ماری ئەمساڵ مەترسیدارە و پەلاماری مرۆڤ دەدەن

:: AM:11:03:05/05/2019 ‌

زۆربوونی مار لە چەند شوێنێكی هەرێمی كوردستان، هاووڵاتییان و جووتیارانی نیگەران كردووە. بەرپرسانی تەندروستی وێڕای دڵنیاكردنەوەی هاووڵاتییان لە بوونی مادەی دژەژەهر لە بنكە تەندروستییەكان،  هۆشدارییان دا "خەڵك لەو شوێنانە دوور بكەونەوە كە مەترسی بوونی ماریان لێ دەكرێت”.

زریان عەبدولقادر جووتیارێكی گوندی دۆڵەبەكرەی سەربە شارەدێی قوشتەپە لە پارێزگای هەولێر. باس لەوە دەكات كە ئەمساڵ خۆی و خوشكێكی مار پێوەی داون. بەگوتەی ئەو "ماری زۆر بەتایبەت لە نزیك بەنداوی دۆڵەبەكرە بڵاو بوونەتەوە".

ئەو جووتیارە بۆ "وشە" روونی كردەوە كە ساڵان مار زیاتر لە چەم و دەم رووبارەكان بوون و بە دەگمەن دەبینران، بەڵام ئەمساڵ روو لە ماڵانیش دەكەن. زیاتر دەڵێت  "لە ڕۆژی 19ـی ئادار لەناو زەوییەكەی خۆم مار لە دوو شوێن پێیوەی دام و بۆ ڕۆژی 23ـی ئادار ئەمجارە مار بە خوشكەكەمیەوە دا".

ئەوەش دەخاتە ڕوو "مارەكان ڕاستەوخۆ پێتەوە دەدەن، لە كاتێكدا پێشتر وا نەبوون و كاتێك مرۆڤیان دەبینی ڕایان دەكرد، بەڵام ئێستە بەرەنگارت دەبنەوە، بۆیە مەترسیدارن". زریان قسەیەكی بەساڵاچووانی گوندەكەی خۆی باس دەكات كە گوتوویانە "ئەمساڵ بۆ مار ساڵی برسێتییە، بۆیە پەلاماری خەڵك دەدەن".

بەرپرسێكی تەندروستی هەولێر ئەوە پشتڕاست دەكاتەوە كە  پێوەدانی مار زۆر بووە، بەڵام خۆشحاڵە بەوەی دەرمانی پێویست دابین كراوە.
فاخیر كرمانج بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی تەندروستی هەولێر، بۆ "وشەی" گوتی، "لە ڕۆژانی ڕابردوو پێنج حاڵەتی پێوەدانی مار لە نەخۆشخانەكانی هەولێر تۆمار كراون، سەرجەمیان چارەسەرییان وەرگرتووە و نەخۆشخانەیان جێهێشتووە".

بەگوتەی كرمانجی، هەرچەندە ئەمساڵ پێوەدانی مار زۆر بووە، بەڵام ئەوەی جێی دڵخۆشییە دەرمانی پێویست و دەرزی دژەژەهر لە سەرجەم نەخۆشخانە و بنكەكانی تەندروستی هەن. ئەو وەك لایەنی تەندروستی داوای لە هاووڵاتییان كرد دوور بكەونەوە لەو شوێنانەی ماری زۆر بووە .
هاوكات سابیر تۆفیق پزیشكی ڤێتەرنەری حاڵاەتی زۆربوونی مار بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە كە زۆربوونی باران و دروستبوونی لافاو و برسێتی بۆ مار دروست كردووە ئەمساڵ، ئەمانە هۆی سەرەكی هاتنی لێشاوی مارە بۆ ناو ماڵان، چونكە خۆراك لە شوێنە چۆڵەكان نەماوە و باران و لافاو هەمووی لەناو بردووە.

ئەو پزیشكەی ئاژەڵ بۆ "وشە" گوتی "مار لە كۆتایی مانگی شوبات سڕبوونی كۆتایی دێت و پێویستی بە خۆراك و زاوزێیە بۆیە دێتە دەرەوە، ئەمساڵیش باران هێندە زۆربوو، ڕێی نەدا مار بە ئارەوزووی خۆیان بگەڕێن و لانە بدۆزنەوە بۆیە ڕوویان لە ماڵان كردووە".
" ئەمساڵ ئەوەی جێی تێبینییە ئەوەیە بەشی زۆری ئەو مارانەی كوژراون و بۆ ناو ماڵان هاتوون، لە جۆری ماری بۆرن و هۆكارەكەش نادیارە، بەڵام پێشتر لە هەرێمی كوردستان لێشاوی ماری بۆر بەو شێوەیە نەبینراوە" ئەو ئەو پزیشكە وای گوت.

لەبارەی ڕێنوێنی بۆ كەسی بەركەوتوو، پزیشكەكە روونی كردەوە كە تەنیا مانەوە بەشێوەیەكی ئاسایی و نەشڵەژان و شوشتنی شوێنەكە بە ئاو و سابوون، چارەسەرێكی سەرەتایی زۆرباشە تا دەگات بە نەخۆشخانە. 

یەكێك لە هۆكارەكانی بڵاوبوونەوەی ژەهری مار لە ڕێی خوێنەوەیە كاتێك پاڵەپەستۆی خوێن زیادبوو خوێن زیاتر دەوران دەكات، بۆیە زیاتر بڵاو دەبێتەوە.

لای خۆیەوە بەرپرسێكی تەندروستی شارۆكەی كۆیە سەرسوڕمانی خۆی بۆ زۆریی ژمارەی مار لەمساڵدا دەردەبڕێت لەناو گوند و تەنانەت سەر شەقامیش .

هاوكار عەلی بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی تەندروستی كۆیە، بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، "لە دەم زێ لە سنووری شارەدێی تەقتەق، مار زۆر بووە و بووەتە كێشە بۆ جووتیاران، بۆیە وەك ساڵان ناتوانن سەردانی كێڵگەكانیان بكەن.

ئەو كارمەندە تەندروستییە هۆشداری دا، خەڵك لەو شوێنانە دوور بكەونەوە كە مەترسی ئەوەی لێ دەكرێت ماریان لێ بێت. هاوكات ئاماژەی بەوەش كرد "بەرپرسانی تەندروستی هەولێر سەردانیان كردوون و بەڵێنی زیادكردنی دەرمانی دژەژەهر و چەند پێداویستییەكی تریان پێ داون".










وشە - رامیار جەواد