زانایان تەكنەلۆجیایەك بۆ لەناوبردنی دووانە ئۆكسیدی كاربۆن دادەهێنن

:: PM:12:31:09/05/2019 ‌
بە بەكارهێنانی تەكنەلۆجیایەكی نوێ، زانایان سەركەوتوو بوون لە گۆڕینی دووانە ئۆكسیدی كاربۆن بۆ بەردی كاربۆنی. زانایان پێیان وایە ئەو هەنگاوە رەنگە سوودمەند بێت بۆ پاككردنەوەی بەرگە گۆی زەوی لەو گازە مەترسیدارە.

لە ژمارەی ئەمڕۆیدا رۆژنامەی "دەیلی مەیل"ی بەریتانی راپۆرتێكی لەسەر توێژینەوەی چەند زانایاك بڵاو كردەوە كە هەوڵ دەدەن لە رێی بەكارهێنانی تەكنەلۆجیای نوێ دووانە ئۆكسیدی كاربۆن لە رێی كانەكانەوە بگۆڕێن بۆ بەردی كاربۆنی.

گازی دووانە ئۆكسیدی كاربۆرن یەكێكە لە مەترسیدارترین ئەو گازانەی كە زیانی بە گۆی زەوی گەیاندووە و لە بەرگە هەوای هەسارەی زەوی بووەتە بەربەست لە گەیشتنی تیشكی ژێر سووری خۆر بەپێی پێویست بۆ زەوی و هەڵمژینی، ئەمەش هۆكارێكە لە هۆكارەكانی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی هەسارەی زەوی و تا ئاستێكیش پیسبوونی ژینگەی زەوی.

زانایان دەڵێن، دەتوانن لە رێی ئەو تەكنەلۆجیایە كە توانای مژینی گازی دووانە ئۆكسیدی كاربۆنی هەیە و بیگۆڕێت بۆ وردە بەرد و خۆڵی وردی لە رێی كانەكانەوە، بەمەش بەرزبوونەوەی گەرمی لە زەوییەوە بۆ بەرگە هەوا كەمتر دەبێت و یارمەتیدەریش دەبێت بۆ رێگرتن لە پیسبوونی ژینگە.

زانایان لە پڕۆژەی "كاربفیكس" لە ئایسلەندا و ناوەندی نیشتمانی فڕەنسی بۆ لێكۆڵینەوەی زانستی و زانكۆی كۆڵۆمبیای ئەمەریكی، كاریان لەو پڕۆژەیە كردووە، كۆكن لەسەر ئەوەی ئەو داهێنانە یارمەتی هەسارەی زەوی دەدات.

زیاتر روونی دەكەنەوە كە تەكنەلۆجیایەكە سەرەتا دووانە ئۆكسیدی كاربۆن دەكاتە ئاوی گازاوی، پاشان بە پەستان خستنەسەری و بە بەكارهێنانی هەڵماندن، ئەوا گازە زیانمەندەكە دەبێتە شلەیەكی چڕ و بە ئاسانیش لە ئاو جیا دەكرێتەوە.

 ئیدا سیف ئارادوتیر بەڕێوەبەری پڕۆژەكە دەڵێ، ئێمە لە بنەڕەتدا هەڵدەستین بە دەرهێنانی ئاوی گازاوی لە دووانە ئۆكسیدی كاربۆن، دواتر لە ژێر پاڵەپەستۆیەكی زۆر بەرزدا پرۆسەی كردنی بە مادەیەكی پۆڵاینی دەست پێ دەكات.

جێی باسە ئەو داهێنانە یەكێكە لە هەوڵەكانی زانایان بۆ رێگرتن لە بەرزبوونەوەی دووانە ئۆكسیدی كاربۆن بۆ بەرگە هەوای زەوی كە بە یەكێك لە مەترسیدارترین ئەو گازانە دادەنرێت كە هۆكاری بەرزبوونەوەی پلەی گەرمایە.


وشە - فه‌رمان سادق