جەنگی ئابووری نێوان ئەمەریكا و چین گەرم دەبێتەوە

:: AM:10:26:11/05/2019 ‌

نوێترین باجی گومركی ئەمەریكا لە دژی چین لە دوێنێ هەینییەوە جێبه‌جێ ده‌كرێ و چینیش دەڵێت بێدەنگ نابێت و وەڵامی ئەمەریكا بە سەپاندنی باجی نوێ دەداتەوە.

حكوومەتی ئەمەریكا بە رێژەی 15% باجی خستووەتە سەر قەبارەی 200 ملیار دۆلار لە بەرهەمەكانی چین كە هەناردەی ئەمەریكا دەكرێن.

خۆی بڕیار بوو ئەم باجە نوێیە لە سەرەتای ئەمساڵەوە بەسەر كاڵاكانی چیندا بسەپێنرێت، بەڵام دۆناڵد ترەمپ لە ئاكامی هێوربوونەوەی جەنگی بازرگانیی وڵاتەكەی لەگەڵ چین بڕیارەكەی هەڵپەساردبوو.

دەگوترێت دۆناڵد ترەمپ لە رەوتی هاوكاری و گفتوگۆكانی نێوان دوو وڵات بۆ دواییهێنان بە جەنگی بازرگانی و رێككەوتن لەسەر هەندێك پرەنسیپی نوێ، نائومێد بووە، بۆیە دەستی بە سەپاندنی باج بەسەر بەرهەمەكانی چین كردووە.

بەگوێرەی "یۆرۆنیوز" چین یەكێك لەو وڵاتانەیە كە ساڵانە بە قەبارەی سەدان ملیار دۆلار كاڵا و شتومەك هەناردەی ئەمەریكا دەكات. هەرزانبوونی بەرهەمەكانی چین بەراورد بە بەرهەمەكانی ئەمەریكا هۆكار بووە لەوەی رێژەیەكی بەرچاو لە بازاڕەكانی ئەمەریكا داگیر بكات.

ترەمپ دەیەوێت بەم كارەی پەرە بە بەرهەمی ناوخۆ بدات. ئەوەی وایكردووە بەرهەمی چین هەرزانتر بوەستێت، هەرزانی تێچووەكەیەتی و تەنانەت ژمارەیەك لە كۆمپانیاكانی ئەمەریكا لە چین شت بەرهەم دێنن و دواتر دووبارە دەیگەڕێننەوە ئەمەریكا هەنگاوێك كە ترەمپ لەگەڵیدا نییە و پێی وایە كۆمپانیاكان دەبێت هەلی كار بۆ ناوخۆ دابین بكەن نەك بۆ وڵاتانی تر.



وشە - سلێمان تاشان