ئاڵۆزییەكانی كەنداو نرخی نەوتی بەرز كردەوە

:: AM:10:47:15/05/2019 ‌

لە چەند رۆژی رابردوودا لە ناوچەی كەنداو كۆمەڵێك هێرش كراونەتە سەر دامەزراوە نەوتییەكان و بەو هۆیەشەوە نرخی نەوت رووی لە هەڵكشان كردووە.

بەگوێرەی dailyfx سەرلەبەیانی دوێنێ سێشەم هەر بەرمیلێك نەوت بە 70 دۆلار دەفرۆشرا، بەڵام ئێستە بە 71 دۆلار دەفرۆشرێت.

نوێترین هێرش كە كەرتی نەوتی كردبێتە ئامانج هێرشەكەی دوێنێ بوو بۆ سەر سعوودیە. سعوودیە ئاشكرای كردبوو لە رێی دوو فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانەوە هێرش كراوەتە سەر دوو وێستگەی گواستنەوەی نەوت لە پارێزگای دەوادم و عەفیف لە نزیك ریازی پایتەخت.

بەرپرسانی سعوودیە باسیان لەوە كردووە كە خەریكی لێكۆڵینەوە لەو هێرشەن. دوو وێستگەكە نەوتی سعوودیە لە كێڵگەكانی شەرقیە بۆ بەندەری یەنبی لە كەناری رۆژئاوا دەگوازنەوە. بەهۆی هێرشەكە وێستگەی ژمارە هەشت ئاگری تێبەر بوو و هەندێك زیانی بەدوای خۆیدا هێنا و دواتر كۆنترۆڵ كرا.

پێویستە بگوترێت لە چەند رۆژی رابردوودا هێرش كرایە دامەزراوەی نەوتیی ئیمارات و وەزیری وزەی سعوودیەش گوتوویەتی ئەم هێرشانە كراونەتە سەر هەموو دنیا چونكە ویستوویانە كێشە بۆ بازاڕی نەوت بهێننە كایەوە.

پێویستە بگوترێت ناوچەی كەنداو لە ژێر كاریگەریی هەڕەشەكانی ئێران و هاتنی هێزی ئەمەریكیی ئاڵۆز بووە و هێشتا دیار نییە چ لایەنێك لە پشتی ئەو هێرشانەوەیە.

پێشتر ئێران چەندان جار ئەوەی دووبارە كردووەتەوە ئەگەر رێ بە هەناردەی نەوتی ئێران نەدرێ، ئەوا ئەمەریكاش لە گەرووی هورمز كێشە دروست دەكات.



وشە - سلێمان تاشان