به‌غدا ته‌واوی دانه‌وێڵه‌ی جووتیاری عێراق ده‌كرێته‌وه، كه‌چی هی جووتیارانی كوردستان یه‌ك له‌سه‌ر سێی ده‌كڕێته‌وه
ئه‌مساڵیش پێ ده‌چێت بڕێكی زۆر له گه‌نمی جووتیارانی كوردستان له‌سه‌ر ده‌ستان بمێنێته‌وه، ئاخر ئه‌وه‌ی له پشكی بودجه‌ی عێراق بۆ كڕینی گه‌نم بۆیان بڕاوه‌ته‌وه، كه‌متره 7% و به‌غدا 17%ه‌كه‌شی پێ به ره‌وا نه‌زانیوه، له كاتێكدا هه‌رێم توانای هه‌یه نیوه‌ی هه‌موو گه‌نمی عێراق دابین بكات. یه‌كێتی جووتیاران به‌شێك له هۆكاره‌كه بۆ ناشاره‌زایی ئه‌و شانده ده‌گه‌ڕێنێته‌وه له‌گه‌ڵ به‌غدا بۆ ئه‌م پرسه دانوستانی كردووه.
هێنده‌ی نه‌ماوه جووتیارانی كوردستان به‌رهه‌می ماندووبوونی ساڵێكیان بدروونه‌وه، ئه‌مساڵ كه ساڵێكی پڕ باران و ته‌ڕ بوو، له هه‌ندێك ناوچه‌ی كوردستان بارانه‌كه بۆ به‌رهه‌می گه‌نم و جۆ به قازانج و له هه‌ندێك شوێنی تریش به زیان شكاوه‌ته‌وه. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش جووتیارانی كورستان كه پشت و په‌نایه‌كی ئه‌وتۆیان نییه، سیاسه‌تی رقی به‌غدا و ناشاره‌زایی به‌رپرسانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌م مه‌ترسییه‌ی دروست كردووه، ئه‌مساڵیش جووتیاران به ئاسانی نه‌توانن به‌رهه‌مه‌كه‌یان ساغ بكه‌نه‌وه.
پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان له‌چاو پارێزگاكانی تری عێراق خاكێكی به‌پیتتریان بۆ به‌رهه‌مهێنانی گه‌نم هه‌یه و له توانایدایه نیوه‌ی هه‌موو پێداویستییه‌كانی عێراق به گه‌نم دابین بكات، به‌ڵام سته‌م له‌و توانا ئابوورییه كراوه و حكوومه‌تی ناوه‌ندی له كاتی داڕشتنی پلانی كڕینه‌وه‌ی گه‌نم، حیسابێكی ئه‌وتۆی بۆ هه‌رێمی كوردستان نه‌كردووه.
ماوه‌ی رابردوو نوێنه‌رانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له وه‌زاره‌ته‌كانی پلاندانان و كشتوكاڵ سه‌ردانی به‌غدایان كرد بۆ ئه‌وه‌ی پشكی هه‌رێم له كڕینی گه‌نم دیاری بكه‌ن، به‌ڵام به‌هۆی ناشاره‌زایی و راوێژنهكردن به جووتیاران، ئاماری هه‌ڵه‌یان برده به‌غدا و به‌غداش سوودی له‌مه وه‌رگرت و پشكێكی كه‌می بۆ هه‌رێمی كوردستان دیاری كرد.
به‌پێی ئه‌و ئاماره‌ی یه‌كێتی گشتیی جووتیارانی كوردستان به "وشه"ی داوه، كۆی ئه‌و بودجه‌یه‌ی حكوومه‌تی عێراق بۆ كڕینه‌وه‌ی گه‌نمی جووتیاران بۆ ساڵی 2019 ته‌رخانی كردووه، بریتییه له دوو تریلیۆن و 500 ملیار دینار و به‌پێی خه‌مڵاندنه‌كانی حكوومه‌تی عێراقیش به‌م پاره‌یه، چوار ملیۆن و 500 هه‌زار تۆن گه‌نم ده‌كڕێت ئه‌گه‌ر تێكڕای نرخی هه‌ر تۆنێك به 560 هه‌زار دینار دیاری كرابێت.
نه‌وزاد مه‌حموود عه‌لی سه‌رۆكی یه‌كێتی گشتیی جووتیارانی كوردستان بۆ "وشه" گله‌یی له‌وه كرد كه پرسیان پێ نه‌كراوه و شانده‌كه‌ش كه چوونه‌ته به‌غدا، ئاماری هه‌ڵه‌یان داوه‌ته به‌غدا و به‌غداش له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌م ئاماره هه‌ڵه‌یه پشكی كوردستانی دیاری كردووه.
ئه‌و روونی كرده‌وه بۆ دیاریكردنی پشكی هه‌رێمی كوردستان، بڕی ئه‌و گه‌نمه‌ی له ساڵانی 2017 و 2018 راده‌ستی حكوومه‌تی عێراق كراوه كراوه‌ته پێوه‌ر و به شانده‌كه‌ی هه‌رێمیان گوتووه تێكڕای ئه‌م دوو ساڵه وه‌رده‌گرن و ئه‌گه‌ر پێویستی كرد، ئه‌وا 30%ی پێوه زیاد ده‌كه‌ن. تێكڕای ئه‌و گه‌نمه‌ی له‌م دوو ساڵه‌دا راده‌ستی به‌غدا كراوه، بریتییه له 280 هه‌زار تۆن و دوای ئه‌وه‌ی 30%ی پێوه زیاد ده‌كرێ، ده‌گاته 366 هه‌زار تۆن و ته‌نانه‌ت 30%ه‌كه‌ش به ته‌واوی ره‌چاو نه‌كراوه و دواجار 340 هه‌زار تۆن بۆ هه‌رێمی كوردستان دیاری كراوه.
هاوكێشه‌ی بیركاری ئه‌مه ده‌سه‌لمێنێت كه پشكی هه‌رێم 6.5% دیاری كراوه. به واتایه‌كی تر له كڕینه‌وه‌ی گه‌نم، حكوومه‌تی عێراق ته‌نانه‌ت حیسابی 17%یشی نه‌كردووه و سه‌رووی 93%ی بۆ جووتیارانی پارێزگاكانی تر ته‌رخان كردووه، له كاتێكدا هه‌رێمی كوردستان توانای هه‌یه نیوه‌ی عێراق گه‌نم به‌رهه‌م بهێنێت.
جێی باسه هه‌رێمی كوردستان ساڵی 2018 ملیۆنێك و 200 هه‌زار تۆن گه‌نمی به‌رهه‌م هێنا، له كاتێكدا به‌رهه‌می عێراق بریتی بوو له خوارووی سێ ملیۆن تۆن.
شانده‌كه‌ی هه‌رێم كه چوونه‌ته به‌غدا جگه له‌وه‌ی زانیاریی هه‌ڵه‌یان خستووه‌ته‌ڕوو، به بۆچوونی نه‌وزاد مه‌حموود یه‌كه‌م هه‌ڵه كه شاندی هه‌رێم له به‌غدا كردوویه‌تی، ئه‌وه بووه نه‌ده‌بوو به پێشنیاری به‌غدا بڕی گه‌نمی وه‌رگیراوی ساڵانی 2018 و 2019 بكرایه پێوه‌ر، به‌ڵكو ده‌بوو ساڵانی 2015 و 2016 بكرایه پێوه‌ر كه سه‌رووی 750 هه‌زار تۆنی راده‌ستی به‌غدا كرد.
دووه‌م خاڵ ئه‌وه بووه ئه‌و ئامار و داتایانه‌ی نوێنه‌ره‌كان له‌گه‌ڵ خۆیان بردوویانه‌ته به‌غدا و خستوویانه‌ته‌ڕوو، كه‌موكورتی تێدا بووه. بۆ نموونه له هه‌رێمی كوردستان ساڵانه ئه‌و رووبه‌ره زه‌وییه‌ی ده‌كرێته گه‌نم، بریتییه له سێ تا سێ ملیۆن و 500 هه‌زار دۆنم و له‌م رووبه‌ره‌ش 660 هه‌زار دۆنمی به‌راوه و ئه‌وه‌ی تری دێمه، شانده‌كه‌ی هه‌رێمیش ته‌نیا رووبه‌ری به‌راویان به به‌غدا داوه و به‌غداش له‌سه‌ر ئه‌م پێوه‌ره پشكی دیاری كردووه.
بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م پرسه، یه‌كێتییه‌كه چه‌ندان جار نووسراوی ئاراسته‌ی لایه‌نه پێوه‌ندیداره‌كان كردووه، به‌ڵام وه‌ڵامێكی ئه‌وتۆ نه‌بووه و به‌شێك له هۆكاره‌كه‌ش بۆ پرسی دانه‌مه‌زراندنی حكوومه‌ت ده‌گه‌ڕێته‌وه و وایكردووه ئاوڕ له داخوازییه‌كانیان نه‌درێته‌وه. هه‌رچه‌نده هیواخوازن له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ دابنیشن و ئه‌م پرسه بخه‌نه‌ڕوو. ئه‌و باسی له ده‌نگۆیه‌ك كرد كه ته‌نیا به شه‌فه‌یی پێیان گه‌یشتووه و ئه‌ویش ئه‌وه‌یه گه‌نمی زیاتر له جووتیاران وه‌ربگیرێت.
"وشه" چه‌ندان جار هه‌وڵی دا به‌رپرسه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ بدوێنێ كه له كۆبوونه‌وه‌ی به‌غدا به‌شداری كردووه، به‌ڵام وه‌ڵامی ته‌له‌فۆنی نه‌دایه‌وه.
راسته ئه‌مساڵ بارانێكی زۆر باریوه، به‌ڵام ئه‌م به‌رپرسه‌ی جووتیاران ده‌ڵێ بارانی زۆر له هه‌ندێك ناوچه به زیان شكاوه‌ته‌وه كه هه‌ندێك ناوچه‌ش قازانجی هه‌بووه، ئه‌مه‌ش بۆ پێكهاته‌ی ئه‌و خاكه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه كراوه‌ته گه‌نم. ئه‌و نموونه‌ی ئه‌وه باس ده‌كات كه له ده‌شتی شه‌مامك بارانی زۆر كاریگه‌ریی خراپی نه‌بووه، به‌ڵام هه‌ندێك شوێن جۆره كرمێكی دروستی كردووه كه بووه‌ته هۆی دابه‌زاندنی به‌رهه‌مه‌كه. وه‌ك نه‌وزاد مه‌حموود پێشبینی ده‌كات، ئه‌مساڵ جووتیارانی هه‌رێمی كوردستان له نێوان 800 هه‌زار تا ملیۆنێك تۆن گه‌نم ده‌توانن به‌رهه‌م بهێنن.
به‌و پێیه ئه‌گه‌ر حكوومه‌تی عێراق ته‌نیا 340 هه‌زار تۆن گه‌نم له جووتیارانی كوردستان وه‌ربگرێت، ئه‌وا دوو له‌سه‌ر سێی به‌رهه‌مه‌كه له ده‌ستی جووتیارانی كوردستاندا ده‌مێنێته‌وه. له‌و پشكه‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان دیاری كراوه 100 هه‌زار تۆن بۆ دهۆكه، 112 هه‌زار تۆنی بۆ هه‌ولێر، 80 هه‌زار تۆن بۆ سلێمانی، 25 هه‌زار تۆن بۆ گه‌رمیان و بڕێكیش بۆ شێخان دیاری كراوه.
عێراق له كاتێكدا پشكێكی كه‌م له گه‌نمی هه‌رێمی كوردستان ده‌كڕێته‌وه كه خۆی پێویستی به هاورده‌كردنی گه‌نمه، به بۆچوونی نه‌وزاد مه‌حموود هۆكاری ئه‌مه له‌لایه‌ك بۆ هه‌رزانیی به‌رهه‌می ده‌ره‌كی ده‌گه‌ڕێته‌وه و ئه‌وه‌ی ناوخۆ ته‌نیا بۆ پاڵپشتیكردنی جووتیارانه، ئه‌گه‌رچی سووده‌كه زیاتر ده‌چێته گیرفانی عه‌ره‌ب نه‌ك كورده‌وه. له ساڵانی رابردوو تۆنی گه‌نم به 780 هه‌زار دیناریش له جووتیار كڕاوه‌ته‌وه، له كاتێكدا گه‌نمی باشتر له ده‌ره‌وه‌ی وڵات تۆنی به 240 هه‌زار دیناره، ئه‌مساڵیش نرخه‌كه‌ی له خوارووی 600 هه‌زار دینار ده‌ستنیشان كراوه. ساڵی 2017 عێراق تریلیۆن و 600 ملیاری ته‌رخان كرد و ساڵی 2015 سه‌رووی سێ تریلیۆنی ته‌رخان كردبوو.
ئاماره‌كان ئه‌مه ده‌رده‌خه‌ن كه حكوومه‌تی عێراق 100%ی گه‌نمی جووتیارانی عێراق ده‌كڕێته‌وه، چونكه به‌و بودجه‌یه‌ی دیاری كردووه ده‌توانێ سه‌رووی چوار ملیۆن تۆن بكڕێته‌وه، جووتیارانی عێراق ته‌نانه‌ت ناتوانن ئه‌و گه‌نمه‌ش به‌رهه‌م بهێنن بۆ ئه‌وه‌ی راده‌ستی سایلۆی بكه‌ن، كه‌چی له كوردستان دوو له‌سه‌ر سێی گه‌نمه‌كه ده‌مێنێته‌وه و لێره‌دایه سته‌می به‌غدا به‌رانبه‌ر به جووتیارانی كوردستان به ئاشكرا ده‌رده‌كه‌وێت.
*ئه‌مساڵ جووتیارانی هه‌رێمی كوردستان له نێوان 800 هه‌زار تا ملیۆنێك تۆن گه‌نم به‌رهه‌م دێنن.
*نه‌وزاد مه‌حموود عه‌لی سه‌رۆكی یه‌كێتی گشتیی جووتیارانی كوردستان: نه‌ده‌بوو بڕی گه‌نمی وه‌رگیراوی ساڵانی 2018 و 2019 بكرایه پێوه‌ر، به‌ڵكو ده‌بوو ساڵانی 2015 و 2016 بكرایه پێوه‌ر.