وردە شووشە لە وێنەكێشان بەكار دەهێنی

:: PM:09:11:06/05/2019 ‌

گەنجێكی شێوەكار وردە شووشە بۆ كێشانی وێنە بەكاردەهێنێت و سوودیش لە كەلوپەلی شكاو و بێكەڵك دەبینێت و دووبارە بەكاریان دەهێنێتەوە.

سەربەست عوسمان لەدایكبووی ساڵی 1993ی شارۆكەی سەیدسادقە، دوای تەواوكردنی خوێندنی ئامادەیی چووەتە كۆلێژی هونەر بەشی شێوەكاری لە زانكۆی سلێمانی و بە ئەكادیمی فێری ئەو هونەرە بووە.

تابلۆكانی ئەو شێوەكارە خۆی لە چەند قوتابخانەیەك دەبینێتەوە سەرەكیترینیان ڕیالیزمە، سەربەست بۆ كێشانی تابلۆكانی هەر ماتریاڵێك بەردەست بێت كاری لەسەر دەكات و سوودیشی لەو كەلوپەلە شكاو و فڕێدراوانە بینیوە كە بە كەڵك نەماون و توانیوێتی دووبارە سوودی لێ ببینێتەوە.

سەربەست لە جۆرێكی وێنەكێشانیدا وردە شوشەی بەكارهێناوە و وێنەیەكی جوانی لێ دروست دەكات، سەربەست بۆ "وشە" دەڵێت، ئەوەی كە بە شووشە كردوومە پێی دەڵێن مۆزایك و چەند جۆرێك ماتریاڵی تێدا بەكارهاتووە، لەوانە تەختە و شووشە و بۆرەك، كە پۆرترێتی ژنێكە باس لە قەلەقی و پارچە پارچە بوون دەكات.

ڕوونیشی كردەوە كە بۆ كێشانی وێنەیەك بە شووشە كاتێكی باشی دەوێت و تێچوویەكی باشیشی دەوێت،  قەبارەی كارەكەیش ڕۆڵی هەیە لە كاتەكەی، بۆ هەركارێكی 50سمانتیم بە 70 سانتیم،  بەلایەنی كەمەوە سێ بۆ چوار ڕۆژی دەوێت ئەگەر بە خێرایی كاری تێدا بكرێت.

سەربەست ئەوەیشی گوت كە یەك پێشانگای تایبەتی هەیە لە سەیدسادق كردوویەتیەوە و بەشداری زیاتر لە 15 پێشانگای هاوبەشی لە ناوچە جیاوازەكان وەك سلێمانی و هەولێر و هەڵەبجە و سەیدسادق كردووەتەوە.

سلێمانی/ ئاریان محەمەد









وشە - سه‌رخێڵ هاشم