لە ماوەی دوو مانگدا 28 ژن لە رۆژهەڵاتی کوردستان خۆیان کوشتووە

:: AM:11:02:15/05/2019 ‌

لە شاری کامیارانی سەر بە پارێزگای سنە ژنێک کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا و بەپێی ئاماری رێکخراوێکی مافی مرۆڤ لە دوو مانگی رابردووەوە تا ئێستە لە رۆژهەڵاتی کوردستان زیاد لە 28ژن خۆیان کوشتووە.

ئەمڕۆ چوارشەم 15ی ئایار رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئاشکرای کردووە، ئێوارەی دوێنێ سێشەم لە شاری کامیاران ژنێک بەناوی ئیلهام مورادی بەهۆی کێشەی خێزانییەوە کۆتایی بە ژیانی هێناوە.

زیاتر روون کراوەتەوە، ئیلهام هاوسەری هەبووە و بەهۆی کێشەی خێزانییەوە لەناو ماڵەکەی خۆیدا خۆی هەڵواسیوە و کۆتایی بە ژیانی هێناوە.

رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە ئامارێکدا ئاشکرای دەکات، لە ماوەی دوو مانگی رابردوو خۆکوشنی ژنان لە رۆژهەڵاتی کوردستان رووی لە هەڵکشان کردووە، بە جۆرێک لە دوو رۆژ دا یەک ژن کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە و ئەوەیش بووەتە جێی نیگەرانی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و داکۆکیکارانی مافی ژنان لە رۆژهەڵاتی کوردستان.

ماڵپەڕی تایبەتی رێکخراوی هەنگاو بڵاوی کردووەتەوە، "بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ڕێكخراوەکەمان، لە سەرەتای وەرزی بەهار و لە ماوەی دوو مانگدا لانیکەم 28 ژن لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە کە بەوپێیە هەر دوو ڕۆژ ژنێک خۆی کوشتووە.



وشە - هیدایه‌ت جان