سێ‌ هاووڵاتی بە ڕووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەست دا

:: AM:09:51:07/05/2019 ‌
پۆلیسی هەولێر ئاشكرای دەكات لەناو شەقامێكی شاری هەولێر ئۆتۆمبێلێك خۆی بە سێ‌ هاووڵاتیدا كێشا و بەو هۆیەوە سێ‌ كەس گیانیان لە دەست دا.

ئەمڕۆ سێشەم حەوتی ئایار، هۆگر عەزیز گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لە رووداوێكی هاتوچۆدا لەسەر رێگەی هەولێر كۆیە ئۆتۆمبێلێكی جۆری هیۆندا تۆكسۆن لە سێ كەس دەدات، بەهۆی سەختی برینەكەشیان هەرسێ كەسەكە گیان لەدەست دەدەن.

گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر گوتی، ڕووداوەكە لە سەعات 11 ڕوویداوە و هەرسێ هاووڵاتییەكە بەهۆی سەختی برینەكەیانەوە لە شوێنی رووداوەكە گیانیان لەدەست داوە.

زیاتر ڕوونی كردەوە، شوفێری ئۆتۆمبێلەكە لە لایەن هێزەكانی پۆلیس گیراوە و دۆسیەی لێكۆڵینەوە كراوەتەوە.

ئەو ڕووداوە لە كاتێكدایە ساڵانە لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە هەزار هاووڵاتی بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆ دەمرن و زیاتر لە پێنج هەزار ڕووداو تۆمار دەكرێت.

بەرپرسانی هاتوچۆ لە هەرێمی كوردستان هۆكاری زۆری ڕووداوەكانی هاتوچۆ بۆ پاپەند نەبوونی شوفێران بە خێرایی دیاریكراو و نەبوونی ڕێگەوبانی باش دەگەڕێننەوە.




وشە - رامیار جەواد