عادل عەبدولمەهدی سەردانی توركیا دەكات

:: AM:11:21:11/05/2019 ‌

بەرپرسێكی وەزارەتی دەرەوەی توركیا ئاشكرای كرد، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەمزووانە سەردانی توركیا دەكات.

وەیسەڵ ئۆغڵو نوێنەری تایبەتیی توركیا بۆ كاروباری عێراق رۆژی سەردانەكەشی ئاشكرا كردووە و گوتوویەتی، رۆژی چوارشەم  15ی ئەم مانگە سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی وڵاتەكەی دەكات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای توركیا كۆ دەبێتەوە.

"مێهر نیوز" لەزاری سۆمەریە نیوز باسی لەوە كردووە كە عەبدولمەهدی لە سەردانەكەی چاوی بە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیاش دەكەوێت . ئۆغڵو گوتوویەتی عێراق و توركیا دراوسێی یەكترن و لە بواری وزە و ئاو پێویستییان بە دانوستان و گفتوگۆ هەیە.

جێی باسە پێ دەچێت ئەم سەردانە ئەوەندەی رەهەندی سیاسی و تەناهی هەبێت رەهەندی ئابووری نەبێت و هۆكارەكەش بۆ نەبوونی ئامادەكاری و پێشەكی رانەگەیاندنی سەردانەكە دەگەڕێتەوە.

سیاسەتی عادل عەبدولمەهدی لەوەتەی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراقی وەرگرتووە ئەوەیە، هاوسەنگی لە نێوان وڵاتان بپارێزێت و عێراق لە كێشە و ململانێیە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكان دوور بخاتەوە.

توركیا خوازیاری ئەوەیە لە پرسی سووریا و قەندیل، عێراق هاوكاری بكات و پێ دەچێت پرسی ئاو و وزە وەك كارتێكی گوشار بەكار بهێنێت.



وشە - سلێمان تاشان