ئێران هەڕەشەی دەركردنی سێ ملیۆن ئەفغان لە ئەوروپا دەكات

:: PM:03:06:09/05/2019 ‌

بەرپرسێكی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەڕەشەیەكی نوێ لە ئەوروپا دەكات و دەڵێت، ئەگەر هەناردەی نەتی ئێران بۆ سفر كەم بكرێتەوە، ئەوا ئێرانیش هەموو ئەفغانستانییەكانی نیشتەجێی ئێران دەردەكات.

عەباس عێراقچی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران روونی كردەوە ئێران كار بۆ ئەوە دەكات قۆناغ بە قۆناغ بە یەكجاری لە رێككەوتنی ناوكیی بێتە دەرەوە و بۆ هەر جۆرە سزایەكیش ئەگەر ناچار بێت، ئەوا رێوشوێن و چارەسەری هەیە.

نموونەیەك كە عێراقچی ئاماژەی پێ دەكات و دەیەوێت ئەوروپای پێ بترسێنێت، دەركردنی ئەو ئەفغانانەیە كە لە ئێران دەژین و دەڵێت ئەگەر ئێران ئەمە بكات، ئەفغانەكان روو لە وڵاتانی تر بە تایبەت ئەوروپا دەكەن و بەمەش تەنگژەیەكی نوێ دەهێننە كایەوە.

بەگوێرەی "رادیۆ فەردا" ئەو بۆ بەرنامەیەكی تەلەڤزیۆنی ئێرانی قسەی دەكرد و ئاماری ئەفغانەكانی نیشتەجێی ئێرانی خستەڕوو كە سەرووی سێ ملیۆن كەس دەبن و دوو ملیۆن دەرفەتی كار لە ئێرانیان داگیر كردووە.

وەك عێراقی خستیەڕوو ئەفغانەكان ساڵانە سێ تا پێنج ملیۆن یۆرۆ سەرمایە لە ئێران دەبەنە دەرەوە و بەگشتی هەشت ملیار دۆلار خەرجییان بۆ ئێران هەیە.



وشە - سلێمان تاشان