونه‌رمه‌ندان ناده‌نه‌وه و زۆر كه‌مته‌رخه‌من بۆ هونه‌رمه‌ند، هونه‌رمه‌ند زۆر پشتگوێ خراوه و هه‌موو هونه‌رمه‌ندێك به‌م ده‌رده‌وه ده‌ناڵێنێت.
پڕۆژه‌ی تازه‌ت چییه؟
شه‌مووی رابردوو سیدییه‌كم بڵاو كرده‌وه به ناوی "بۆ كوێ بڕۆم" له 15 تراك پێك هاتبوو.
جگه له كاری هونه‌ری و پزیشكی چ كارێكی تر ده‌زانیت؟
جگه له‌م دوو بواره به‌هره‌ی تر زۆره، به‌ڵام به بۆنه‌ی ده‌رفه‌ت و سه‌رقاڵی نه‌متوانی به‌شێوه‌یه‌كی باش له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌هرانه بڕۆم، له‌گه‌ڵ وه‌رزش زۆر باشم وه‌ك یاریی تۆپی پێ، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ خۆشنووسیندا، چه‌ندجار پێشانگه‌م كردووه‌ته‌وه، به‌ڵام نه‌متوانیوه به‌هۆی كه‌می كاته‌وه په‌ره به‌و به‌هرانه بده‌م.
بۆچی كه كارێك ده‌كه‌یت دڵه‌ڕاوكێت پێوه دیاره و ده‌ترسیت جه‌ماوه‌ر پێشوازییه‌كی باشی لێ نه‌كه‌ن؟
به پێچه‌وانه‌وه من یه‌كێكم له‌وانه‌ی كه زۆر متمانه‌م به‌خۆم هه‌یه له‌رووی هه‌ڵبژاردن و تێكست و میلۆدی، بۆیه متمانه‌م به‌خۆم هه‌یه كه هه‌ڵبژاردنه‌كانم دروستن، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا حیساب بۆ ئه‌مه ده‌كه‌م كارێك نه‌كه‌م كاره‌كانی پێشووم له گوێی بینه‌ران بسڕێته‌وه .
بۆچی تا ئێسته دوێتت نه‌كردووه؟
تا ئێسته یه‌ك دوێتم كردووه له‌گه‌ڵ گۆرانیبێژ فرمێسك، سروود بوو بۆ نه‌ورۆز و له تێكستی گۆرانی نه‌مر، بورهان موفتی زاده ئاوازی بۆ دانا و مامۆستا بورهان داوای لێ كردم ئه‌م گۆرانییه له‌گه‌ڵ خاتوونێكدا بڵێم، ئه‌ویش هونه‌رمه‌ند فرمێسكمان به گونجاو زانی .
ئه‌گه‌ر بڕیارت دا دووباره دوێت بكه‌یته‌وه، حه‌ز ده‌كه‌یت له‌گه‌ڵ كێ بیكه‌یت؟
حه‌ز ناكه‌م له‌گه‌ڵ كه‌س دوێت بكه‌م، تێكسته‌كه وات لێ ده‌كات له‌گه‌ڵ كێ گۆرانی بڵێیت، چونكه هه‌ندێك جار تێكست ده‌بێت بۆ دوو هونه‌رمه‌ند بێت و ئه‌و گۆرانییه وات لێ ده‌كات كه دوێت بكه‌یت، بۆیه كه‌سایه‌تی گرینگه به‌لای منه‌وه، هه‌ر كه‌سێك كه‌سایه‌تی و ده‌نگی له خۆمه‌وه نزیك بێت، ئاساییه به‌لامه‌وه بۆ دوێت.
گۆرانییه‌كانت هیچ پێوه‌ندییان به‌ژیانی تایبه‌تی خۆته‌وه هه‌یه؟
نه‌خێر گۆرانییه‌كانم هیچ پێوه‌ندییان به ژیانی تایبه‌تی خۆمه‌وه نییه، ته‌نیا ویستوومه به هه‌ست و سۆزه‌وه ئه‌و گۆرانییانه بڵێم كه ئاواز و هۆنراوه‌یان بۆ دانراوه و هیچیتر.
وشه/دیمانه‌ی ئه‌حمه‌د تاریق