كچێكی 13 ساڵ بە دەستی برا 10 ساڵەكەی گیانی لەدەست دا

:: PM:12:28:13/05/2019 ‌
لە شارەدێی چوارقوەڕنەی دەڤەری ڕاپەڕین كچێكی تەمەن 13 ساڵ بەهۆی دەرچوونی فیشەك لەلایەن برا 10 ساڵەكەی گیانی لەدەست دا.

ئەمڕۆ دووشەم 13ـی ئایار، شۆڕش ئیسماعیل گوتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، شەوی ڕابردوو تەرمی كچێكی تەمەن 13 ساڵ بەناوی "ه . د" پیشەی خوێندكار دانیشتوی گوندی قەمتەرانی سەربە شارەدێی چوارقوڕنەی شارۆكەی ڕانیە هێنرایە نەخۆشخانەی گشتی ڕانیە.

گوتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین گوتی، تەرمەكە شوێنەواری یەك فیشەك بەسەر جەستەیەوە هەبوو، گواسترایەوە بۆ پزیشكی دادوەری ڕانیە و دوای ئەنجامدانی توێكاری بۆ تەرمەكەی ڕادەستی كەسوكاری كرایەوە.

ئاشكرای دەكات، بە گوتەی كەسوكاری، ڕووداوەكە لە كاتێكدا بووە كە براكەی بەناوی "م . د" تەمەن 10 ساڵ لە ماڵی خۆیان لەگوندی قەمتەران دەستكاری چەكی جۆری EM4 ی كردووە و لەوكاتەشدا فیشەكێك لە چەكەكە دەرچووە و بەر خوشكەكەی كەوتووە و بەم هۆیەوە گیانی لەدەستداوە.

زیاتر ڕوونی كردەوە، مەلەفی لێكۆڵینەوە بۆ ڕووداوەكە كرایەوە و لێكۆڵینەوە لە ڕوداوەكە بەڕدەوامە.




وشە - رامیار جەواد