عیماد حه‌سه‌ن نووسه‌ر و وه‌رگێڕ تا ئێسته نۆ كتێبى بڵاو كردووه‌ته‌وه، جیا له كاره تایبه‌ته‌كانى خۆى، به‌ڕێوه‌به‌رى دهزگهیهكه به ناوى "رۆسا". ئه‌م ده‌زگه‌یه تا ئێسته 80 كتێبى بڵاو كردووه‌ته‌وه. عیماد له دیمانه‌یه‌كى تایبه‌ت به"وشه" باس چه‌ند ره‌هه‌ندێكى وه‌رگێڕان و چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ى كتێب ده‌كات.
به‌ر له‌وه‌ى پرسیار له ناوه‌ڕۆكى دوایین كار بكه‌ین. ده‌مانه‌وێ وه‌ك وه‌رگێڕێك بزانین پێوه‌رى تۆ بۆ هه‌ڵبژاردنى ئه‌و كتێبه چییه كه وه‌ریده‌گێڕی؟
ئه‌و كتێبانه‌ى من وه‌رمگێڕاون و یان نیازمه وه‌ریانبگێڕم، ئه‌و بابه‌تانه ده‌گرنه خۆ كه له كتێبخانهى كوردى نین، بۆ نموونه ساڵى 2016 رۆمانێكى حه‌ننا مینا گه‌وره نووسه‌رى سووریم وه‌رگێڕا به‌ناونیشانى (كاتێ مه‌مك مرد). وێڕاى ئه‌وه‌ى ئه‌م نووسه‌ره به‌ناوبانگه، به‌ڵام خوێنه‌رى كوردى زمان ئاگادارى له‌سه‌ر كاره‌كانى نییه كه نزیكه‌ى 50 رۆمان و چیرۆك و نووسینى ره‌خنه‌یین له‌باره‌ی رۆمان و چیرۆك. رۆمانه‌كه تایبه‌ته به ململانێى نێوان ژن و پیاو، هه‌روه‌ها وه‌ڵامى ئه‌و پرسیاره ده‌داته‌وه كه ئایا ده‌توانن به‌بێ یه‌كتر بژین. خستنه به‌رباسى ئه‌م بابه‌ته له رۆمانێكدا كارێكى نوێ بوو.
هه‌مان شت له وه‌رگێڕانه‌كانى ترم به‌دى ده‌كرێن, هه‌م بابه‌ت و هه‌میش نووسه‌ره‌كه ناوازه‌ن و خوێنه‌رى كوردى پێى نه‌زانیون و نه‌یخوێندوونه‌ته‌وه. هه‌روه‌ها "ئه‌فسانه‌ى عه‌شق" كه كۆمه‌ڵه چیرۆكێكه و باس له نه‌هامه‌تى ژنه ئێرانییه‌كان ده‌كات. ئه‌و كۆمه‌ڵه چیرۆكانه‌ى منداڵان كه هه‌موویان چیرۆكى په‌روه‌رده‌یین، پێوه‌رى سه‌ره‌كى من بۆ وه‌رگێڕانى كتێب ناوازه‌یى و نوێبوونى ده‌قه‌كه‌یه.
هه‌ڵبه‌ته تۆ دهزگهیشت هه‌بووه و كتێبت بڵاو كردووه‌ته‌وه، ئایا هه‌مان پێوه‌ر ره‌چاو ده‌كه‌یت كه بۆ هه‌ڵبژاردنى كاره‌كانى خۆت ده‌یكه‌یت؟
پێوه‌رى من له‌گه‌ڵ خاوه‌ن ده‌زگه‌ى رۆسا بۆ چاپ و بڵاوكردنه‌وه جیایه. له‌به‌رئه‌وه‌ى ده‌زگه ده‌بێ به‌رده‌وام بێ و ره‌واج بۆ كتێبه‌كانى په‌یدا بكات. بۆیه ده‌بێ پێوه‌رێك دابنێ بیگه‌یه‌نێته ئه‌و ئامانجه. ئێمه زیاتر كار له‌سه‌ر سێ بابه‌ت ده‌كه‌ین, ئه‌وانیش رۆمان و په‌ره‌پێدانى مرۆیى و چیرۆكى منداڵانن. له پاڵ ئه‌و بابه‌تانه‌شدا كتێبى جۆروجۆرمان چاپ كردووه كه مێژوویى و ده‌روونزانى و فه‌لسه‌فه و لێكۆڵینه‌وه‌ى فیكرى و ئهدهبیشى تێدایه. به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كى گشتى له‌سه‌ر ئه‌م سێ بابه‌ته ئیشمان كردووه و به‌رده‌وام ده‌بین.
له هه‌ڵبژاردنى كتێبه‌كان ده‌بێ ره‌چاوى نوێگه‌رى و رهواجیش بكه‌ین، له‌مه‌وبه‌ر هه‌وڵى ئه‌وه‌مان داوه ده‌قى كۆمه‌ڵێك نووسه‌ر چاپ بكه‌ین كه به‌ڕاستى خوێنه‌رى كورد پێشتر ده‌قه‌كانیان نه‌خوێندووه‌ته‌وه. هه‌روه‌ها له‌پاڵ ئه‌وانه‌شدا كارى نووسه‌رانى ناسراویشمان چاپ كردووه. به راشكاوى بڵێین پێوه‌رى ده‌زگه‌ى ئه‌هلى بۆ ئه‌وه‌یه له چاپكراوهكانى له بازاڕدا ساغ ببنه‌وه. به‌رهه‌مه‌كانى ئێمه‌یش له دوورمه‌ودا و له نزیكمه‌ودا ده‌فرۆشرێن و خوێنه‌ر بۆ خۆیان راده‌كێشن.
به‌مدواییه ده‌زگه‌ى رۆسا بایه‌خ به كتێبى "گه‌شه‌پێدانى مرۆیى" ده‌دات، ئایا ئه‌مه ته‌نیا له‌به‌ر بازاڕه، یان قه‌ناعه‌تت به‌وه هه‌یه خوێنه‌رى ئه‌م بواره زۆره؟
گه‌شه‌پێدانى مرۆیى و گه‌شه‌پێدانى كه‌سیه‌تى و سه‌ركردایه‌تیكردن، له هه‌موو بواره‌كانى تر‌ى رۆشنبیرى زیاتر خوێنه‌رى بۆ خۆى راكێشاوه. له‌و كاته‌ى ئێمه ئه‌م گفتوگۆیه ده‌كه‌ین قسه‌كه‌ر و راهێنه‌رى وا له دنیادا هه‌ن كه كتێبه‌كانیان به سه‌دان ملیۆن دانه‌یان لێ ده‌فرۆشرێ . جێى خۆیه‌تى له خۆمان بپرسین نهێنى ئه‌م دیارده‌یه چییه؟ ناتوانین له دووره‌وه وه‌ڵامى ئه‌م پرسیاره بده‌ینه‌وه، به‌ڵكو ده‌بێ له نزیكه‌وه به دواداچوونى بۆ بكه‌ین تا به وه‌ڵامه راسته‌كه بگه‌ین.
من دواى به‌دواداچوونێكى زۆر بۆ ئه‌م بابه‌ته گه‌یشتمه وه‌ڵامى خۆم. بابه‌تى گه‌شه‌پێدانى مرۆیى بووه‌ته زانستێكى قووڵ و فراوان، چیتر ناتوانین وه‌ك كۆمه‌ڵێ قسه و بیرۆكه‌ى به بریقه و ناواقیعى لێى بڕوانین. بۆیه ئێمه وه‌ك دهزگم هه‌وڵمان دا تێڕوانینى خوێنه‌ران بۆ بابه‌ته‌كانى گه‌شه‌پێدانى مرۆیى بگۆڕین و ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌یان لا دروست بكه‌ین بوارێكه پێویسته گرنگى پێ بدرێت.
گه‌وره‌ترین ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ى دێنه به‌رده‌م ده‌زگه‌كانى چاپكردن چین؟
ئاسته‌نگه‌كانى به‌رده‌م ده‌زگه‌كانى چاپ و بڵاوكردنه‌وه زۆرن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ریزبه‌ندیان بكه‌ین، به‌م شێوه‌یه‌ى خواره‌وه‌ى داده‌نێم:
1- شوێنى ده‌زگه و به‌شى فرۆشتن: گه‌وره‌ترین ئاسته‌نگ شوێنى گونجاوه بۆ ده‌زگه, له‌به‌رئه‌وه‌ى بازاڕى كتێب له‌و ئاسته نییه بتوانى كرێیهكى دوو سێ هه‌زار دۆلارى مانگانه پێ دابین بكرێ, بۆیه ناچار ده‌بیت له شوێنى دوور و په‌ڕگه هه‌روه‌ها بچووك ده‌زگه دابنێیت.
2- دابه‌شكردنى كتێب و گه‌یشتنى به‌ده‌ستى خوێنه‌ر: ئه‌م گرفته هیچى له گرفتى یه‌كه‌م كه‌متر نییه. چونكه مامه‌ڵه‌كردنى ده‌زگه و كتێبفرۆشه‌كان هۆكارێكى گه‌وره‌یه بۆ سه‌ركه‌وتنى كارى ده‌زگه‌كان. ئێسته كتێبفرۆشه‌كان ته‌نیا به‌گوێره‌ی فرۆشتن (ته‌سریف) و به داشكانێكى گه‌وره كتێب وه‌رده‌گرن، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات سه‌رمایه‌ى ده‌زگه له به‌ین بچێ و په‌رشوبڵاو ببێته‌وه كه كۆكردنه‌وه‌ى كاتێكى زۆرى ده‌وێ و به ئاسانیش به‌ڕێوه نه‌چێ. نابێ ئه‌مه وه‌ك گله‌ییه‌ك له كتێبفرۆشه‌كان هه‌ژمار بكرێت، چونكه ئه‌وانیش ده‌كه‌ونه ژێر قه‌رز و خه‌رجییه‌كى زۆره‌وه ئه‌گه‌ر وا ره‌فتار نه‌كه‌ن.
3- نه‌بوونى زمانى ستاندار و رێنووسێكى یه‌كگرتوو: نامه‌وێ ئه‌م بابه‌ته زۆر بورووژێنم، به‌ڵام به‌ڕاستى كێشه‌ى بۆ ده‌زگه‌كانى چاپ دروست كردووه.
4- هۆشیارنهبوونى خوێنه‌ر و شارهزانهبوونى له‌و بوارانه‌ى كتێبیان لێ ده‌كڕێت. زۆر جار ده‌زگه‌كان ئه‌وه‌نده رێكلام بۆ چاپكراوه‌كانیان ده‌كه‌ن كه وه‌ك فرۆشتنى كاڵایه‌كى تر‌ى ناڕۆشنبیرى ده‌ربكه‌وێت.
5) نه‌بوونى پاڵپشتى و هاوكارى حكوومه‌ت: له هه‌موو وڵاتانى دنیا حكوومه‌ت پاڵپشتى و هاوكارى ده‌زگه‌كانى چاپ و بڵاوكردنه‌وه ده‌كات. جا به به‌خشینى بودجه بێ یان كڕینى كتێب. حكوومه‌تى هه‌رێم هیچ جۆره پاڵپشتی و هاوكارییه‌كى ده‌زگه‌كان ناكات، ره‌نگه ده‌زگه هه‌بن له حكوومه‌ته‌وه یان به‌رپرسانى حكوومییه‌وه هاوكارى بكرێن, مه‌به‌ستم ئه‌وه نییه, به‌ڵام بوونى پلانێك بۆ هاوكاریكردنى ده‌زگه‌كانى چاپ و بڵاوكردنه‌وه له به‌رنامه‌ى كارى حكوومه‌ته یه‌ك له دواى یه‌كه‌كان نه‌بووه.
تۆ وه‌رگێڕ و نووسه‌ریت و له هه‌مانكاتیشدا خاوه‌ن ده‌زگه‌ى چاپى، ئه‌م به‌هره‌یه‌ى خۆت چه‌ند هۆكار بووه بۆ پێشكه‌وتنى كارى دهزگهكهت؟
هه‌موو ئه‌و شتانه ناو نابه‌م به به‌هره, چونكه نووسین و وه‌رگێڕان و به‌ڕێوه‌بردنى ده‌زگه شاره‌زایى و ئه‌زموونى پێویسته نه‌ك به‌هره. من له سه‌ره‌تاى نه‌وه‌ته‌كانه‌وه خوێنه‌رى رۆمانم، له ناوه‌ڕاستى نه‌وه‌ته‌كانیش هه‌وڵى نووسینى رۆمانم داوه و دواى چه‌ند ساڵێك كاره‌كه‌م ته‌واو كردووه. له‌و كاته‌وه تا ئێسته به‌دواداچوونم بۆ رۆمان كردووه جا خۆماڵى بن یان جیهانى، بێگومان ناتوانم بڵێم ته‌واو و سه‌د ده‌ر سه‌د ئاگاداریی رۆمانه‌كانى جیهانم، چونكه به‌هۆى ده‌ستخستنى بژێوى ژیان به‌كارى (پارێزه‌رییه‌وه) كاتێكى زۆرم بۆ نه‌ماوه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌و ئه‌زموون و به‌دواداچوونه بهردهوامانهمان رۆڵى هه‌بووه له پێشكه‌وتنى ده‌زگه‌كه‌مان، ئه‌وه نییه نزیكه‌ى 80 كتێبمان چاپ كردووه و نیوه‌ى زیاتریان كتێبى ناوازه و نوێن بۆ خوێنه‌رى كوردى زمان.
"با شاعیرێك بكڕین" ئه‌مه دوایین كارى تۆیه. ئایا ناوه‌ڕۆكى ئه‌م كتێبه باسی چى ده‌كات و هۆى هه‌ڵبژاردنى ئه‌م رۆمانه چییه؟
ناوه‌ڕۆكى ئه‌م كورته رۆمانه باس له گرنگى شیعر و خه‌یاڵ ده‌كات له رۆژگارێكى هاوشێوه‌ى رۆژگارى ئێمه كه نغرۆ بووه له چه‌مكه‌كانى بازاڕى ئازاد و به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك كه‌وتووه‌ته ژێر كاریگه‌ریى سه‌رمایه. له دنیاى ناو ئه‌م كورته رۆمانه هه‌موو شتێك بووه‌ته ژماره، له سۆنگه‌ى ژماره‌وه له هه‌موو شتێك ده‌ڕوانرێ. ئایا ئه‌و شته چه‌ند سوودى هه‌یه و چه‌ند قازانج ده‌داته ده‌سته‌وه. ئایا ئه‌م كاره چه‌ند خه‌رجى ده‌بێت و چه‌ند وزه‌ی گه‌ره‌كه. مرۆڤه‌كانى ناو ئه‌م رۆمانه كورته خه‌ریكى هه‌ژماردن و پێوانى سوود و قازانج و زیان و خه‌رجى هه‌موو شتێكى خۆیانن، چه‌مكه نامادییهكان بوونه‌ته قسه‌ى پڕوپووچ و بێ‌مانا و بێسوود، كه‌س گوێیان لێ ناگرێت.
ئه‌م ڕۆمانه له زۆر رووه‌وه باس له كۆمه‌ڵگه‌ى ئێمه ده‌كات، ئێمه هه‌رچه‌نده ماوه‌یه‌كى كه‌مه چه‌مكى بازاڕی ئازاد و ئابوورى سه‌ربه‌خۆ فێر بووینه گۆ بكه‌ین و هێشتا تێی نه‌گه‌یشتووین, پشتمان له شیعر كردووه، پشتمان له هه‌موو بواره‌كانى تری رۆشنبیرى كردووه، له ئاكامیش بووینه‌ته كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك كه باكمان به به‌ها مرۆیى و ره‌سه‌نه‌كانى خۆمان نه‌ماوه و ئه‌گه‌ر نه‌كه‌وینه خۆ، به یه‌كجارى ده‌ستبه‌رداریان ده‌بین. بۆیه به پێویستم زانى ئه‌م كتێبه بكرێته كوردى و بڵاو ببێته‌وه.
هه‌ندێك له ده‌زگه ده‌نگۆى ئه‌وه بڵاو ده‌كه‌نه‌وه باوى چاپكردنى رۆمان نه‌ماوه، تۆ له‌مباره‌یه‌وه چى ده‌ڵێی؟
ئه‌مه قسه‌یه‌كه ره‌نگه نه‌نگى بێت ئه‌گه‌ر كه‌سێكى به ئاگا له دنیاى رۆشنبیرى گوتبێتى، به‌ڵام ئه‌گه‌ر كه‌سێكى بێ‌ئاگا له رووى مندا بیڵێت، ئه‌وا رێنوێنیی ده‌كه‌م گه‌شتێك به‌ناو نوێترین چاپكراوهكانى ده‌زگه جیهانییه‌كان بكات، تا بۆى ده‌ربكه‌وێت رۆمان پڕفرۆش‌ترین كتێبه. رۆمان به‌رده‌وام له پێشكه‌وتندایه، هه‌م له رووى بابه‌ته‌وه و هه‌میش له رووى شێوازى گێڕانه‌وه. له‌م سه‌رده‌مه‌دا نووسینى رۆمان بووه‌ته زانستێكى گه‌وره و رۆماننووس به‌رده‌وام داهێنانى تێدا ده‌كه‌ن.
ئه‌گه‌ر به وه‌رگێڕانى چه‌ند سه‌د رۆمانێك بۆ سه‌ر زمانى كوردى (كه زۆربه‌شیان زیاتر له 100 ساڵه بڵاو كراونه‌ته‌وه) پێمان وابێ رۆمانمان ره‌ت داوه و ده‌بێ به‌دواى شتێكى تردا بگه‌ڕێین, ئه‌وا سه‌رمان له خۆمان شێواندووه و وڕێنه ده‌كه‌ین.
به‌وپه‌ڕى دڵنیاییه‌وه ده‌ڵێم نووسه‌رى كورد هێشتا واقیعیى سیحرى تێنه‌په‌ڕاندووه و هێشتا فێرى گێڕانه‌وه‌ى وێنه‌یى نه‌بووه، هێشتا شاره‌زایى ئه‌وه‌مان به‌ده‌ست نه‌هێناوه فه‌زای رۆمان بخوڵقێنین سه‌ربه‌خۆ بێ له نووسه‌ر خۆی و واقیعى خۆمان. دیسان به‌دڵنیاییه‌وه ده‌ڵێم هێشتا هه‌نگاوى یه‌كه‌ممان له دنیاى رۆمان‌دا هه‌ڵنه‌هێناوه.
بیلۆگرافیا:
ناو: عیماد حه‌سه‌ن محه‌مه‌د
پیشه: پارێزه‌ر
ئه‌م كتێبانه‌ى نووسیوه و وه‌رگێڕاوه:
•هاوارێك له شه‌وێكى ماندوودا. شیعر
•خهونهكان . شیعر.
•دووه‌م ئاره‌زووى فریوده‌ر . رۆمان. نووسین.
•رۆحه ماندووهكان. رۆمان . نووسین.
•كاتێ مه‌مك مرد. حه‌ننا مینا. رۆمان. وه‌رگێڕان.
•بوخچه‌ى كولیجه. كۆمه‌ڵه چیرۆك. نووسین.
•ئه‌فسانه‌ى عه‌شق. كۆمه‌ڵه چیرۆك. وه‌رگێڕان.
•سه‌ركه‌وتووه‌كان چۆن بیر ده‌كه‌نه‌وه. وه‌رگێڕان
•هه‌شت كۆمه‌ڵ چیرۆكى منداڵان وه‌رگێڕان.