ئیمارات ده‌ستى كردووه‌ته به لێكۆڵینه‌وه له رووداوى ته‌قاندنه‌وه‌ى چوار كه‌شتیه‌كه كه رۆژى یه‌كشه‌مى رابردوو رووى دا، هه‌ر چه‌نده تا ئێسته رووداوه‌كه به ئاڵۆز ده‌زانرێت، به‌ڵام چاوه‌ڕێ ده‌كرێت ئه‌نجامى لێكۆڵینه‌وه‌كان گرژیى زیاتر له ناوچه‌كه لێ بكه‌وێته‌وه.
ئاژانسى
فرانس پرێس ئه‌مڕۆ سێشه‌م له راپۆرتێك باس له رووداوى چوار كه‌شتیه‌كه ده‌كات و ده‌ڵێ "هێشتا ناڕۆشنى ده‌ورى رووداوه‌كه‌ى ته‌نیوه له‌وانه‌یه ئه‌م رووداوه ناوچه‌كه به‌ره‌و گرژیى زیاتر ببات و له جه‌نگێكى ده‌روونى ده‌چێت كه له نێوان ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكا و ئێران هه‌یه".
شاره‌زیان پێیانوایه ئه‌گه‌ر هاتوو له بڵاوكردنه‌وه‌ى ئه‌نجامى لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ى ئیمارات ده‌ركه‌وت ئێران له رووداوه‌كه تێوه‌گڵاوه ئه‌وا ئه‌م رووداوه زه‌نگى ئاگاداركردنه‌وه‌ى ئێران بۆ ئه‌مه‌ریكا كه تازه پێگه‌كانى خۆى له ناوچه‌ى كه‌نداو به‌هێز ده‌كات.
رۆژى یه‌كشه‌مى رابردوو ئیمارات راى گه‌یاند، چوار كه‌شتى بازرگانى فره ره‌گه‌ز رووبه‌ڕووى كردارى تێكده‌رانه بوونه‌ته‌وه له نزیك ئاوى ئێران، له به‌نده‌رى فوجه‌یره‌ى رۆژهه‌ڵاتى ئیمارات، ئه‌م وڵاته هیچ لایه‌ن و وڵاتێكى تۆمه‌تبار نه‌كرد و ته‌نیا ئه‌وه نه‌بێت رووداوه‌كه‌ى به "ترسناك" وه‌سف كرد و دووپاتیشى كرده‌وه كه لێكۆڵینه‌وه له رووداوه‌كه ده‌ستى پێ كردووه.
به‌ره‌به‌یانى رۆژى دووشه‌میش ده‌سه‌ڵاتدارانى سعوودیه رایان گه‌یاند، دوو كه‌شتى گواستنه‌وه‌ى نه‌وتى سعوودیه له به‌نده‌ره‌كه‌ى ئیمارات رووبه‌ڕووى هێرش بوونه‌ته‌وه، ئه‌م دوو كه‌شتیه‌یش له‌گه‌ڵ چوار كه‌شتییه‌كه‌ى به‌نده‌رى ئیمارات بوون.
هه‌ر هه‌مان رۆژ ئه‌نوه‌ر قه‌رقاش وه‌زیرى ده‌وڵه‌تى ئیمارات بۆ كاروبارى ده‌ره‌وه دووپاتى له سه‌ر ده‌سپێكى لێكۆڵینه‌وه‌كان كرد و له تویتێك نووسى "لێكۆڵینه‌وه به شێوه‌یه‌كى پیشه‌گه‌رى به‌ڕێوه ده‌چێت و دواتر ئه‌نجامه‌كانى روون ده‌بێته‌وه".
وه‌ك ده‌زانرێ ئیمارات و سعوودیه دوو هاوپه‌یمانى ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكان، ئه‌وان به‌شێوه‌یه‌كى به‌رده‌وام ره‌خنه له ئێران و پرۆگرامه ئه‌تۆمییه‌كه‌ى ده‌گرن، هه‌روه‌ها ئێران به تێكدانى سه‌قامكیرى وڵاتانى ناوچه‌كه و ده‌ستوه‌ردان له كاروباریان تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن.
ئه‌لێكس فانتاكا شرۆڤه‌كارى سیاسى له په‌یمانگاى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست له واشنتن ده‌ڵێ " له سایه‌ى هه‌ڵكشانى گرژییه‌كانى هه‌رێمه‌كه، له‌وانه‌یه ئامانجى هه‌ر ئۆپراسیۆنێكى ئێران له دژى ئیمارات و سعوودیه ئه‌وه بێت ئاگادارى ئه‌م دوو وڵاته بكاته‌وه كه جه‌نگ له‌گه ئێران ته‌نیا له سنوورى خاكى ئێران نابێت".
به‌ڵام چه‌ند سه‌عاتێك دواى بڵابوونه‌وه‌ى هه‌واڵى رووداوه‌كه‌ى ئیمارات، ئێران به فه‌رمى ره‌تى كرده‌وه هیچ رۆلێكى له رووداوه‌كه هه‌بێت، ته‌نانه‌ت ئیمارات و سعوودیه‌یش هیچ لایه‌نێكیان تۆمه‌تبار نه‌كرد و ورده‌كارى زیاتریان له سه‌ر رووداوه‌كه ئاشكرا نه‌كرد.
به‌رپرسانى ئێران بۆچوونى جیا جیایان له‌سه‌ر رووداوه‌كه هه‌بوو له‌وانه سه‌رۆكى لیژنه‌ى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى له په‌رله‌مانى ئێران راى گه‌یاند له‌وانه‌یه وڵاتێكى تر له پشت رووداوه‌كانه‌وه بێت و بیه‌وێ گرژیى زیاتر بخاته ناوچه‌كه.
عه‌باس مووسه‌وى گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئێرانیش له به‌یاننامه‌یه‌كدا گوتى " رووداوه‌كان جێى داخ و نیگه‌رانیین" ئه‌م به‌رپرسه‌ى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئێران دووپاتیشى كرده‌وه ده‌بێت لێكۆڵینه‌وه بكرێت بۆ ئه‌وه‌ى لایه‌نه‌كانى ده‌ره‌وه بدۆزرێنه‌وه كه ده‌یانه‌وێ كۆسپ بۆ كه‌شتیووانى كه‌نداو دروست بكه‌ن.
به‌رپرسێكى ئیماراتى له باره‌ى چوار كه‌شتییه‌كه هه‌ندێك زانیارى به ئاژانسى فرانس پرێس داوه، ده‌ڵێ دوو له كه‌شتییه‌كان ئاڵاى سعوودیه‌یان به‌سه‌ره‌وه بوو به ناویان "مه‌رزوقه" و " ئه‌مجاد" بووه، كه‌شتى سێیه‌م ناوى " ئاى میشیل" بووه ئاڵاى ئیماراتى به‌سه‌ره‌وه بووه، ئه‌وه‌ى چواره‌م ناوى "ئه‌ندریا ڤیكتۆرى" بووه ئاڵاى نه‌رویجى به‌سه‌ر بووه.
كۆمپانیاییه‌كى نه‌رویجیش له به‌یاننامه‌یه‌ك باس له رووداوه‌كه ده‌كات و ده‌ڵێ كه‌شتییه‌كه تووشى شكست بووه چونكه ته‌نێكى نامۆى به‌ركه‌وتووه.
ئایا ئه‌مه‌ریكا گومانى له ئێران هه‌یه؟
براین هۆك نێرده‌ى ئه‌مه‌ریكا بۆ كاروبارى ئێران له كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانى ئاماده نه‌بوو وه‌ڵامى ئه‌م پرسیاره بداته‌وه، هۆك ته‌نیا زانیارى ئه‌وه‌ى ئاشكرا كرد ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان له‌و لێكۆڵینه‌وانه به‌شدار ده‌بێت كه له سه‌ر رووداوى تێكیشكاندنى كه‌شتییه‌كان ده‌كرێت، دووپاتیشى كرده‌وه ئه‌مه له‌سه‌ر داواى ئیمارات بووه.
هاوشێوه‌ى رووداوه‌كه‌ى به‌نده‌رى فوجیره‌ى ئیمارات، ئه‌مڕۆ به‌رپرسانى سعوودیه رایان گه‌یاند دوو هێرش كراوه‌ته سه‌ر دوو وێستگه‌ى هه‌نارده‌كردنى نه‌وت له ناو خاكى سعوودیه، هاوشێوه‌ى رووداوه‌كه‌ى ئیمارات، به‌رپرسانى سعوودیه ته‌نیا رووداوه‌كه‌یان به تیرۆریستى ناوبردووه و هیچ وڵاتێكیان تۆمه‌تبار نه‌كردووه.
له كاتێكدا چاودێرانى سیاسى چاوه‌ڕوانى ئه‌نجامى لێكۆڵینه‌وه‌ى ئیمارات ده‌كه‌ن، له ئه‌مه‌ریكا باس له‌وه ده‌كرێت چه‌ند پلانێكى شه‌ڕ به نووسینگه‌ى دۆناڵد تره‌مپ كراوه، بۆ ئه‌وه‌ى تاوتوێیان بكات و بڕیاریان له‌سه‌ر بدات، هه‌روه‌ها چاودێرانى سیاسى ده‌ڵێن ره‌نگه جێبه‌جێكردنى به‌شێك له پلانه‌كانى شه‌ڕ به ئه‌نجامه‌كانى رووداوه‌كه‌ى ئیمارات وابه‌سته بكرێت.