وێنە.. ڕێواس لە پێنجوێن نوێ بووەوە

:: PM:03:23:12/05/2019 ‌
لەدوای بارانبارینی بەردەوام، ئێستە رێواسی خۆماڵی كوێستانەكانی سنووری شارۆكەی پێنجوێن، بازاڕەكانی پڕ كردووە و خواستی زۆری لەسەرە.

ئارام بایز فرۆشیاری رێواس لە بازاڕی شارۆكەی پێنجوێن بە "وشە"ی راگەیاند، ئەگەرچی ساڵانە لەكاتی هاتنی وەرزی بەهاردا رێواس و خواردنە گیاییەكان لە سنووری پێنجوێن كە ناوچەیەكی شاخاوییە و بەتایبەتی لەكوێستانە بەرزەكاندا پێدەگەن، بەڵام ئەو رێواسەی ئێستە لە پێنجوێن هەیە و دەیفرۆشین، جیاوازی هەیە لەگەڵ ئەوەی ساڵانی رابردوو.

زیاتر گوتی، لە دوای بارانبارینی ئەم دوو رۆژی رابردووەی ناوچەكەمان، رێواسێكی زۆر لە بازاڕەكانی پێنجوێندا هەیە و ئەوەش وایكردووە خواستی یەكجار زۆری لەسەر بێت.

روونی كردەوە، رۆژانە لەلایەن گوندنشینان و ئەو كەسانەی توانایان هەیە دەچنە كوێستانەكان، رێواسمان بۆ دەهێنن و لێیان دەكڕینەوە و دواتریش هەر كیلۆیەك بە (1250 بۆ 1500) دینار بە هاووڵاتییان دەفرۆشین.

رێواس خواردنێكی بەهارییە و ساڵانە بۆ ماوەیەكی كورت لە ناوچە شاخاوییەكاندا هەیە، ئەوەی ئێستە لە پێنجوێن هەیە نوێبوونەوەی جارێكی تری ڕێواسە كە بە دەگمەن ئەوە ڕوو دەدات.

شارۆكەی پێنجوێن، نزیكەی 1200 مەتر لە ئاستی رووی دەریاوە بەرزە و خاوەنی چەندان خۆراك و گیای بەهارییە و یەكێكە لە ناوچە كوێستانییەكانی كوردستان و 96 كیلۆمەتر لەشاری سلێمانییەوە دوورە.

پێنجوێن/ رێبین پێنجوێنی

















وشە - سه‌رخێڵ هاشم