نهێنی پێدانی ژمارە تەلەفۆنی ترەمپ بە ئێرانییەكان ئاشكرا دەبێت

:: PM:06:24:11/05/2019 ‌
سویسڕییەكان ژمارە تەلەفۆنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بە ئێرانییەكان دەدەن و پێیان دەڵێن، ترەمپ چاوەڕێی تەلەفۆنێكی ئێوە دەكات. ترەمپ رای دەگەیەنێ، ئەگەر پێوەندی بكەن ئەوا لەگەڵیان كراوە دەبم.

ئەمڕۆ شەموو تۆڕی هەواڵی "سی ئێن ئێن"ی ئەمەریكی رای گەیاند، كۆشكی سپی دەرفەتی ئەوەی بە ئێرانییەكان داوە ژمارە مۆبایلی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكایان بە دەست بگات ئەگەر ویستیان تەلەفۆنی بۆ بكەن.

سەرچاوەیەكی دیپلۆماسی قسەی بۆ "سی ئێن ئێن" كردووە دەڵێ، كۆشكی سپی پێوەندییان لەگەڵ بەرپرسانی سویسڕی بەستووە تا ژمارە تەلەفۆنی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بە ئێرانییەكان بدەن ئەگەر ویستی پێوەندی راستەوخۆیان هەبوو لەگەڵ ئەمەریكا.

قسەكانی ئەو دیپلۆماتكارە لە كاتێكدایە رۆژی پێنجشەمی رابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاند، دەمەوێت ئەوە لە ئێران ببینم، دەمەوێت ببینم كە تەلەفۆن دەكەن. زیاتر گوتی "پێویستە تەلەفۆن بكەن، ئەگەر ئەوە بكەن ئەوا لەگەڵیان كراوە دەبین".

دیپلۆماتكارەكە ئەوەشی ئاشكرا كردووە كە هێشتا ئێرانییەكان داوایان لە سویسڕییەكان نەكردووە ژمارەی دۆناڵد ترەمپ وەربگرن، سویسڕییەكانیش ژمارەكەی نادەن تا ئێرانییەكان داوای نەكەن.

ترەمپ پێنجشەمی رابردوو ئاماژەی بەوەدا كە واشنتن نایەوێت تاران چەكی ئەتۆم پەرە پێ بدەن، ئەگەریش لەگەڵ ئێمە گفتوگۆ بكەن و بگەین بە رێككەوتن ئەوا لە رووی ئابوورییەوە زۆر بە باشی دەگەشێتەوە.


وشە - فه‌رمان سادق